ئەپڵ

ئەپڵ بە فەرمی macOS Mojave 10.14ـی بە تایبەتمەندی Dark Mode و Stacks و Group Facetime و زیاتریش نمایشکرد

ئەپڵ بە فەرمی وەشانێکی نوێی لە ماک ئۆ ئێس بەناوی مۆهاڤێ لە کۆنگرەی جیهانی گەشەپێدەرانی ئەپڵ ٢٠١٨ نمایشکرد. ئەم وەشانە دەکاتە macOS Mojave 10.14 و لەگەڵ خۆیدا چەندین تایبەتمەندی و چاکسازی هێناوە، لەوانە Dark Mode و Stacks و Group Facetime و … هتد. لەخوارەوە بە کورتی ئاماژە بە گرنگترینیان دەکەین.

١- دۆخی تاریک Dark Mode

لەگەڵ وەشانی مۆهاڤێ تەواوی سیستەمەکە بە پەنجەرە و گشت ئەپەکانییەوە دۆخی تاریکیان بۆ زیادکراوە. واتە ئەمە وەکو پێشتر نییە تەنها تاکسباڕ و هەندێک لەبەشەکانی سیستەمەکە تاریک بێت بەڵکو تەواوی سیستەمەکە و ئەپەکانی وەکو Mail و Messages و Maps و Calendar و Photos دۆخی تاریک لەخۆیان دەگرن. ئەمە جگە لەوەی مۆهاڤێ تایبەتمەندی Dynamic Desktopـی بۆ بەردەست کراوە بەوەی کە لەگەڵ کاتەکانی ڕۆژ پاشبەمای سەر دێکستۆپ دەگۆڕێت، بۆ نمونە لەگەڵ بەیانی پاشبنەمایەکە و لەگەڵ دوانیوەڕۆ دانەیەکی تر و لەگەڵ شەویش دانەیەکی ترە.

٢- رومێز و فایندەر (Desktop & Finder)

بێگومان زۆرێک لە ئێمە بەو ئاڵۆزیەیی کە زۆرجار لەسەر روومێز واتە دێسکتۆپی کۆمپیوتەرەکانمان هەیە بێزاردەبین. بەڵام ئەپڵ لەگەڵ وەشانی ماک ئۆ ئێس مۆهاڤێدا تایبەتمەندی Stacksـی نمایشکرد کە خۆکارانە هەرچی فایل و بوخچەی سەر ڕوومێزی کۆمپیوتەرەکەت هەیە ڕێکیان دەخات و لە هاوپۆلی خۆیان دایان دەنێت. بۆ نمونە وێنەکان بۆ هاوپۆلی وێنە و دۆکیومێنتەکان بۆ هاوپۆلی دۆکیومێنتەکان و بەم شێوەیە بۆ جۆرە بوخچە و فایلەکانی تریش. لە هەمان کاتدا Stacks دەتوانرێت بە پشت بەستن بە ڕێکەوت یان تاگەکان ڕێکبخرێن.

سەبارەت بە فایندەر، ئەپڵ دیمەنی پێشاندانی Gallery View بۆ زیادکردووە کە بوخچە و فایلەکان بە شێوەیەکی گەورەتر لە چاو دیمەنەکانی تر دەخاتە ڕوو لەگەڵ بوونی سایدباڕێک بۆ پێشاندانی وردەکاری دەربارەی هەر یەک لە بوخچە و فایلەکان. سەرباری ئەوەی ئەپڵ Quick Actionsـی بۆ فایندەر زیادکردووە کە لەڕێگەیەوە کرداری خێرای وەکو کردنە پی دی ئێفی چەند فایلێک و هەروەها دانانی Whatermark و چەندین کرداری تری پێ ئەنجام دەدرێت.

گۆڕانکارییەکی تری ڕیشەیی بریتییە لە Quick Look. لە وەشانی مۆهاڤێدا ئەپڵ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە کویک لووکی ماک ئۆ ئێسدا کردووە و هەندێک ئامرازی بەگوێرەی جۆری فایلەکان زیادکردووە. بۆ نمونە بۆ پی دی ئێف کاتێک دوگمەی Markup لێ دەدەیت ئەوا چەند ئامرازێک دەردەکەون بۆ دانانی ئیمزا و دەستکاری کردنی پی دی ئێفەکە. بەهەمان شێوە بۆ جۆرە فایلەکانی تری وەکو وێنە و ڤیدیۆ و … هتد.

٢- هەر یەک لە ئەپەکانی News و Stocks و Voice Memos و Home

لە ماک ئۆ ئێ مۆهاڤێدا، ئەپەکانی هەواڵ News و بۆرسە Stocks و تۆمارکردنی دەنگ Voice Memos و ماڵەوە Home بۆ یەکەمجار بۆ سیستەمەکە بەردەست کران. بێگومان لەڕێگەی ئەپی هەواڵی ئەپڵەوە بەکارهێنەران دەتوانن شوێن سەرچاوە دڵخوازەکانی خۆیان بۆ هەواڵ بکەون و بە شێوەیەکی سەرەنج ڕاکێش هەواڵ بخوێننەوە. هەروەها لەڕێگەی ئەپی ماڵەوە Home بەکارهێنەران دەتوانن کۆنتڕۆڵی ئامێرەکانی ماڵەوە بکەن، بۆ نمونە کوژاندنەوە و هەڵکردنی ڕووناکییەکان و گەرمی و چەندین شتی تر کە پشت بەستووبێت بە HomeKit.

