ڕێنمایی 9, ئاب 2018

9 شت کە پێویستە دەست بەجێ لە پڕۆفایلی فەیسبووکەکەت بیانسڕیتەوە

بێگومان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زانیاری زۆر دەربارەی هەر یەکێکمان دەزانن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە لەبەرامبەر ئەوەی خزمەتگوزاری بە خۆڕایی و بە بەردەوامی پێشکەش دەکەن زۆر زانیاری داوا دەکەن لە پێناو بەهێزکردنی هەژمارەکەت، لەم نێوەندەشدا ئەو تۆڕانە زۆرترین زانیاری کۆدەکەنەوە. ئەمەش هەموو لە کاتی گەڕان لە گووگڵ و بڵاوکردنەوەی وێنە لە ئینستەگرام و بڵاوکراوەکانت لە فەیسبووک و … هتد ڕوودەدات. تەنانەت ئەم تۆڕانە هەندێک شت دەربارەی من و تۆ دەزانن، نزیکترین کەسەکان لەوانەیە دەربارەی ئێمە نەیزانن.

بێگومان هەبوونی ئەم زانیاریانە مەترسیدارن و ئێستا کاتی ئەوەیە پێداچوونەوەیەک بۆ ئەم زانیاریانەت بکەیت و ئەوەی پێویست نەبێت لەسەر ئەو تۆڕانە نەیانهێڵیت. بۆ نمونە، فەیسبووک زانیاری دەربارەی ڕێکەوتی لەدایکبوون و ژمارە تەلەفۆن و ئارەزووەکانت و ئەو شوێنانەی سەردانی دەکەیت و تێروانینە سیاسی و دینییەکانت و چەندان زانیاری تریش دەربارەی تۆ دەزانێت.

کەواتە بفەرموو دەربارەی ئەو ٩ شتە بزانە کە پێویستە دەست بەجێ لە فەیسبووکت بیانسڕیتەوە.

ژمارە تەلەفۆن

بێگومان فەیسبووک داوای ژمارە تەلەفۆنت لێ دەکات بۆ مەبەستی پارێزگاری. هەتا ئێرە کێشە نییە کە ژمارە تەلەفۆنەکەت لە فەیسبووک جێگیر دەکەیت چونکە لەم کاتەدا کەس ژمارە تەلەفۆنەکەت نابینێت. بەڵام ئەگەر بێت و ژمارە تەلەفۆنەکەت لەسەر بەشی دەربارە واتە About بە ئاشکرایی بۆ هەموو کەسێک دیاربێت ئەوا دەست بەجێ هەوڵبدە بیسڕیتەوە و بیشاریتەوە لە Publicـەوە بۆ Only Me. ئەگەر نەیشارێتەوە هەرکەسێک پڕۆفایلی فەیسبووکەکەت بکاتەوە و بەشی دەربارەی بکاتەوە ژمارە تەلەفۆنەکەت دەبینێت و بەمەش لەوانەیە چەندان پەیوەندی نەخوازراو و بێزارکەرت بۆ بێت. وە هەروەها لەوانەیە سودی لێ وەربگیرێت بۆ هاککردن چونکە هەندێک کەس ژمارە تەلەفۆنەکەی کردووە بە وشەی نهێنی هەژماری فەیسبووکەکەی.

هەندێک لەو وێنانەی کە ناتەوێت هەموو کەسێک بیانبینێت

بێگومان لەوانەیە چەندان وێنەت هەبێت کە دەتەوێت تەنها چەند کەسێک بیبێنت، لەبەرئەوە وریابە لەکاتی بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانە تەنها لەگەڵ هاوڕێیان هاوبەشی پێ بکە . واتە لە Public بیکە بە Friends. ئینجا ئەگەر ناتەوێت کەس بیانبینێت ئەوا هەر لەسەرەتاوە خۆت بە دووربگرە لە بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانە، چونکە بەڕاستی لە کۆمەڵگایەکەوە تا کۆمەڵگایەکی تر جیاوازە و کۆمەڵگەی ئێمەش پێویستی بە ڕەچاوکردنی زۆر شتە. کەواتە خۆ پارێزی گرنگە لە کاتی بڵاوکردنەوەی وێنەی منداڵ و ئەندامانی خێزان و پێویستە گشت بەرپرسیاریەتیەک بگریتە ئەستۆ لە هاتنە پێشی هەر دۆخێکی نەخوازراو بە هۆی بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە. چونکە پێویستە لەبیرمان بێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پارێزراو نین.

ڕێکەوتی لەدایکبوونت

بێگومان هەر بابەتێک کە پەیوەندی بە ڕێکەوتی لەدایکبوونتەوە بێت لەوانەیە ببێتە مایەیی خۆشحاڵی و ئاسودەییت. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ڕێکەوتی لەدایکبوون زانیاریەکی گرنگە و لەوانەیە هەندێک کەس بە هەلی وەرگرن و سودی لێ وەرگرن تا ئەو وشە نهێنیانەت کە ڕێکەوتی لەدایکبوونتی تێدایە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەست بخەن و هێرش بکەنە سەرت بەم زانیاریانە. کەواتە بژاردەی بەردەمت ئەوەیە کە کامیان هەڵدەبژێریت، بابەت و بڵاوکراوەی پەیوەیست بە ڕێکەوتی لەدایکبوونت یان تایبەتمەندی کەسیت و پاراستنی زانیارییەکانت؟

شوێنی جوگرافی

بێگومان خەڵکانێکی زۆر هەن کە ئارەزووی دانانی شوێنی جوگرافی دەکەن کە کاتێک سەردانی شوێنێک دەکەن تا پێشانی خەڵکانی تری بدەن کە ئەوان سەردانی ئەو شوێنە دەکەن یان لەو شوێنەن لە ئێستادا.

