مایکرۆسۆفت 18, ته‌مموز 2018

مایکرۆسۆفت وەشانی هەشتەمی لە سکایپ بڵاوکردەوە

بێگومان ڕۆژێک لە ڕۆژان سکایپ سەرەکیترین سەکۆی گفتوگۆی ڤیدیۆیی بوو، بەڵام بەداخەوە ئەم ڕۆژانە گوزەشتن و کۆتاییان پێ هات. ئەمە هەرچەندە هێشتا مایکرۆسۆفت بە هیوایە و بەردەوام کار لەسەر باشترکردن و بەردەستکردنی تایبەتمەندی نوێ دەکات بۆ سەکۆی سکایپ. ئەوەتا وەشانی هەشتەمی بۆ کۆمپیوتەر بەردەست کرد و تێێدا ڕووکارەکەی هاوتاکردووە لەگەڵ مۆبایل و لەگەڵ زیادکردنی چەند تایبەتمەندییەکی نوێ. بێگومان ئەوانەی تا ئێستا وەشانی حەوتەمی سکایپ بەکاردێنن پێویستە تا مانگی ٩ سکایپەکەیان بەرزکردبێتەوە بۆ وەشانی ٨.

ئەمانەی خوارەوە هەندێک لە تایبەتمەندییەکانن:

  • پەیوەندی HD خۆڕایی بە تایبەتمەندی هاوبەشیکردنی ڕوونما واتە Screensharing
  • بەهێزکردن و باشترکردنی شێوەی چاتکردن لەگەڵ بەرامبەر بە بەردەستکردنی چەندین ئامراز
  • گۆڕینی ڕووکارەکەی و نزیککردنەوەی لە ڕووکاری ئەپی سکایپی مۆبایل

ئەو تایبەتمەندیانەیشی بەمزووانە بەردەست دەبن:

  • پەیوەندی تایبەتی بە کۆدکراو
  • تۆمارکردنی پەیوەندییەکان
  • بانگێهشکردنی پڕۆفایل
  • بەستەر واتە لینک بۆ گروپەکان
  • پێدانی دۆخی خوێندنەوەی پەیامی نێردراو
  • ناردنی فایل تا ٣٠٠ مێگابایت.

لە ڕاستیدا گرنگترین گۆڕانکاری لە وەشانی ٨ بریتییە لە گۆڕینی ڕووکارەکەی بۆ شێوەی یەک پەنجەرەیی. بە شێوەیەکی تر، زۆر زۆر نزیککراوەتەوە لە ڕووکاری ئەپی سکایپی مۆبایل. بەڵام ئەوانەی بە شێوە کۆنە فرە پەنجەرەییەکە ڕاهاتوون بێگومان کەمێک بەم ڕووکارە نوێیە بێزار دەبن.

ئەوەیشی کە جێگەی داخە وەشانی ٧ تا مانگی ٩ بەردەستە و پێویستە گشت بەکارهێنەران سکایپەکانیان بەرزبکەنەوە بۆ وەشانی ٨، چونکە لە ١ی ٩ـەوە تاکە وەشان دەبێت کە چالاک و ئیش بکات.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