بابەتی گرینگ 2, ئاب 2018

نۆکیا، هەڵسانەوە و گەشەکردنی دوای کەوتنێکی کاتیی

ئاشکرایە ساڵانێکی زۆر بەر لەئێستا و بەر لەدروستبوونی بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی تایبەت بەمۆبایلی زیرەک، نۆکیا گۆڕەپانی مۆبایلی بۆ خۆی داگیرکردبوو، خەڵکێکی زۆریش لەکوردستان ئاشنای بەرهەمەکانی نۆکیا بوون و بەکاریان دەهێنا.

بەڵام دواتر و دوای داهێنانەکانی ئەپڵ و سامسۆنگ و کۆمپانیاکانی تر ئیدی نۆکیاش لەگەشەکردن وەستا و کەوتە ڕیزی دواوەی کۆمپانیاکانەوە، ئەمەش بۆ ماوەیەکیی باش بەردەوام بوو.

بەڵام دوو ساڵ بەر لەئێستا کۆمپانیای HMD خاوەندارێتی نۆکیای گرتەدەست و دوای دوو ساڵ توانیی ببێتە یەکێک لە ١٠ کۆمپانیا یەکەمەکان لەڕووی فرۆشتنی مۆبایلی زیرەک لەسەر ئاستی جیهان. بەگوێرەی کۆمپانیای Counterpoint ی تایبەت بەلێکۆڵینەوەی فرۆشگەکان، HMD توانیویەتی ٤.٥ ملیار دانە لەمۆبایلە زیرەکەکانی کۆگا بکات لەماوەی چارەگی دووەمی ئەمساڵ، ئەمەش بەمانای ئەوە دێت کە کۆمپانیاکە بەڕێژەی %782 گەشەی کردووە بەبەراورد لەگەڵ هەمان چارەگی ساڵی پار.

بێگومان هۆکاری ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاگەیاندنی چەند مۆبایلێکی ئاستبەرز و مامناوەند بەنرخێکی گونجاو کە ديارترینیان (Nokia 8، Nokia 6) ـن، کۆمپانیاکە توانی تا ڕادەیەک سەرنجی بەکارهێنەران و فرۆشگەکان ڕابکێشێت و قازانج بکات.

بەمەش کۆمپانیای HMD پلەی نۆیەمی بەدەستهێنا لەبازاڕی مۆبایلە زیرەکەکان و توانی سەرکەوێت بەسەر کۆمپانیاکانی وەک HTC و Sony کەتوانیویەتی دوو ملیۆن مۆبایلی زیرەک کۆگا بکات تەنها لەماوەی نێوان (١ی نیسان تا ٣٠ی حوزەیران)، ئەمەش لەکاتێکدایە هەریەکە لەکۆمپانیاکانی سامسۆنگ و هواوەی و ئەپڵ نزیکەی %٤٦ ی بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکانیان داگیر کردووە لەجیهاندا بەپێی ژمارەکانی چارەگی دووەمی ٢٠١٨.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