بابەتی گرینگ 8, ئاب 2018

بڵاوبوونەوەی تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی داهاتووی شاومی بەناوی Pocophone

کۆتایی مانگی ڕابردوو چەند هەواڵێکی سەرەتایی دەربارەی مۆبایلی Pocophone F1 بڵاوبوونەوە، پێشبینیش دەکرێت ئەم مۆبایلە یەکێک لەهەرزانترین مۆبایلەکان بێت کەبەپڕۆسێسەری پێشکەوتووی Snapdragon 845 کاربکات.

پێدەچێت شاومی خۆی ئامادەبکات بۆ ڕاگەیاندنی یەکێک لەهەرزانترین مۆبایلەکان کەتایبەتمەندی بەرزی هەیە ئەمەش لەکۆتاییەکانی ئەمساڵ، بەپێی چەند هەواڵێکی دزەپێکراو لەچەند سەرچاوەیەکی بیلاڕووسیا و ڕۆمانیا، مۆبایلی Pocophone F1 جگە لەوەی بەپڕۆسێسەرێکی پێشکەوتووی وەک Snapdragon 845 کاردەکات، بەهەمان شێوە بۆ لایەنی گرافیکییش پشت بەپڕۆسێسەری گرافیکی Adreno 630 دەبەستێت هاوشانی 6 گێگابایتی ڕام و بیرگەی ناوەکی ٦٤ گێگابایت و زیاتریش.

هەر بەپێی هەواڵە دزەپێکراوەکان، ڕوونمای مۆبایلەکە قەبارەکەی 5.99 یان 6.18 ئینچ دەبێت لەجۆری IPS و بەڕوونی +HD، هەروەها بوونی دوو کامێرای سەرەکی بەڕوونی 12+5 مێگاپیکسڵ و کامێرای سێڵفیی 20 مێگاپیکسڵ.

چاوەڕوان دەکرێت مۆبایلەکە بەنرخێکی گونجاو بەردەست بێت کە لە 500 دۆلار تێپەڕ نەکات و لەماوەیەکی کەمیشدا لەزۆرێک لەفرۆشگە ئاسیایی و ئەوڕوپییەکان بڵاوببێتەوە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