ئاسایشی ئەلیکترۆنی
3, ئایار 2018
هاککەران لە دروستکردنی کلیلێک کە توانای کردنەوەی ملیۆنەها دەرگای ئوتێلەکانی هەیە سەرکەوتوو دەبن

یەکێک لە لایەنە باشەکانی بەکارهێنانی کارتی چوونەژووەرەوە لە ئوتێلەکاندا ئەوەیە کە ئەلیکترۆنییە و دەتوانرێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت، ئەمەش بە واتای ئەوەی ئەگەر بەکارهێنەر کارتی چوونەژوورەوەی تایبەت بە خۆی ون کرد یان لە بارێکدا کارتەکە لەناوچوو ئەوا دەتوانرێت بە ئاسانی بگۆڕدرێت و هەروەها دەشتوانرێت کارتی چوونەژوورەوەی تایبەت بە ژوورێک گۆڕانکاری تێدا بکرێت و بۆ ژوورێکی دیکە بەکاربهێندرێت بەڵام لایەنی خراپی ئەم کارتانە لەوەدایە کە دەتوانرێت هاک بکرێت، کە ئەمەش دەرکەوت لە ماوەی پێشوودا لە لایەن ٢ لێکۆڵەری ئاسایش ئەوانیش Tomi Tuominen و Timo Hirvonen کە توانیان کەلێنێکی ئاسایشی مەترسیدار بدۆزنەوە لەو کلیلە ئەلیکترۆنیانەی کە بەرهەمدەهێنرێت لە لایەن کۆمپانیای VingCard کە بە گەشەپێدەری سەرەکی و دانەری سیستمەکانی قوفڵی ئوتێلەکان دادەنرێت.

بە بوونی ئەم کەلێنەش هاککەران دەتوانن کلیلێکی ئەلیکترۆنی سەرەکی دروست بکەن لە ماوەی چەند خولەکێکدا بۆ هاککردنی کارتەکان ئەوەشی کە پێویستە بۆ دروستکردنی ئەم کلیلە تەنها بەردەستبوونی کارتێکی چوونەژوورەوەی ئاسایی ئوتێلەکەیە تەنانەت ئەگەر ماوەکەشی بەسەر چووبێت. وە بە پێی وتەکانی لێکۆڵەری ئاسایش Tomi Tuominen و F-Secure لە بارەی ڕێژەی بەکارهێنانی سیستمەکانی کۆمپانیای VingCard پێشبینی دەکرێت کە کاریگەرییەکی مەترسیداری هەبێت لەسەر ملیۆنەها دەرگا چونکە سیستمەکانی VingCard بەردەستە لە ١٦٦ دەوڵەت و بە لایەنی کەمەوە لە ٤٠,٠٠٠ باڵەخانەشدا بەکاردەهێنرێت. بەڵام هەواڵە دڵخۆشکەرەکە لێرەدا ئەوەیە کە کۆمپانیای F-Secure کەلێنە ئاسایشییەکەی ئاشکرا نەکردووە و بە نهێنی هێشتوویەتییەوە و هەستاوە بە پەیوەندیکردن بە کۆمپانیای VingCard و چۆنێتی قۆستنەوەی کەلێنەکەی پیشان داون و لە ئێستادا هەردوو کۆمپانیاکەش دەستیان کردووە بە کارکردن لەسەر پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە و چارەسەرکردنی کێشەکە.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.