ئاسایشی ئەلیکترۆنی

ئامێری دەنگدانی دوێنێ و هەڕەشەی هاککردن تا چەند ڕێی تێ دەچێت؟

وەک دەزانین دوێنێ ۱۲ـی ئایار، دەنگدان لە سەرتاسەری عێراق ئەنجامدرا وە بۆ یەکەمجار ئامێری زیرەک و تەکنەلۆژیا لەم نێوەندەدا بەکارهات. لەم بابەتەدا ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو ئامێری دەنگدانە دەکەین کە ناوی PCOSـە.

ئامێری PCOS
سەرەتا ناوی ئامێرەکە کورتکراوەیە بۆ (Optical scan voting system) بە واتای (سیستەمی دەنگدانی پشکنین لە ڕێگەی ڕووناکیەوە) دێت. ئەو ئامێرەییە کە بۆ دەنگدان بەکاردێت و دەنگەکان دەخوێنێتەوە لەسەر بنەمای نیشانکردنی پێنووسی دار یاخود پێنووسی تایبەت لەسەر لاپەڕەیەکی تایبەت. دروستکەری ئەم ئامێرە SmartMaticـە و ناوێکی زانستی بە ئامێرەکە بەخشیووە کە SAES-1800ـە. سمارت ماتیکیش کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژییە و لەساڵی ۲۰۰۰ دامەزراوە و لەلایەن Lord Malloch Brownـەوە خاوەنداریێتی دەکرێت.

وێنەی لۆرد.

ئامێری PCOS بەشێوەیەک دەنگەکان دەخوێنێتەوە کە هاوشێوەی ئامێری LOTTOـیە. پێویستە لەسەر پسولەیەکی تایبەت بە پێنووسیێکی تایبەت یان پێنووسی دار خانەیەکی نیشان بکەیت و بیخەیتە نێو ئامێرەکە، ئامێرەکەش ئەو ژمارە دەخوێنێتەوە کە تۆ نیشانت کردووە.

بڵاوکردنەوەی داتا لە ئامێری PCOS

ئامێری PCOS دەتوانێت زانیارییەکان بگوازێتەوە واتە توانای Data Transmittingـی هەیە، لەدوای دەنگدان ئەو زانیارییانەی کە ئامێرەکە کۆیکردوەتەوە دەتوانرێت بگوازرێتەوە بۆ ڕاژەی سەرەکی هاوشێوەی ئەوەی کە تۆ نامەیەک بۆ مۆبایلێک دەنێریت. چەند ڕێگایێکی تر هەن بۆ گواستنەوەی زانیاری و داتاکان کە یەکەمینیان بریتییە لە (GSM Transmission) کە هاوشێوەی SMSـە. ڕێگای دووەم بریتییە لە تۆڕی کۆمپیوتەر یان تۆڕی ڕووبەری ناوچەیی (LAN)، کە هاوشێوەی ئەو ئینتەرنێتانەن کە لەلایەن کۆمپانیاکانی مۆبایل بەردەست کراون. ڕێگایەکی تریش بریتییە لە گواستنەوە بەهۆی مانگی دەستکردەوە (Satellite transmission) کە  بۆ ڕووبەرە دوورەکان بەکاردێت. وە ڕێگای کۆتایش بریتییە لە گواستنەوەی بەهۆی فلاشێکەوە (USB) کە لەئامێرەکەوە زانیارییەکان لەبەر دەگیریێتەوە و دواتر بەهۆکارەکانی گواستنەوە دەگوازرێتەوە.

