بابەتی گرینگ 4, ئاب 2018

زانیاری نوێ لەسەر یاری FIFA 19 ئاشکرا کران

کۆمپانیای EA Sports کە گەشەپێدەر و بڵاوکەرەوەی یاری بەناوبانگی FIFA ـيە، ئەمڕۆ چەند زانیارییەکی نوێی لەسەر زنجیرەی نوێی ئەو یارییە بۆ ئەمساڵ بڵاوکردەوە.

ساڵی پار یاریکەرانی FIFA 18 تاڕادەیەکی زۆر ڕەخنە و گلەییان لە یارییەکە هەبوو لەچەند ڕوویەکی جیاوازەوە، لەوانە چۆنیەتی یاریکردن، تاکتیکەکان و بەدەستهێنانی پارە و یاریزان و تادوایی، بەڵام بۆ ئەمساڵ کۆمپانیاکە هەوڵی داوە دڵی یاریکەران ڕازی بکات و چەند تایبەتمەندییەکی نوێ بۆ ئەو یارییە بەردەست بکات، لەگەڵمان بن بۆ گرنگترین زانیارییەکان دەربارەی FIFA 19:

  • Ultimate Team:

بەشێکی سەرەکی و پڕچێژی یارییەکەیە کەبەهێڵی ئینتەرنێتەوە پەیوەستە، بۆ ئەمساڵ چەند دۆخ و تایبەتمەندییەکی نوێی بۆ زیادکراوە. بەشێکی نوێ زیادکراوە بەناوی (Division Rivals) کەتیایدا یاریکەر لەسەرەتادا چوار یاری ئەنجامدەدات بۆ دیاریکردنی ئاستەکەی، پاشان لەئاستی دەیەمەوە دەستپێدەکات و دەبێت هەوڵبدات تاوەکو زۆرترین خاڵ کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بگات بەئاستی بەرزتر کە لە دە ئاستی سەرەکی پێکهاتووە، ئەم بەشەش هەفتانە نوێ دەبێتەوە و خەڵات دەبەخشێت بەیاریکەرانی سەرکەوتوو، یاریکەرەکەش دەتوانێت بەئارەزووی خۆی خەڵاتێک هەڵبژێرێت، هەروەها لەڕێگەی ئەم بەشەوە یاریکەر دەتوانێـت یاری بباتەوە و خاڵ کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداری خولی (Weekend League) بکات.

هەروەها دەتوانیت لەڕێگەی بەشێکی نوێوە دەستبەسەر تاکتیکە تایبەتییەکاندا بگریت لەڕێگەی (Dynamic Tactics).

جگە لەمانەش، لەمەودوا لەڕێگەی (Player Picks) لەنێو پێنج یاریزاندا یاریزانێک هەڵبژێریت کەسوودی بۆت دەبێت.

  • Kick-Off:

ئەمەشیان بەهەمان شێوە بەشێکی سەرەکی یارییەکەیە و پەیوەستی هێڵ نییە، لەم بەشەشدا چەند دۆخێکی نوێ زیادکراون بۆ یاریکردن لەگەڵ هاوڕێکەت، لەوانەش:

Champions League: تیایدا دەتوانیت یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوڕوپا ئەنجامبدەیت لەقۆناغی کۆمەڵەکانەوە تا یاری کۆتایی.

House Rules:  ئەمەیان دۆخێکی سەرنجڕاکێش و پڕچێژە و زۆربەی یاریکەران بەدڵیان دەبێت، لەپێنج دۆخی لاوەکیی پێکدێت کە ئەمانەن:

  • Survival Mode: هەرکاتێک گۆڵێک تۆمار بکەیت، ئەوا یاریزانێک لەتیپەکەت بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دەسڕێتەوە جگە لەگۆڵپارێز.
  • No Rules: ياریبکە بەبێ گوێدانە هیچ یاسایەک! (ئۆفساید و لێدانی ڕاستەوخۆ و کارت نییە).
  • Long Range: گۆڵکردن لەچوارچێوەی هێڵی سزا بەیەک گۆڵ هەژمار دەکرێت، و لەدەرەوەی هێڵی سزا بەدوو گۆڵ.
  • …First To: مەرجێک دادەنێیت بۆ بردنەوەی یارییەکە، بۆ نموونە ئەوەی یەکەم گۆڵ بکات دەیباتەوە، یان ئەوەی سێ گۆڵ بکات دەیباتەوە.
  • Headers & Volleys: لێرەدا گۆڵکردن تەنها بەسەر،تۆپی بەرز، لێدانی ڕاستەوخۆ و لێدانی سزا دەبێت، جگە لەمانە هەموو گۆڵەکانی تر ڕەتدەکرێنەوە.

بێگومان ئەمانە بەشێکن لەو شتانەی کە بۆ FIFA 19 زیادکراون و هەموویان لێرە ئاماژەیان پێنەدراوە و دەتوانن لەپێگەی فەرمی فیفاوە زانیاری زیاتر بزانن، لەداهاتوویەکی نزیکیشدا کۆمپانیاکە زانیاری زیاتر لەسەر یارییەکە دەدرکێنێت، دەتوانن سەیری تەواوی زانیاری و بەشە نوێیەکانی یارییەکە بکەن لەم بەستەرانەی خوارەوە:

بەستەری یەکەم (کرتە بکە)

بەستەری دووەم – ڤیدیۆ (کرتە بکە)

تاگەکان فیفا
بۆچونی تۆ