بابەتی گرینگ
29, تهمموز 2018
زانیاری تەواو دەربارەی مۆبایلەکانی گوگڵ Pixel 3 و XL 3

دوای ئەوەی کۆمپانیای گوگڵ لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا ٢ مۆبایلی نایاب و هەرە پێشکەوتووی ڕاگەیاند بەناوەکانی (پێکسڵ ٢ وە پێکسڵ ٢ ئێکس ئێڵ) کە تا ئێستاش لەڕیزی باشترین مۆبایلەکانی جیهان دەژمێردرێن، ئێستاش گوگڵ دەیەوێت بەبڵاوکردنەوەی ٢ مۆبایلی تر لەهەمان زنجیرەی پێکسڵ زیاتر بازاڕی فرۆشتنی مۆبایلە زیرەکەکان بۆ خۆی بقۆزێتەوە و خەڵکیش سەرسام بکات بەتایبەتمەندییە نایابەکانی.
پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ گوگڵ ٢ مۆبایلی نوێ بەناوەکانی (پێکسڵ ٣ و پێکسڵ ٣ ئێکس ئێڵ) ڕابگەیەنێت، هەر بەگوێرەی زانیارییەکانیش گوگڵ بڕیاری داوە بۆ ئەمساڵ هاوشانی ئەو ٢ مۆبایلە نوێیە کاتژمێرێکی زیرەکیش ڕابگەیەنێت. گوگڵ دەیەوێت لەم ٢ مۆبایلە نوێیەدا چارەسەری ئەو کێشانە بکات کە لە مۆبایلەکانی ساڵی پار تووشی بوون وەک گەرمبوونی مۆبایلەکان لەگەڵ بوونی چەند کێشەیەک لەڕوونمای مۆبایلەکان.
ئەمانە دوایین زانیاری و پێشبینییەکانن دەربارەی ئەو ٢ مۆبایلە نوێیەی گوگڵ:
- بوونی ٢ کامێرای سێڵفیی، هەروەها بوونی ٢ بڵندگۆ لە بەشی پێشەوەی مۆبایلەکە و پەنجەمۆریش لە بەشی پشتەوە.
- بە پێی ئەوەی کەساڵی پار مۆبایلە نوێیەکانی زنجیرەی پێکسڵ لە مانگی تشرینی یەکەم (مانگی ١٠) ڕاگەیەنران، پێدەچێت ئەمساڵیش لەهەمان مانگدا ئەو ٢ مۆبایلە نوێیەی گوگڵ ڕابگەیەنرێن.
- یەکەمین مۆبایل دەبن کە بە وەشانی ئەندرۆید P کاربکەن.
- بەهۆی ئەوەی ئەندرۆید پی بەتەواوی پاڵپشتی نۆچ دەکات، بۆیە پێشبینی دەکرێت ڕوونمای ئەم ٢ مۆبایلە نوێیە نۆچ لە خۆبگرێت، هەرچەندە تاڕادەیەک بۆ گوگڵ زەحمەتە کە شوێن هەنگاوی کۆمپانیاکانی تر بکەوێت.
- پێدەچێت مۆبایلەکان پشتگیری لەبارگاوی کردنەوەی بێ تەل بکەن.
- هەرچی دەربارەی ڕووکاری مۆبایلەکانە، پێشبینی دەکرێـت هەمان ڕووکاری پێکسڵ ٢ ـیان هەبێت.
وێنەیەکی دزەپێکراوی پێکسڵ ٣ – سەرچاوە: XDA Developers
- بەپێی چەند زانیارییەک گوگڵ دەیەوێت نرخی پێکسڵ ٣ ی ئاسایی دابەزێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر ڕکابەری کۆمپانیاکانی تری بوارەکە بکات، بەڵام پێکسڵ ٣ ئێکس ئێڵ هەر بەنرخی خۆی دەمێنێتەوە ئەمەش بەهۆی ئەوەی خاوەن تایبەتمەندیی زیاتر دەبێت بەبەراورد لەگەڵ پێکسڵ ٣.
ئەنەس هاوار
هەوڵدەدەم بۆ باشترکردنی ڕەوشی تەکنەلۆژیا لەکوردستان و هۆشیارکردنەوەی خەڵکیی لەڕێگەی هەواڵ و زانیاری تەکنەلۆژیی.