هۆکارەکانی پاراستنی ئامێری PCOS لە هاک و دزەپێکردنی زانیارییەکان

ئەم ئامێرە چەند چینێکی پاراستنی هەیە کە وا دەکات ئامێرەکە پارێزراو بێت، کە چینەکانیش:
۱. کلیلی ئاسایش، بۆ پاراستنی لەکردنەوە.
۲. داتای نهێنی، کە بە بەرزی AES 256-bit لە ئەلگۆریزم کە ستاندەردێکی بەکۆدکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنییە و بۆ تێپەڕبوون لێی پێویستت بە 262,700,000,000 (کیلۆوات/کاتژمێر) کارەباییە لە ماوەی یەک ساڵ!
۳. بوونی Redundant Storage، بەرلەوەی لە ئامێرەکە زانیارییەکان دەربچێت بەهۆکارەکانی سەرەوە، ئامێرەکە خۆکارانە وێنەیەک لەو دەنگانەی کە ژماردویەتی لەم شوێنە هەڵدەگرێت و پاشان دەست دەکات بە ناردنی زانیارییەکان و ئەم Redundant Storageـە سودی ئەوەی دەبێت کە ئەگەر هەر کێشەیەک لە داتای گوێزراوە یان هەڵگیراو هەبێت پشتی پێ دەبەسترێت بۆ ڕێککردن و چاککردنەوەی.

دزەپێکردنی زانیارییەکان و هاککردنی ئامێری PCOS

وەک هەر ئامێرێکی تری ئەلکترۆنی بێگومان ئەم ئامێرەش دەتوانرێت لەلایەن کەسی شارەزا و لێهاتووەوە هاک بکرێت، بەڵام کارەکە گرانە بەهۆی ئەم چینە پاراستنانەی کە باسمان کردن.  بەڵام ئەگەر کرا و توانرا هاک بکرێت زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت دەنگەکان ببیندرێت لەڕێگای مایکرۆسۆفت وێردەوە بەهۆی ئەوەی کە ئەم ئامێرە زانیارییەکان بەپاشگری docx هەڵدەگرێت. وەک لەسەروە باسمان کرد کە ئامێرەکە لەرێگای LANـەوەش دەتوانرێت بگوازرێتەوە کە لەم نێوەندەشدا دەتوانرێت زانیارییەکان دەستکاری بکرێن وە هۆکاری گواستنەوەی زانیارییەکانیش بەهۆی میمۆری کاردەوەش هۆکارێکی ترە بۆ هاککردن گەر لەکاتی گواستنەوەی بەدەستی کەسێکەوە بێت دەتوانێت زانیارییەکان بگۆڕێت. هێشتاش دەڵێین بەشێوەیەکی گشتی هاککردنی ئەم سیستەمە کارێکی سەختە.

شایەنی ئاماژە پێکردنەکە، کە ئامێرەکە کێشەی تیدا هەیە ئەویش Cheatـە واتە فێڵکردن لە ئامێرەکە نەوەک دەستکاری کۆدەکان ئەویش بەگۆڕینی شێوەی ئەو پسوڵەوە دەکرێت. لەڕاستیدا ئەم ئامێرە لە ساڵی ۲۰۱۰  کێشەیەکی وای بۆ دروستبوو کە دەتوانرا ئەو پسوڵە تایبەتەی کە ناوی پاڵێوراوەکانی لەسەربوو بگۆردرێت و ڕێکخستنی ئامێرەکەش بەهەڵە بیخوێنێتەوە، بەڵام ئەمە چارەسەرکرا.

تێبینی: ئێمە زانیاری وردمان لەسەر ئەو ئامێرە نییە کە لە عێراق بەکارهاتووە و لە کوێوە هاتووە و چۆن دروست کراوە، لەبەرئەوە ئەمەی سەرەوە زانیارییەکی گشتییە و تەنها بۆ بەرچاو ڕوونییە.

13 ئایار، 2018
ئاڤاتار
هەرزەکارێک و خوێندکارێکم، خولیام بۆتە تەکنەلۆژیا، هەوڵئەدەم وەکو نووسەرێک لە رێگایی کەی ئای تی ئێنەوە زانیاری بە ئێوە ببەخشم، زیاتر گرنگی بە سیستەمی کارپێکەری ئەندرۆید و یارییە ئەلیکتڕۆنیەکان ئەدەم، نەوەک بە تەنها من بەڵکو تەواوی ستافی کەی ئای تی ئێنیش تەنها ئامانجمان گەیاندنی زانیارییە بە خوێنەرانمان بە زمانی شیرینی کوردی.
14