شایەنی باسە، لەگەڵ ئەم ئەپانە ئەپی تۆمارکەری دەنگ Voice Memos بۆ ماک ئۆ ئێس مۆهاڤێ بەردەست کرا کە لەڕێگەیەوە دەتوانرێت یادەوەرییەکان بە دەنگ تۆمار بکەیت و هەوەها کۆبوونەوە و وانە و چاوێکەوتن و چەندان شتی تر کە بەهۆی تایبەتمەندی نوێی iCloud Syncing دواتر لەسەر هەموو ئامێرەکانی وەکو ئایفۆن و ئایپاد و ماکی تر بەردەست دەبن و دەتوانیت گوێیان لێ بگریتەوە.

هەروەها ئەپڵ ئەپی بۆرسە Stocksـی بۆ ماک ئۆ ئێس مۆهاڤێ بەردەست کرد و لەمەودوا بەکارهێنەران جگە لەسەر ئای ئۆ ئێس دەتوانن لەسەر ماک ئۆ ئێسیش چاودێری بۆرسە بکەن.

٣- پەیوەندی گروپی بۆ فەیستایم Facetime Group Calling

دوای چاوەڕوانیەکی زۆر، ئەپڵ لە کۆتایدا تایبەتمەندی پەیوەندی دەستەیی واتە گروپی بۆ فەیستایم زیادکرد و تا ٣٢ کەس دەتوانن لە یەک کاتدا پەیوەندی بگرن. ئەم تایبەتمەندییە جگە لەسەر ماک ئۆ ئێس لەسەر ئایفۆن و ئایپاد و ئایپۆدیش بەردەستە و هەروەها لەڕێگەی ئەپڵ وۆچیش بە دەنگ دەتوانن بێنە ناو پەیوەندییە گروپییەکە.

٤- ماک ئەپستۆر سەر لە نوێ دیزاینکراوەتەوە

لە کاتی ڕاگەیاندنی ماک ئۆ ئێس مۆهاڤێدا، ئەپستۆریش بەدەر نەبوو لە نوێکارییەکان و ئەویش سەرتاپای نوێکراوەتەوە و پشتگیری دۆخی تاریک دەکات. لە ساڵی ٢٠١١ـەوە تا ئێستا ماک ئەپستۆر گەورەترین سەرچاوەی ئەپەکانی ماک بووە بە لەخۆگرتنی سەتان ئەپی نایاب لە گەشەپێدەری بەناوبانگەوە و جێگەی متانەوە.

ماک ئەپستۆر بەشی Discoverـی بۆ زیادکراوە کە لەوێوە نوێترین و گرنگترین چیرۆکەکان دەربارەی ئەپەکان و نوێکارییەکان دەخرێنە ڕوو. شایەنی باسە چەندین ئەپ لە لایەن کۆمپانیاکانی وەکو مایکرۆسۆفت و ئەدۆبی و چەندانی تریش دەخرێنە ئەپستۆری ماکەوە، لەوانە ئۆفیسی ٣٦٥ و ئەدۆبی لایترووم. وەکو هەمیشە بەکارهێنەران دەتوانن ئەپەکان لە ئەپستۆری ماک دابگرن کە ئەپڵ دڵنیایی کردووەتەوە لە سەلامەتی و ئاسایشی هەر یەک لەو ئەپانە.

٥- هەندێک گۆڕانکاری تر…

  • گۆڕانکاری لە شێوەی گرتنی وێنەی ڕوونما (شاشە) بە زیادکردنی چەندین ئامرازی وەکو دەستکاریکردنی وێنەکە لەدوای گرتنی و هەروەها زیادکردنی تۆمارکردنی ڕوونما بە ڤیدیۆ.
  • تایبەتمەندی Continuty Camera کە ڕێگە بە بەکارهێنەرانی ماک دەدات ڕاستەوخۆ وێنە لە ئایفۆنەکانیانەوە بگرن و بیخەنە ناو ئەپێکی بۆ نمونە وەکو Page.
  • ئامرازەکانی Markup لەگەڵ Finder و Quick Look و Screenshots تێکهەڵکێشکراون. بەمەش ئاسانکاری بۆ بەکارهێنەر کراوە کە دەستکاری پەڕگەی وێنە و ڤیدیۆ و پی دی ئێف و چەندانی تر بکات و سەرەنج و کۆمێنت لەسەریان بنوسێت و گۆڕانکاریان تێدابکات.

سەبارەت بە کاتی بەردەست بوونی ماک ئۆ ئێس مۆهاڤێ، ئەوا وەشانی تاقیکاری بۆ گەشەپێدەران لەمڕۆوە بەردەستە و گەشەپێدەران دەتوانن لە developer.apple.com دەستی بخەن. وە وەشانی تاقیکاری گشتی واتە Public Beta لە کۆتایی ئەم مانگە بەردەست دەبێت و بەکارهێنەران دەتوانن لە beta.apple.com دەستی بخەن.

شایەنی باسە وەشانی گشتی و جێگیری ماک ئۆ ئێس مۆهاڤێ لە پایزی ئەمساڵ بۆ ئەو ماکانەی کە لە ناوەڕاستی ٢٠١٢ بەدواوە بەرهەمهێندراون لەگەڵ ماک پڕۆی ٢٠١٠ و ٢٠١٢ بەردەست دەبێت.

5 حوزه‌یران، 2018
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا وەرگێرم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
726