ئای ئۆ ئێس 5, حوزه‌یران 2018

ئەپڵ بە فەرمی iOS 12ـی بە تایبەتمەندی Memoji و Siri Shortcuts و Group Facetime Calling و زیاتریش نمایشکرد

وەکو چاوەڕوان دەکرا، ئەمڕۆ لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی جیهانی گەشەپێدەرانی ئەپڵ بۆ ساڵی ٢٠١٨ واتە WWDC18 ئەپڵ بە فەرمی iOS 12ـی نمایش کرد. لەگەڵ ئەم وەشانەدا ئەپڵ چەندین تایبەتمەندی و چاکسازی لە سیستەمەکە ئەنجام داون. بفەرموون لە خوارەوە یەک بە یەک بە کورتی ئاماژە بە هەر یەکێک لە نوێکاری و چاکسازییەکان دەکەین.

١- Performance, Performance, Performance واتە چوستی، چوستی، چوستی

لەسەرەتای دەستپێکی کۆنگرە کرێگ فێدرێگی زۆر جەختی لەوە کردەوە لە iOS 12 دا کار لەسەر چوستی سیستەمەکە کراوە و بە تەواوی خێراترکراوە. ئەمەش بەتایبەت لەسەر ئایفۆن و ئایپادە مۆدێل کۆنەکان و فێدرێگی ئاماژەی بەوەدا کە کردنەوەی ئەپەکان ٤٠% خێراتر کراوە و تەختەکلیلی سیستەمەکە ٥٠% خێراتر دەردەکەوێت لەچاو جاران و هەروەها کردنەوەی کامێرا ٧٠% خێراتر کراوە. ئەپڵ کار لەسەر چاکسازی کردن دەکات لەسەر تەواوی ئامێرەکانی ئای ئۆ ئێس بەتایبەت کاتێک کاری سەختیان لەسەر ئەنجام دەدرێت.

٢- Screen time

دیارە ئەپڵ دەیەوێت بەکارهێنەرانیان ژیانێکی تەندروست بژین و هاوسەنگی لە نێوان ژیان و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دروست بکەن. ئەمەش لەڕێگەی Screen Time دەبێت و بەهۆیەوە بەکارهێنەر دەتوانێت بزانیت چەند کاتی لەسەر ئامێرەکە بەسەر بردووە. ئەمە جگە لەوەی ئەم بەسەربردنی کاتە هاوپۆلکراوە بەگوێرەی بەشەکانی وەکو گەیم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و …هتد. وە هەروەها کام لە ئەپەکان زۆرترین ئاگاهی واتە نۆتیفیکەیشنت بۆ دەنێرێت. شایەنی باسە Screen Time هەفتانە پوختەی بەکارهێنانی ئامێرەکەت بۆ دەنێریت بۆ ئەوەی وریا ببیتەوە لە زۆر بەکارهێنانی ئامێرەکەت.

هەروەکو ئەندرۆید پی لە iOS 12 دا توانای سنوردارکردنی کاتی بەکارهێنانی ئەپەکانت هەیە لە ڕێگەی Screen Time. ئای ئۆ ئێس خۆکارانە ئاگادارت دەکاتەوە کاتێک کە نزیک دەبیتەوە لە کاتی دیاریکراو بۆ هەر یەک لە ئەپەکان. پەیامی “time’s up” دێتە سەر ڕوونما بەڵام کە ویستت زیاتر ئەپەکە بەکاربهێنیت ئەوە دەتوانیت کاتەکەی درێژ بکەیتەوە. جێگەی باسە هەمان سیستەمی سنوردارکردنی کات بۆ بەشی Parental Controls جێبەجێ کراوە بۆ ئەوەی دایباب توانای دەست بەسەرداگرتنی ماوەی بەکارهێنانی ئامێرەکانیان هەبێت لە لایەن منداڵەکانیانەوە.

٣- Grouped Notifications

ئەمە هەنگاوێکە دەبوایە ئەپڵ زۆر دەمێک بووایە جێبەجێ کردبایە بەڵام ئەوەتا بۆ دواجار iOS 12 پشتگیری گروپکردنی نۆتیفیکەیشنەکان واتە ئاگاهییەکانی بۆ زیادکرا. بەمەش لەمەودوا کاتێک کۆمەڵێک ئاگاهیت لە هەمان ئەپڵکەیشنەوە بۆ دێت دەتوانیت گروپیان بکەیت و بەیەکجار لایان بەریت. هەروەها ئەپڵ کۆنتڕۆڵی زیاتر دەداتە بەکارهێنەران لەسەر ئەوەی کام لە ئەپەکان بتوانێت لەرزە واتە Vibrate لە مۆبایلەکەت لێ بدات لەکاتی هاتنی ئاگاهی لەم ئەپەوە. وە هەروەها ئاگاهییە بێ دەنگەکان واتە Quiet Notifications تەنها لە سەنتەری ئاگاهییەکان واتە Notification Center دەردەکەون و لەسەر شاشەی قوفڵ دەرناکەون.

