هەواڵ

فرۆشی یاری Resident Evil 7 ٥ ملیۆنی تێپەڕاند

یاری Resident Evil 7 توانی لە ڕۆژی دەرچوونییەوە لە مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ دا سەرکەوتنێکی زۆر بەدەست بهێنێت لە ڕووی دڵخوازبوون و هەروەها لە ڕووی فرۆشی یارییەکە، کۆمپانیای Capcom ڕایگەیاند لە ئۆکتۆبەری ڕابردوودا فرۆشی یارییەکە ٤ ملیۆنی تێپەڕاندبوو لە بازاڕە جیهانییەکاندا و ئاماژەشی بەوەدا کە فرۆشی یارییەکە لە زیادبووندایە. هەر لە دوای کەمتر لە شەش مانگ کۆمپانیاکە دووبارە هەستا بە ئاشکرا کردنی فرۆشی یارییەکە و دەرکەوت کە ٥ ملیۆنی تێپەڕاندووە وردتر بڵێین ٥.١ ملیۆنی لێ فرۆشراوە ئەویش لە ڕێگای Playstation 4 ،Xbox One، هەروەها بۆ کۆمپیوتەریش کە لە نێوانیاندا ٥٥٠ هەزار فرۆشی هەبووە لە کۆگای Steam ئەویش بە پێی ئاماری SteamSpy.

هەروەها ڕایگەیانراوە کە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار بەکارهێنەر هەستاون بە تاقیکردنەوەی یارییەکە لە ڕێگای چاویلکەی ژیری دەستکرد Playstation VR کە ئەویش تاقیکردنەوەیەکی نایابی ترسێنەر دەبەخشێت بە یارییەکە. کۆمپانیاکە وتیشی کە یاری “Resident Evil 7” لە ساڵی ٢٠١٨ دا نازناوی باشترین یاری “VR Audio”ی بەدەست هێناوە ئەویش لە ڕێگای “Game Audio Network Guild awards“، هەروەها ئەوەی شایەنی بیرخستنەوەیە سەرەڕای فرۆشی زۆری یارییە نوێیەکە بەڵام تاوەکو ئێستاش نەیتوانیوە بگاتەوە بە فرۆشی بەشی شەشەمی یارییەکە کە ئەویش تاوەکو ئێستا ١٠ ملیۆن فرۆشی هەبووە.

8 نیسان، 2018
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە و خوێندکارێکی یازدەی ئامادەییم، وەک نووسەرێک لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، ئامانجم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
58