ئەپ و نەرمەکاڵا 30, نیسان 2018

گرنگترین تایبەتمەندییەکانی وێبگەڕە نوێیەکەی ئۆپێرا بۆ سیستمی ئەندرۆید Opera Touch

 

کۆمپانیای ئۆپێرا لە ماوەی ڕابردوودا وێبگەڕێکی نوێی بڵاوکردەوە کە هەڵگری ناوی Opera Touch ـە بۆ مۆبایلەکانی کارکردوو بە سیستمی وەگەڕخەری ئەندرۆید کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی نوێ لەخۆ دەگرێت لە ڕووی ئاسانی بەکارهێنان و پارێزراوییەوە، هەروەها لە ڕێگەی ئەم بابەتەوە تۆی خوێنەر ئاشنا دەبیت بە تایبەتمەندییە ناوازەکانی ئەم وێبگەڕە.
ئامانج لە وێبگەڕی ئۆپێرا تەچ ئاسانترکردنی بەکارهێنانە بە بەراورد بە وێبگەڕەکانی تر هەر بۆیەش دیزاینێکی تایبەتی بۆ کراوە هەتاوەکو بتواندرێت بە تەنها دەستێک بەکاربهێندرێت، کۆمپانیای ئۆپێرا دەڵێت “بە پێی کۆمەڵێک لەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجاممان داوە لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی سیستمی ئەندرۆید لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەدا ٨٦% بەکارهێنەران بەلایانەوە پەسەندترە کە مۆبایلەکانیان بە تەنها دەستێک هەڵبگرن لە کاتی ئەنجامدانیان بۆ کاری تر لەوانەش لە کاتی خواردن یان پیاسەکردن یان بازاڕکردن هەر بۆیە ئێمەش وێبگەڕێکیان پێشکەش دەکەین کە بەهۆیەوە بتوانن کارەکانی ڕۆژانەیان ئاسانتر ئەنجام بدەن” وە ڕووکاری سەرەکی وێبگەڕەکە پێکهاتووە لە سێ بەش یەکەمیان بەشی History بۆ پیشاندانی لیستی گەڕانەکانت، بەشی دووەم Home کە هەڵدەستێت بە پیشاندانی پەنجەرەی گەڕان و لە تەنیشتیدا کۆمەڵێک لە ماڵپەڕە زۆر سەردان کراوەکان و هەڵبژاردەی گەڕان لە ڕێگەی نووسین یان دەنگ یان لە ڕێگەی وێنەوە، بەشی سێیەم My Flow کە تایبەتمەندییەکە لە ڕێگەیەوە دەتوانیت ماڵپەڕەکان بەشداری پێ بکەیت لە نێوان ئامێری مۆبایلەکەت و کۆمپیوتەرەکەتدا.

تایبەتمەندی My Flow
بە یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی وێبگەڕی ئۆپێرا تەچ دادەنرێت کە لە ڕێگەیەوە دەتوانیت ماڵپەڕەکان بەشداری پێبکەیت لە نێوان مۆبایل و کۆمپیوتەردا ئەویش لە ڕێگای کۆدی وەڵامدەرەوەی خێرا QR کە بە هۆیەوە دەتوانیت وێنە و ڤیدیۆ و ماڵپەڕەکان لە نێوان ئامێرەکانتدا بەشداری پێبکەیت بێ ئەوەی پێویست بکات ئیمەیڵە ئەلیکترۆنییەکەت داخڵ بکەیت.

تایبەتمەندی Fast Action Button
تایبەتمەندی ئەم دوگمەیە خۆی دەبینێتەوە لە کۆکراوەی کارە سەرەکییەکانی وێبگەڕ وەک ڕۆشتن لە ماڵپەڕێکەوە بۆ ماڵپەڕێکی دیکە یان دووبارە داگرتنەوەی ماڵپەڕ یان گەڕانەوە بەبێ ئەوەی پێویست بکات بەشی سەرەوەی ڕوونماکە دابگریت، ئەمەش بە پێچەوانەی زۆرێک لە وێبگەڕەکانی تر کە دەتوانیت لە ڕێیەوە وێبگەڕەکە بەکاربهێنیت لە کاتی هاتوچۆ کردنتدا و هەروەها ئۆپێرا گرنگییەکی زۆری داوە بە زیادکردنی تایبەتمەندی نوێ بۆ وێبگەڕە نوێیەکەی هەتاوەکو بەکارهێنەران زیاتر پارێزراو بن لە کاتی گەڕان و سەردانیکردنی ماڵپەڕەکان لەو تایبەتمەندییانەش ڕێگریکردن لە ڕیکلامە بێ متمانە و بێ کەڵکەکانە و هەروەها پاراستنی ئامێری بەکارهێنەر لە کرداری ماینین کە تیایدا ماڵپەڕەکان هەڵدەستن بە بەکارهێنانی ئامێرەکەت لە بەرهەمهێنانی دراوە ئەلیکترۆنییەکان، لە کۆتاییشدا و لە پاش تاقیکردنەوەم بۆ وێبگەڕەکە پێشنیارتان بۆ دەکەم کە تاقی بکەنەوە چونکە بە ڕاستی وێبگەڕێکی زۆر سەرکەوتوو و نایابە و لە ڕووی بەکاهێنانیشەوە زۆر ئاسانە و کارەکانی ڕۆژانەت بۆ ئاسانتر دەکات و لە ئێستاشدا ئەپەکە بۆ سیستمی ئەندرۆید و ویندۆز بەردەستە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا بەردەست دەبێت بۆ سیستمی ئای ئۆ ئێس.

بەستەری ماڵپەڕی ئۆپێرا بۆ داگرتنی ئەپڵیکەیشنی Opera Touch
https://www.opera.com/reborn2

تاگەکان opera Opera Touch Browser
بۆچوونەکان
بۆچونی تۆ