ئای ئۆ ئێس

Android و iOS: کورتە باسێک دەربارەیان و چەند بۆچونێک و ڕاستکردنەوەی چەند هەڵەیەک

لای هەموومان ئاشنایە کە سیستەمی Android و iOS دوو سیستەمی زۆر پێشکەوتوون و بواریان بۆ هیچ سیستەمێکی دیکە نەهێشتووەتەوە لە جیهاندا کە پێشبڕکێیان بکات، بەڵام ئەم دوو سیستەمە چەندین جیاوازی وایان لێ دەکات کە هەمیشە جێی گفتوگۆی بەکارهێنەرانی بن کە ئایا کامیان باشترن. لێرەدا ئێمە سەرنج دەخەینە سەر زۆر لایەنی هەردوو سیستەمەکە و ڕاست کردنەوەی چەند هەڵەیەک و چەند ڕا و بۆچونێکی هەڵە لەسەر ئەو دوو سیستەمە.

سەرەتاش با باسێکی هەردوو سیستەمەکە و ناساندنێکیان بۆ بکەین:

iOS:

سیستەمێکی سەرچاوە داخراوی کۆمپانیای ئەپڵە کە یەکەم ڤێرژنی لە بەرواری 29-6-2007 دەرچوو کە کرۆکی سیستەمەکە ناوی xnuـە و سەرچاوە وەرگیراوی سیستەمی وەگەڕخەری darwinـە کە سەرچاوە کراوەیە و دەگەڕێتەوە سەر unix واتە سەرچاوەکەی لە یونیکسەوە وەرگیراوە.

زمانی پرۆگرامسازی لە iOS دا بریتیە لە (C ، C++، Objective C، Swift )، تەکنیکی پارێزگاری کردن لە iOSـدا لە ڕێگەی Bootloaderـەوەیە و بە دوو قۆناغ دەکرێت، قۆناغی یەکەم low-level code کە پرۆگرامێکە جێگیر دەکرێت لە Romـی مۆبایلەکەدا و ڕێگە دەگرێت لە دابەزاندنی هەر پرۆگرامێک لەدەرەوەی iTunes ئەمەش ئاستی پارێزراوی بەرز دەکاتەوە.

ئاستی دووەمی Bootloaderـی iOS ناوی ibootـە لە Romـی ئامێرەکەدا جێگیر دەکرێت کە کاری دۆزینەوە و گەیشتنە بە دەنکۆڵە (kernal)ـی سیستەمی وەگەڕخەر. لەکاتی هەڵکردنی ئامێرەکەدا بەبێ بوونی ئاستی دووەم سیستەمەکە کار ناکات و لەگەڵ چەند تەکنیکێکی دیکەدا وەکو Encryption of data واتە بەکۆدکردنی زانیاریەکان و تەکنیکە دیارەکانی وەک و پەنجەمۆر و وشەی نهێنی و کردنەوە بە ڕوخسار.

Android:

ئەندرۆید گەورەترین سیستەم و بەربڵاوترین سیستەمە کە نەک تەنها لەسەر مۆبایلە زیرەکەکان بەڵکو لەسەر زۆربەی ئامێرە زیرەکەکانی کۆمپانیا جیاوازەکان جێگیر دەکرێت. ئەندرۆید لە مانگی 10ـی ساڵی 2003 تەنها وەکو سیستەمێک بۆ کامێراکان خرایە ڕوو لە لایەن (Andy Rubin ،Rich Miner و Nick Sears و Chris White).

بەڵام ئەم گەشەپێدەرانە بڕیاریان دا کە ئەم سیستەمە بە تەنها بەس نییە بۆ کامێراکان و پێویستە زیاتر بڵاو بێتەوە. دەرئەنجام، پاش چەندین بڕیار بۆ داهاتووی کۆمپانیاکە لە ساڵی 2005 کۆمپانیای گووگڵ بە بڕی 50 ملیۆن دۆلار کۆمپانیاکەی کڕیەوە و سیستەمێکیان دروست کرد تا لەسەر مۆبایلەکانیش بەکار بخرێن. یەکەمین مۆبایلیش کە کاری بەم سیستەمە کرد HTC Dream بوو لەساڵی 2008 بۆ ڕکابەری iPhone 3G.

