ئای ئۆ ئێس 2, ئایار 2018

بەفەرمی کۆمپانیای ئۆپێرا هەڵدەستێت بە ڕاگرتنی ئەپی Opera VPN بۆ سیستمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس


ئەگەر بەکارهێنەری ئەپی ڤی پی ئێنی کۆمپانیای ئۆپێرایت ئەوا لەمەوبەدوا پێویستە بگەڕێیت بە دوای جێگرەوەیەکدا چونکە بە فەرمی ئەپی Opera VPN لەسەر هەردوو سیستمی ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید ڕاگیرا، شایەنی باسیشە کە بڕیاری ڕاگرتنی ئەپی Opera VPN لە دوای دیارنەمانی ئەپەکەیە لە کۆگای گوگڵ پلەی لە ماوەی پێشووی ئەمساڵدا و بێ بوونی هیچ هۆکارێک، لەسەرەتادا کۆمپانیای ئۆپێرا دڵنیانەبوو لە هۆکاری سڕانەوەی ئەپەکە بەڵام لە دواتردا ڕوون بوویەوە کە هۆکاری سڕانەوەی ئەپەکە بەشێک بووە لە بە هەڵە تێگەشتنێک کە هۆکارەکەی جیابوونەوەی ئەپی Opera VPN ـە لە هەژماری ئۆپێرا کە لە پێشووتردا موڵکی کۆمپانیای SurfEasy بوو و لە پاشدا بووە بەشێک لە کۆمپانیای ئۆپێرا بەڵام پاش ماوەیەک بەو شێوە نەما.

سەرەتای دەست بەسەر داگرتنی کۆمپانیای SurfEasy لە لایەن ئۆپێراوە لە ساڵی ٢٠١٥ ـدا بوو کە لە پاشدا کۆمپانیاکە هەستا بە تێکەڵکردنی خزمەتگوزاری ڤی پی ئێن لەگەڵ وێبگەڕی ئۆپێرا بۆ کۆمپیوتەر و هەر لە دوای چەند مانگێگ لەوە کۆمپانیای ئۆپێرا هەستا بە بڵاوکردنەوەی ئەپی Opera VPN لەسەر سیستمی ئەندرۆید لە پاش ئەمەش SurfEasy وەک بەشێک لە کۆمپانیای ئۆپێرا نەما و وا دیارە بە نەمانیشی بووە هۆی بردنی خزمەتگوزاری ڤی پی ئێن لە کۆمپانیاکەدا و لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیش لەسەر ماڵپەڕی ئەپەکە کۆمپانیای ئۆپێرا ئاشکرای کرد کە هەڵدەستێت بە ڕاگرتنی ئەپی Opera VPN لە بەرواری ٣٠/٤ ـدا لەسەر سیستمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس، هەروەها سەبارەت بە بەکارهێنەرانی Opera Gold ئەوا پێویست بە نیگەرانی ناکات چونکە کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە ئەم بەشە لە بەکارهێنەران دەتوانن بەشداربوونێکی خۆڕایی بەدەست بهێنن بۆ ماوەی ساڵێک لە SurfEasy Ultra VPN کە خزمەتگوزارییەکی ڤی پی ئێنە و کۆمپانیاکە وەک جێگرەوەیەک پێشنیاری دەکات بۆ بەکارهێنەران هەتاوەکو بەکاریبهێنن، وە سەبارەت بەوانەی کە بەشدارییان کردووە لە Opera Gold ئەوا کۆمپانیای ئۆپێرا ڕایگەیاندووە کە ئەو بەکارهێنەرانە داشکاندنیان بۆ دەکرێت بە ڕێژەی لەسەدا ٨٠% لە خزمەتگوزاری SurfEasy Ultra VPN، هەروەها ئەم ڕاگرتنی ڤی پی ئێنە تەنها مۆبایلەکانی کارکردوو بە سیستمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس دەگرێتەوە و وێبگەڕی ئۆپێرای سەر کۆمپیوتەر ناگرێتەوە و خزمەتگوزارییەکە بەردەوام دەبێت لەسەریان.

تاگەکان opera Opera VPN
بۆچونی تۆ