لە ڕاستیدا خەڵکانێک هەن دەیانەوێت شوێنی جوگرافیان لەگەڵ هەموو بابەتێک دانێن ئەگەر ئەم شوێنە ماڵەوەشیان بێت.

ترسناکی ئەمە لەوەدایە کە تۆ بە ئاسانی ناونیشانی خۆت بە هەموو ئەوانەی دەیانناسیت و نایانناسیت دەڵێیت. لەلایەکی ترەوە، هەوڵبدە دووربیت لە بڵاوکردنەوەی ئەو شوێنانەی کە منداڵەکانت بۆی دەچن وەکو فێرگە و شوێنی یاریکردن و … هتد.

وێنەکەت و تۆش لە گەشتدابیت

هەر وەکو خاڵی پێشتر، گرنگە کە خۆت بە دووربگریت لە بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆت و شوێنی جوگرافیت لەکاتێکدا تۆ ماڵەوەت بەجێ هێشتووە و کەسی لێ نییە. چونکە هەندێک خەڵک هەیە ئەمە بەهەل وەردەگرن و ماڵەکەت دەبڕن. کەواتە وێنە لەکاتی گەشتکردن لەوەیە زیانی گەورەی لەدواوە بێت.

بەڕێوەبەری کارەکەت

بەگشتی فەیسبووک شوێنێکە کەمتر فەرمییە و لەوانەیە شتانێکی لێ بڵاوبکەیتەوە نەتەوێت هەموو کەسێک بیبینێت بە تایبەت بەڕێوەبەری کارەکەت. بۆ نمونە، لێر و لەوێ حاڵەت هەیە خەڵکانێک بەهۆی بڵاوکراوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان کارەکەیان لە دەست داوە.

کەواتە ئەگەر دەتەوێ بەڕێوەبەرەکەت وریایی گشت هەنگاوەکانت نەبێت، ئەوا تۆش وریایی ئەو بڵاوکراوە و کۆمێنت و بۆچوونانەت بە کە دەیانوسیت و بڵاویان دەکەیتەوە.

وێنەی خێزانی و وێنەی منداڵەکانت

ئێمە گشتمان ئارەزووی بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆمان و خێزان و منداڵەکانمان دەکەین بەڵام ئەوەی کێشەیە ئەوەیە ئەم وێنانە لەسەر پڕۆفایلەکەت بۆ تەواوی ژیانت دەمێننەوە و لە دواتر و لەکاتی ڕوودانی کێشەیەک یان جیابوونەوەی دوو هاوسەر، ئەوا ئاسان دەبێت بۆ کەسێکی تر کە دەبێتە بەشێک لە ژیانت دەستی بەم وێنانە بگات و پاشان بەهۆیەوە دۆخی نەخوازراو و ناخۆش ڕووبدات.

چارەسەر ئەوەیە ئەم جۆرە وێنانە بسڕیتەوە و هەر لەسەرەتادا خۆت بپارێزیت لە بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانە. هەمان بابەت بەسەر وێنەی منداڵەکانیشدا جێبەجێ دەبێت چونکە ئەوانیش خاوەن تایبەتمەندی کەسی خۆیانن و گونجاو نییە بەهۆی هۆکارێکەوە ڕووبەڕووی حاڵەتی چاوەڕوان نەکراو بن.

ئەو بڵاوکراوانەی کە Tag یان Mention دەکرێیت

بە شێوەیەکی گشتی هاوڕێ هەیە ئارەزووی ئەوە دەکات لەگەڵ هەر بڵاوکراوەیەکی تۆ تاگ بکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەندێک بابەت هەیە گونجاو نییە لەسەر پڕۆفایلەکەی تۆ دەرکەوێت. جا بۆ ئەوەی ئەم بڵاوکراوانە بنبڕ بکەیت ئەوا پێویستە بچیتە Settings پاشان Timeline and Tagging. لەم بەشە وەکو لە وێنەکە دیارە پێویستە ئەم دوو بەشەی بە چوارگۆشە سورەکە دیاریمکردووە چالاکیان بکەیت و بەمەش هەرکاتێک تاگ بکرێیت پێش بڵاوبوونەوە تۆ دەتوانیت پێیدا بچیتەوە ئینجا ڕێگە بدەیت لەسەر پڕۆفایلەکەت دەربکەوێت.

زۆری ڕێژەی هاوڕێ

مامۆستایەکی زانستی دەروونی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بەناوی ڕۆبن دەنبار پێی وایە مرۆڤی ئاسایی توانای هێشتنەوەی پەیوەندی هەیە هەتا ١٥٠ کەس بە بەردەوامی. لەدوای توێژینەوەیەک لەسەر ٣٣٧٥ بەکارهێنەری فەیسبووک، دەنبار بۆی دەرکەوتووە تەنها ٤,١ لەو هاوڕێیانە جێگەی متمانە بوون.

هەر لەبەرئەوە، سڕینەوەی ئەو هاوڕێیانەی تەنها بەناو هاوڕێن لەسەر فەیسبووک دەبێتە هۆکارێک بۆ کارلێکێکی تەندروست و زیاتر کرداری لەسەر فەیسبووک.

 

 

تاگەکان Facebook
بۆچونی تۆ