تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 18, ته‌مموز 2018

چەند پرسیار و وەڵامێک لە بارەی (چاتفویڵ)ـەوە کە لەم نزیکانەدا دەبێتە پارە

چاتفوڵ سەکۆیەکە تایبەتمەندی بۆ پەڕەکان بەردەست دەخات تا خزمەتگوازییەکانی پێگەکە بەکاربهێنن بۆ مێسنجەری پەڕەکانییان بۆ ئەوەی بەشداربووانی پەڕەکان بە زووترین کات وەڵامی نامەکانیان وەربگرن.

چاتفیوڵ چی بەسەردێت؟ ئایا بۆتەکەم لە چاتفیوڵ دەمێنێتەوە؟ ئایا ڕادەگیرێت؟ چی بەسەر بەکارهێنەرەکانم دێت؟ ئەگەر پلان نەگۆڕم بۆ جۆری پڕۆ چی دەبێت؟ دەبێت چەند پارە بدەم؟ جگە لە پارەی مانگانە دەبێت باجی تر بدەم؟ ئایا لە دوای چاتفیوڵ چی بەکاربهێنم؟ ئایا دەتوانم وەک پێشوو بەردەوامبم لە بۆتەکەم؟

ئەو ماڵپەڕەی کە چەندین هەزار بۆتی مێسنجەر لە خۆ دەگرێت بە چەندین تایبەتمەندی جیاواز و نایابەوە ئەم دواییە بڕیاری دا بە گۆڕینی تایبەتمەندیەکانی پلانی خۆڕایی کە ئەم گۆڕانکارییە ڕەنگە ببێتە هۆکار بۆ داخران و وەستانی زۆربەی چاتبۆتەکان لە کوردستان و وڵاتانی دەرەوەش کە بەکارهێنەری چاتفیوڵن.

چاتفیوڵ چی بەسەردێت؟

چاتفیوڵ چەند گۆرانکاریەکی گەورە دەکات لە پلانی خۆڕایی و لە بەرواری ١ ی مانگی ٨ی ئەمساڵەوە جێبەجێ دەکرێن.

گۆڕانکاریەکان چین کە بەسەر پلانی خۆڕایی جاتفیوڵدا دێن؟

  • سنوور دادەنرێت بۆ بەکارهێنەران و هەر بۆتێکی خۆڕایی لە ٥٠٠٠ بەکارهێنەر زیاتری نابێت و هەر بەکارهێنەرێکی دواتر ناتوانێت بۆتەکە بەکاربهێنێت تا ئەوکاتەی بۆتەکە بەرزدەکرێتەوە بۆ پلانی پڕۆ.
  •  لۆگۆ و پێگەی چاتفیوڵ لەگەڵ نامەی بەخێرهاتن دەنێردرێت بۆ بەکارهێنەرانی بۆتەکە کە ئەمە نموونەیەکە لەو نامەی کە بۆ بەکارهێنەرە نوێکان دەنێردریت.

ئایا بۆتەکەم لە چاتفیوڵ دەمێنێتەوە؟ ڕادەگیرێت؟

بەڵێ هەموو بۆتەکان لە چاتفیوڵ دەمێننەوە و هیچیان ڕاناگیرێن تەنها گۆڕانکاریەکانی سەرەوەیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت واتا ئەگەر تۆ بۆتەکەت کەمتر لە ٥٠٠٠ بەکارهێنەری هەیە ئەوە بەکارهێنەری نوێ وەردەگرێت تا سنووری ٥٠٠٠ بەکارهێنەر و لەگەڵ نامەی بەخێرهاتن بۆ هەر بەکارهێنەرێک لۆگۆ و پێگەی چاتفیوڵ دەنێردرێت بۆیان هەرکات بەکارهێنەرت گەیشتە ٥٠٠٠ چیتر بەکارهێنەری نوێ ناتوانن بۆتەکەت بەکاربهێنن تا کاتێک بەرزی دەکەیتەوە بۆ پلانی پڕۆ.

ئەگەر بۆتەکەم خۆی لە ٥٠٠٠ بەکارهێنەر زیاتری هەبوو چی لێ بەسەردێت؟ بەکارهێنەرەکانم لە دەست دەچێت یان دەمێننەوە؟

ئەوکاتە تەنها ٥٠٠٠ بەکارهێنەر کە تۆماربوون دەتوانن بۆتەکەت بەکاربهێنن و بەکارهێنەری نوێ ناتوانێت بۆتەکە بەکاربهێنێت تا کاتێک بەرزیدەکەیتەوە بۆ پلانی پڕۆ.

ئەگەر پلان نەگۆڕم بۆ پڕۆ چی دەبێت؟

پلان نەگۆڕیت بۆ پڕۆ بۆتەکەت سنوورەکانی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و هی کێشەیەکی نابێت و هەموو زانیارییەکانت دەمێنێت تەنها ئەوەیە کە لە ٥٠٠٠ کەس زیاتر ناتوانێت بەکاری بهێنێت.

پلانی پڕۆ چیە و چۆنە؟

پلانی پڕۆ پلانی پارەدانی چاتفیوڵە و لەم پلانە تۆ دەبێت پارە بدەیت بەرامبەر ئەو بەکارهێنەرانەی هەتە و چەندین خزمەتگوزاری تریشت بۆ چالاک دەکرێت.

دەبێ چەند پارە بدەم بۆ پلانی پڕۆ؟

بڕی پارەکە بە پێی ژمارەی بەکارهێنەران جیاوازە و بە پێی ژمارەی بەکارهێنەرەکانت پارە دەدەیت کە بە شێوەیەکی مانگانە و بەردەوام لێت وەردەگیرێت خۆکارانە لە کاردەکەت کەمدەکرێتەوە.

