هەواڵ 19, ئایار 2018

قوتابخانەیەکی چینی تەکنەلۆژیای ناسینەوەی ڕووخسار بەکاردەهێنێت بۆ زانینی ڕادەی هۆشیاری خوێندکاران

لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی چین هەستاوە بە دانانی تەکنەلۆژیای ناسینەوەی ڕووخسار لە وڵاتەکەیدا ئەمەش بووەتە هۆی پاراستنی باری ئاسایشی وڵاتەکە و زیاتر جێگیر بوونی لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ئەم تەکنەلۆژیایەوە کار ئاسانییەکی زۆری کردبوو و دەتواندرا لە ڕێگەیەوە تاوانبارەکان بە شێوەیەکی خێراتر بدۆزرێنەوە، لە ئێستاشدا وا دیارە کە قوتابخانەکانیش دەیانەوێت پشت بە تەکنەلۆژیای ناسینەوەی ڕووخسار ببەستن بە ئامانجی زانینی ڕادەی هۆشیاری خوێندکاران لە کاتی وانەکاندا، وە بە پێی ماڵپەڕی Hangzhou.com ـی سەر بە حکومەتی چینی قوتابخانەی هانگچوی ناوەندی ژمارە ١١ لە ڕۆژهەڵاتی چین هەستاوە بە جێگیرکردنی تەکنەلۆژیای ناسینەوەی ڕووخسار بۆ زانینی ڕادەی هۆشیاری خوێندکاران لە کاتی وانەکاندا و بەم مەبەستەش ٣ کامێرا لە بەشی پێشەوە و لەسەر تەختەی وانە وتنەوە جێگیر کراون، هەروەها لە سیستمەکەدا ٧ شێوازی ڕووخسار جێگیر کراون هەتاوەکو بزاندرێت کە ئایا منداڵەکان سەرنج دەدەن بە وانەکان، ئەگەر لە حاڵەتێکدا خوێندکار گرنگی بە وانەکە نەدات ئەوا ئامێرەکە هەڵدەستێت بە پیشاندانی ئاگادارییەک لەسەر تەختەی وانە وتنەوە بەڵام هەتاوەکو ئێستا ئەم تەکنیکە تەنها لە یەک پۆلدا تاقی کراوەتەوە لەوانەیە لە داهاتوودا و بە هاتنی وەرزی هاوین لە پۆل و قوتابخانەکانی دیکەشدا جێگیر بکرێن.

لە بارەی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایەشەوە خوێندکارێک بە ماڵپەڕی Hangzhou.com ـی ڕاگەیاندووە کە ئەو لە پێشووتردا ئارەزووی بە وانەکان نەکردووە و تەمەڵ بووە و لەوانە بووە خەوتبێتیش بەڵام لەو ساتەوەی کە کامێراکان لە پۆلەکەدا دانراون ناتوانم و ناشوێرم کە بێ ئاگابم لە وانەکان چونکە کامێراکان هاوشێوەی چاوێکی نادیارە کە بەردەوام چاودێریت دەکات، هەر لەم بارەیەشەوە بەڕێوبەری قوتابخانەکە وتی کە جێبەجێ کردنی ئەم ڕێگایە لە قوتابخانەکاندا دەبێتە هۆی باشتر کردنی پڕۆسەی خوێندن و یاریدەدەرێکی باشیش دەبێت بۆ مامۆستاکان، لە کۆتایدا ڕای خۆت بڵێ سەبارەت بەم شێوازە ئەگەر ڕۆژێک لە کوردستاندا جێبەجێ بکرێت و بە هۆیەوە هەوڵ بدرێت پڕۆسەی خوێندن پێش بخرێت.

بۆچونی تۆ