٤- ئەنیمۆجی نوێ بە پشتگیری لە جوڵەی زمان

بێگومان لەو کاتەوەی ئەپڵ ئەنیمۆجی ڕاگەیاندووە بووەتە باسی پێگە تەکنەلۆژییەکان. ئەوەتا لەگەڵ iOS 12 چەند ئەنیمۆجییەکی تر لەوانە پڵنگ و کوالە و خێو (گۆست) و چەند دانەیەکی تریش بۆ لیستی ئەنیمۆجییەکان زیادکراون و ئەمە و زیادکردنی پشتگیری بۆ جوڵەی زمانیش بۆ ئەنیمۆجییەکان!

٥- میمۆجییەکان: ئیمۆجی تایبەت کە دەتوانرێت وا دروست بکرێن نزیک لە بەکارهێنەر خۆی بن.

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو ڕاگەیاندنی میمۆجییەکان بوو لە کۆنگرە. میمۆجییەکان هاوشێوەی ئەنیمۆجین بەڵام خۆت دروستی دەکەیت لەسەر شێوەی خۆت بە بوونی بژاردەی دەموچاو و ڕەنگی قژ و چەندین شتی تر. لە ڕاستیدا شتێکە هاوشێوەی بیتمۆجی سناپچات و کاراکتەرەکانی Miiـیە لە نێنتێندۆ.

٦- پەیوەندی گروپی لە فەیستایم

بەکارهێنەرانی فەیستایم دەمێکە بە تامەزرۆوە چاوەڕوانی پەیوەندی گروپین بۆ فەیستایم. ئەوەتا ئەپڵ لەگەڵ iOS 12 دا پەیوەندی گروپی بەردەست دەکات کە تا ٣٢ کەس دەتوانن لە یەک کاتدا پەیوەندی بگرن. جێگەی باسە ئەمە لەسەر ماک و ئایپاد و ئایفۆن و ئایپۆد بەردەست دەبێت.

٧- ئەزموونی باشتری Augmented Reality

لەگەڵ iOS 12 ئەپڵ بەهاوکاری لەگەڵ پیکسار فایل فۆرماتێکی نوێیان دروست کردووە بەناوی USDZ کە تایبەتە بەو ئەپانەی کە کار بە Augmented Reality دەکەن. جێگەی باسە ژمارەیەک لە کۆمپانیای وەکو ئەدۆبی و ئۆتۆدێکس و سکێچ فاب پێشتر پشتگیری خۆیان ڕاگەیاندووە و ئەپ گەلێک بەرهەم دەهێنن کە پشتگیری لەم جۆرە فایلە بکەن.

٨- ئەپی Messure

تایبەتمەندی پێشکەوتووی Augmented Reality لە iOS 12 ڕاستەوخۆ لە کۆنگرە لە ڕێگەی ئەپێکی نوێی ئەپڵ بەناوی Messure واتە پێوانە نمایشکرا. بۆ نمونە دەتوانیت بە ئاسانی لە ڕێگەی کامێراوە پێوانەی تەنەکان بکەیت زۆر بە ئاسانی و بە چەند هەنگاوێکی کەم.

٩- ARkit 2

دیارە ئەپڵ دەیەوێت جیهانی ڕاستی خەیاڵی Augmented Reality لەڕێگەی iOS 12 ـەوە دەست بەسەردا بگرێت. بەمەش ARkitـی نوێکردووەتەوە و توانستی ئەوەی داوە بە بەکارهێنەران کە لە یەک کاتدا دوو بەکارهێنەر ئەم ئەزموونە تاقی بکەنەوە.

١٠- ئەپی Photos

ئەپی فۆتۆس لە iOS 12ـدا پێشنیاری گەڕانت بۆ دەکات. هەروەها تابێکی نوێی بەناوی For You بۆ زیادکراوە کە پێشنیاری فیلتەر و کاریگەریت بۆ دەکات کە لەوانەیە خوازیار بیت بەسەر وێنەکانتدا جێبەجێیان بکەیت. لەڕاستیدا ئەم هەنگاوەی ئەپڵ بۆ ئەوەیە کە کێبەرکێی فۆتۆسی گووگڵ بکات و لەگەڵ ئەو هەنگاو بنێت.

