رەقەکاڵا 28, ته‌مموز 2018

دوایین زانیارییەکان دەربارەی نەوەی نۆیەمی پڕۆسێسەرەکانی ئینتێل Core

پاش تێپەربوون و ڕاگەیاندنی نەوەی دووەمی ڕایزن لە ژێر ناوی +Zen یەکەمین چارەسەکەر (پڕۆسێسەر)ـی ناوەندی ١٢ نانۆمەتر، ئینتێل هەوڵدەدات کێبرکێی نێوان خۆی و AMDـی هاوسەنگ بکات و رێگری لە بەرەو پێشچوونی تیمی سوور بکات. کەواتە پێدەچێت تیمی شین دیاریەکی سەرسامکەری بۆ AMD ئامادەکردبێت؟ بەڵێ، بەڵام لەژێر ناوی کۆر ئای ٩!

دواین هەواڵەکان ئەوە دەخەنە ڕوو ئینتێل سەرقاڵی دروست کردنی چارەسەرکەرێک واتە پڕۆسێسەرێکی بەهێز و هەرزانە، خاوەنی ٨ ناوکە لەگەڵ پشتگیری کردنی HyperThreading. بەگوێرەی زانیارییەکان، بەرزترین خێرای خۆکاری چارەسەرکەرەکە دەگاتە ٥ گێگا هێرتز بۆ دوو ناوکی یەکەم، لەرەلەری هەر ٨ ناوکەکە بە نزیکی دەکاتە ٤,٧ گێگاهێرتز بە بەکارهێنانی ساردکەرەوەی شل واتە Liquid Cooling لە جۆری ٢٤٠ ملی مەتر.

لەڕاستیدا، ئەمە هەواڵێکی خۆشە بۆ هەوادارانی ئینتێل، چونکە ئەم چارەسەرکەرە ڕکابەرێکی سەرسەختی ڕایزن دەبێت. ئەمە لەکاتێکدا، نابێت نیگەرانی کڕیاران بەرامبەر بە خانەوادەی کۆر ئای ٩ فەرامۆش بکرێت بەتایبەت لە ڕووی نرخ و کێشەی گەرم بوونی! ئینتێل بیری لە رێگایەکی باش کردۆتەوە بۆ پشتگیری کردنی سۆکێتی LGA 1151 لە زنجیرەی Z390ـی Coffee Lake. بەم شێوەیە، دەتوانین بڵێین لە نەوەی داهاتوو لەگەڵ هەریەک لە چارەسەرکەری (کۆر ئای ٣، کۆری ئای ٥، کۆر ئای ٧) نەوەیەکی نوێ ڕوودەکاتە سەکۆی LGA1151.

جێگای باسە، چارەسەرکەری نوێی کۆمپانیای ئینتێل لە خانەوادەی کۆڕ ئای ٧ بە ناوی I7 9700Kـی خاوەن هەشت ناوک دەبێت بەڵام بە بێ بوونی تەکنەلۆژیای HyperThreading! ئەم هەواڵە جێگای بایەخە بەتایبەت بۆ ئەوانەی خولیای کاری مۆنتاژ و دەستکاری کردنی ڤیدیۆ و کارکردنن لەو پڕۆگرامانەی پێویستیان بە چارەسەرکەری بەهێز هەیە بە کەمترین تێچوو.

هەرچی دەربارەی کۆڕ ئای ٥ هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نەکراوە تەنها گرنگی زیاتر دراوە بە لەرەلەری تاک ناوکی لەگەڵ باشترکردنی بۆ یاری و پڕۆگرامەکانی وەک ئەدۆبی پریمیێر پڕۆ.

سەبارەت بەنرخی بەرهەمەکانی نوێی ئینتێل بە بەراورد بە نەوەی هەشتەم هەروەک خۆی دەبێت، واتە فشاری ڕایزن سیاسەتی کۆمپانیای ناوبراوی نەگۆڕیوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە زنجیرەی Z390 پشتگیری لە Z370 دەکات، واتە ئەوانەی پێشتر خاوەنی ئەم زنجیرەیە بوون، تەنها لە رێگەی نوێکردنەوەی وەشانی بایۆس دەتوانن سوودی لە بەرهەمە نوێیەکان وەربگرن.

فەرهەنگۆک:

  • Processor: چارەسەرکەر، ڕێکخەر
  • Liquid Cooling: ساردکەرەوەی شل
سەرچاوە :
تاگەکان Core intel
بۆچونی تۆ