10
ئەندرۆید 18, ته‌مموز 2018

گووگڵ بەهۆی ئەندرۆیدەوە سزای 5 بلیۆن دۆلار دەدرێت

گووگڵ ڕووبەڕووی سزایەکی ٤.٣ بلیۆن یۆرۆیی کە دەکاتە ٥ بلیۆن دۆلار بووەتەوە لەلایەن یەکیەتی ئەوروپاوە. بەپێی سەرچاوەکان ئەمە ژمارەیەکی پێوانەییە لە سەپاندنی سزا بەسەر کۆمپانیایەکی ئەم بوارە لە مێژوودا. دەگوترێت گووگڵ لە سێ ڕووەوە بازاڕی ئەندرۆیدی بە خەراپ بەکارهێناوە. گووگڵ هەریەک لە بزوێنەری گەڕانەکەی و گووگڵ کڕۆمی لەگەڵ سیستەمی ئەندرۆید تێکەڵکردووە. وە هەروەها گوایە گووگڵ هەندێک لەو کۆمپانیایانەی کە مۆبایل بەرهەمدەهێنن بلۆک واتە بەستکردبێت لە دانانی سیستەمی ئەندرۆیدی دەستکاریکراو، و “پارەی داوە بە هەندێک لە بەرهەمهێنەرە گەورەکان و کۆمپانیاکانی بواری پەیوەندی” تا بە تایبەت ئەپی Google Search لەناو مۆبایلەکانیاندا جێگیربکەن.

یەکیەتی ئەوروپا داوا لە گووگڵ دەکات کە کۆتایی بەو کارە نایاساییەی بهێنێت لە ماوەی ٩٠ ڕۆژ لە ڕۆژی بڕیاردانەکەوە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە پێویستە گووگڵ بوەستێت لە زۆریکردن لە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان لە دانانی ئەپەکانی کڕۆم و گووگڵ سێرچ لە مۆبایلەکانیاندا. وە هەروەها پێویستە گووگڵ چیتر کۆمپانیاکان بڵۆک واتە بەست نەکات لە بەکارهێنانی سیستەمی ئەندرۆیدی دەستکاریکراو، چونکە یەکیەتی ئەوروپا دەڵێت گووگڵ نەیتوانیوە هیچ بەڵگەیەک بەردەست بکات کە گوایە وەشانی دەستکاریکراوی ئەندرۆید ڕووبەڕووی کێشەی هونەری و پشتگیریکردن لە ئەپەکان هاتبێت.

شایەنی ئاماژەیە، گووگڵ دەڵێت ئەندرۆید بژاردەی زۆری بۆ هەمووان بەردەستکردووە، نەک کەمتر. هەر لەبەرئەوە، وتەبێژی گووگڵ لە وتەیەکیاندا بۆ زە ڤێرج دەڵێت “ئێمە داوای پێداچوونەوەی بڕیارەکەی یەکیەتی ئەورپا دەکەین.” وە گووگڵ یەکیەتی ئەوروپا ئاگاداردەکەتەوە بڕیاری لەو شێوەیە لەوەیە کاریگەری لە خۆڕایی بوونی سیستەمی ئەندرۆید بکات لە داهاتوودا.

ئەم لێکۆڵینەوەی یەکیەتی ئەوروپا لەدوای ئەوە دێت کە لە چەند ساڵی ڕابردوو بە وردی بەدواداچوونیان لە گلەیی و گازندەی ڕکابەرەکانی گووگڵ کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە گووگڵ بە شێوەیەک لە شێوەکان بازاڕی ئەندرۆید لەبەرژەوەندی خۆی بەکاردێنێت. بۆ نمونە FairSearch لە ساڵی ٢٠١٣ سکاڵای لە دژی گووگڵ کرد و ئەم گروپەش نۆکیا و مایکرۆسۆفت و ئۆراکڵی لەخۆی دەگرت.

بە کورتی بڕیارەکە زیاتر دەربارەی وەستاندنی گووگڵ لە تێکەهەڵکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانیەتی لەناو ئەندرۆیددا، وەک لەوەی گووگڵ ناچاربکەن لە گۆڕانکاری کردنی بەرچاو لە ئەندرۆیدا. وە پێویستە بەرهەمهێنەرانی مۆبایل ئازادبن لە دانانی ئەپەکانی کڕۆم و گووگڵ سێرچ لەناو سیستەمی ئەندرۆیدی جێگیرکراوی ناو مۆبایلەکانیان، وە نابێت زۆریان لێ بکرێت لە دانانی ئەو ئەپانە، هەروەها پێویستە ئازادبن لە دانانی ئەندرۆیدی دەستکاریکراو لەسەر هەر ئامێرێکی خۆیان.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