پارەدانەکان بەم شێوەیە:

  • ٠ بۆ ٥٠٠ بەکارهێنەر بڕی ١٥ دۆلار مانگانە.
  • ٥٠٠ بۆ ١٠٠٠ بەکارهێنەر بڕی ٢٠ دۆلار مانگانە.
  • ١٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠ بەکارهێنەر بڕی ٣٠ دۆلار مانگانە.
  • ٢٠٠٠ بۆ ٥٠٠٠ بەکارهێنەر بڕی ٥٥ دۆلار مانگانە.
  • ٥٠٠٠ بۆ ١٠٠٠٠ بەکارهێنەر بڕی ٨٥ دۆلار مانگانە.
  • ١٠٠٠٠ بۆ ١٥٠٠٠ بەکارهێنەر بڕی ١٢٠ دۆلار مانگانە.
  • ١٥٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠٠ بەکارهێنەر بڕی ١٥٠ دۆلار مانگانە.
  • ٢٠٠٠٠ بۆ ٢٥٠٠٠ بەکارهێنەر بڕی ١٨٠ دۆلار مانگانە.
  • بۆ زیاتر لە ٢٥٠٠٠ بەکارهێنەر پێویستە پەیوەندیان پێوە بکەیت تا نرخەکەت بۆ دیاریبکەن.

جگە لە پارەی مانگانە دەبێت باجی تر بدەم؟

بەڵێ ڕەنگە سەرت بسوڕمێت لە شێوازی پارەدانی چاتفیوڵ بەلام چاتفیوڵ پارەت لێوەردەگرێت ئەگەر مانگێک بەکارهێنەرت زیاد بکات و ئەو پارەیەش ناو دەنێت باجی ڕێککردنەوە.

باجی ڕێککردنەوە چۆن لێ وەردەگیرێت؟

با لێرەدا نموونەیەک بهێنینەوە.تۆ بۆتێکت هەیە ٥٠٠٠ بەکارهێنەری هەیە و ئەمڕۆ ١٧ / ٧ / ٢٠١٨ بڕیاردەدەیت پلان بگۆڕیت بۆ پڕۆ چونکە ٥٠٠٠ بەکارهێنەرت هەیە پێویستە ٥٥ دۆلار بدەیت. گریمان کات ڕۆیشت و بوو بە ١٧ / ٨ / ٢٠١٨ واتا دوای مانگێکی تەواو ئەو کاتە سەیرت کرد بەکارهێنەرت بووە بە ١٠٠٠٠ بەکارهێنەر کەواتە بۆ مانگی دووەم پێویستە تۆ ٨٥ دۆلار بدەیت چونکە بەکارهێنەرت گەیشتوەتە ١٠٠٠٠. بەڵام تۆ جگە لە ٨٥ دۆلارە پێویستە باجی ڕێککردنەوەش بدەیت کە دەکاتە (ئەو بڕەی ئەم مانگە پێویستە بیدەیت – ئەو برە پارەی کە مانگی پێشوو داوتە) ئەم مانگە پێویستە ٨٥ دۆلار بدەیت و مانگی پێشوو ٥٥ دۆلارت داوە کەواتە ئەگەر لەیەکیان دەربکەیت دەکاتە ٣٠ دۆلار باجی ڕێککردنەوە کەواتە ئەو مانگە ٨٥ دۆلار دەدەیت لەگەڵ ٣٠ دۆلاریش باجی ڕێککردنەوە هەمووی دەکاتە ١١٥ دۆلار واتا لە بەرواری ١٧ /٨/ ٢٠١٨ بڕی ١١٥ دۆلار دەدەیت.

ئایا لەدوای چاتفیوڵ چی بەکاربهێنم؟

چاتفیوڵ تا کاتێک بێسنوور بوو بەکارهێنەرانی خۆرایی بوو باشترین سەکۆی دروستکردنی بۆت بوو بۆ ئەپی مێسنجەر، بەڵام لە دواییە و بە گۆرانکاریکردن لە پلانی خۆڕایی وا دیارە کارەکەی پێچەوانە کردوەتەوە و لە ئێستادا ئەگەر هەژماری ئەو پارەیە بکەین کە پێویستە بدرێت برێکی زۆر زۆرە بەرامبەر بەکارهێنەرێکی ئێجگار کەم بۆیە لە ئێستادا باشترین جێگرەوە بۆ چاتفیوڵ ماڵپەڕی مەنیچاتە کە زۆرینەی تایبەتمەندیەکانی وێبسایتی چاتفیوڵ لەخۆدەگرێت و پلانی خۆڕایی هەیە کە بەکارهێنەرەکانی بێ سنوورە.

ئایا دەتوانم وەک پێشوو بەردەوامبم لە بۆتەکەم؟

بەڵێ دەتوانیت لە ماڵپەڕی مەنیچات بەردەوامبیت لە بۆتەکەت و هەمان ئەو تایبەتەندیانەی لە چاتفیوڵ بۆ بۆتەکەت داناوە لە مەنیچاتیش بەردەستی بکەیت.

ئایا بەکارهێنەرەکانم دەمێنێت؟

نەخێر کاتێک لە سەرچاوەیەکی ترەوە بۆتەکەت دروست دەکەیتەوە بەکارهێنەرەکانت نامێنێت چونکە سەرچاوە نوێیەکە زانیاری بەکارهێنەرەکانتی لانیە بەڵام هەرکەس نامە بنیرێت بۆ بۆتەکەت ئەگەر بەکارهێنەرێکی کۆنیش بێت دەبێتەوە بە بەکارهێنەر لات و دەگەڕێتەوە. واتا کارێکی ئاسانە کە بەکارهێنەرەکانت بە دەست بهێنیتەوە.

بۆچونی تۆ