١١- سیری بەڕووی ئەپی زیاتر کرایەوە

ئەپڵ بانگەشەی ئەوە دەکات کە سیری بەناوبانگترین یاریدەدەری کەسییە و لەم سۆنگەیەشەوە لەگەڵ iOS 12 ئەپڵ ڕێگە بە گەشەپێدەران دەدات کە Shortcut دروست بکەن و لەڕێگەیانەوە سیری ئەرکەکان خێراتر جێبەجێ بکات.

١٢- ئەپی Shortcuts

لەڕێگەی ئەپی Shortcuts کە پەیوەستە بە سیرییەوە، ئەپڵ ڕێگەی بۆ بەکارهێنەران خۆشکردووە تا چەندین فرمان کە بەکارهێنەران خۆیان ڕێکی دەخەن لەڕێگەی ئەم ئەپەوە پاڵپشت بە سیری ئەنجامیان بدەن. ئەمەش بەهەمان شێوە وەکو ئەو کارەیە کە لە ئێستادا گووگڵ و ئەمەزۆن پێوەی سەرقاڵن بەڵام پێم وایە بوونی ئەپێکی تایبەت واتە شۆرتکەست وا دەکات بەکارهێنەران ئەم تایبەتمەندییە نوێیە لەگەڵ iOS 12 تاقی بکەنەوە.

١٣- سەکۆی CarPlay هەر یەک لە گووگڵ ماپس و وەیزی پێدەگات

ئەپڵ لەمیانەی کۆنگرەکە ڕایگەیاند کە سەکۆی بەکارهێنراو لە ترومبێلدا پشتگیری بۆ گووگڵ ماپس و وەیز بۆ زیاد دەکرێت ڕاستەوخۆ لەدوای بەردەست بوونی iOS 12.

١٤- ئەپڵ نیوز Apple News

ئەپی هەواڵی ئەپڵ هەندێک گۆڕانکاری لاوەکی تێدا ئەنجامدران و بەشێکی نوێی بەناوی Browse بۆ زیادکراوە.

١٥- ئەپی بۆڕسە Stock سەر لەنوێ دیزاین کراوەتەوە.

لە دوای چەندیین ساڵ، ئەمڕۆ ئەپڵ ئەپی بۆرسەی نوێکردەوە و لەگەڵ نوێکردنەوەش بۆ ئایپاد بەردەست دەبێت. سەرەڕای ئەوەی کە ئەپڵ نیوز واتە هەواڵی ئەپڵیشی لەگەڵ تێکهەڵکێشکراوە بە مەبەستی زیاتر ئاگاداربوون لە ڕەوشی گۆڕانکاری بۆڕسە.

١٦- ئەپی Voice Memos دووبارە دیزاینکراوەتەوە و هەروەها بۆ ئایپادیش بەردەست دەبێت.

ئەپڵ ڕایگەیاند کە ئەپی تۆمارکردنی دەنگ بەناوی Voice Memos سەر لە نوێ دیزاین کراوەتەوە و بۆ ئایپادیش بەردەست دەکرێت. وە هەروەها پشتگیری iCloud Syncing دەکات تا هەرچی تۆمارکراوی دەنگیت هەیە لە ئایکلاود دایبنێیت و بەمەش بە یەک جار تەواوی دەنگەکانت لەسەر هەموو ئامێرەکانی ماک و ئایپاد و ئایفۆن و ئایپۆد بەردەست دەبن.

١٧- ئایبووکس دەبێتە ئەپڵ بووکس

ئەپڵ دووبارە ئەپی ئایبووکسی نوێکردووەتەوە و ناوەکەی گۆڕیوە بە ئەپڵ بووکس. لەگەڵ وەشانی نوێی ئەپڵ بووکس بەشێک بەناوی Reading Now زیادکراوە تا بە ئاسانی بگەڕێیتەوە بۆ ئەو لاپەڕە و کتێبانەی کە لە خوێندنەوەیاندایت و بە ئاسانی دووبارە دەست بە خوێندنەوەیان بکەیتەوە.

ئەمە پوختەیەک بوو لەو تایبەتمەندییە سەرەکیانەی کە بۆ ئای ئۆ ئێس ١٢ لە کۆنگرەی WWDC18 لەلایەن ئەپڵەوە نمایشکران. جێگەی باسە لە ئێستاوە وەشانی تاقیکاری بۆ گەشەپێدەران بەردەست و وەشانی گشتی و جێگیر لە پایزی ئەمساڵ وەکو جارانی پێشوو بۆ هەموو بەکاهێنەران بەردەست دەبێت. وە هەروەها جێگەی خۆشحاڵییە iOS 12 لەسەر هەمان ئەو ئامێرانە کاردەکات کە iOS 11 پشتگیری دەکردن واتە ئەم ئامێرانەی خوارەوە:

تاگەکان Apple iOS12 iPad iphone iPod WWDC18
بۆچونی تۆ