ئەندرۆیدیش بە هەمان شێوەی iOS لە خێزانی Unix-likeـە و دەنکۆڵە (Kernal)ـی سیستەمەکە لەسەر Linux بنیاتنراوە و ئەمیش سەرچاوەکەی لە Unix وەرگرتووە، واتا باوانی iOS و Android یەکێکن لە کۆتایدا. باشە کەوایە کە دەگەڕێنەوە سەر یەک خێزان و باوانیان یەکە بۆچی هێندە جیاوازە ئەم دوو سیستەمە و ئایا کامیان باشترن؟

سیاسەتی کۆمپانیاکان وا دەکات کە ئەو شتەی خۆیان بیانەوێ بەو جۆرە پێشکەشی بەکارهێنەرانی بکەن. iOS لە بنچینەدا تەنها و تەنها خۆی بڕیاڕ دەدات کە ئایا چۆن بێت سیستەمەکەی. واتە تەنها ئەو گەشەپێدەرانەی کە لەو کۆمپانیایەدا هەن، بۆیە ئەپڵ سیستەمێکی داخراوی داناوە و نایەوێت لە دەرەوەی کۆمپانیاکە کەس گەشەی پێ بدات و هەموو ڕێگەکانی گرتووە لە ڕێگەی تەکنیکی Bootloaderـەوە و نەخستنە بەردەستی کۆدەکان بۆ گەشەپێدەرانی دەرەوەی کۆمپانیاکە.

بەڵام کۆمپانیای گووگڵ سیاسەتێکی جیاواز پەیڕەو دەکات، ئەویش خودی ئەم کۆمپانیایە ئەندرۆید بە شێوەیەکی خام واتە Stock Android دەخاتە بەردەست گەشەپێدەرانی دەرەوەی کۆمپانیاکە و ناو کۆمپانیاکە تا گەشەی پێ بدەن و کەم و کوڕییەکانی لە زووترین کاتدا بدۆزنەوە و زۆرترین تایبەتمەندی بۆ زیاد بکەن بە گوێرەی ویستی خۆیان.

کۆمپانیای گووگڵ لە پاش دیاریکردنی باشترین وەشانی گەشەپێدانەکە، پارێزراوترینیان بەبێ دەست کاری دەنێرێت بۆ کۆمپانیا بەکارهێنەرەکانی ئەندرۆید و لەمەودوا ئەوان بڕیار دەدەن ئایا چی لەم ئەندرۆیدە خامە دەکەن و چی لێ درووست دەکەن و تا چەند پارێزراوی دەکەن، ئایا ڕێگە دەدەن دەستکاری خودی سیستەمەکە بکرێت یاخود نا، ئایا ڕێگە دەدەن لە دەرەوەی Play Store پرۆگرام دابەزێنرێت یاخود نا، ئایا چی لێ دەکەن و چی لێ ناکەن و چی لەسەر بنیات دەنێن.

ئەمانە هەموویان دەکەونە سەر خودی ئەو کۆمپانیایە، واتا ئەوانیش دووبارە سیستەمێکی وەگەڕخەری لەسەر بنیات دەنێنەوە کە پێی دەگووترێت (ڕووکار) و لە بنچینەشدا لەسەر سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید کار دەکات، وەکو ئەم نمونانە (EMUI) و (Miui) و (Samsung Experience) و چەندانی تر کە هەر کۆمپانیایەک ڕووکارێکی تایبەت بەخۆی یان ئەوەتا هەر ئەندرۆیدە خامەکە بەکار دەهێنن کە خودی ئەندرۆیدە خامەکە باشترین پارێزراوی دابین دەکات چونکە لە لایەن خودی گووگڵەوە بە زووترین کات پشتگیری نوێترین وەشان دەکات بۆ نموونە:

کۆمپانیای هواوەی و شاومی بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات بەکارهێنەرەکانی دەستکاری ڕووکارەکەی بکەن کە بە (EMUI) و (MIUI) ناسراوە چونکە بەهەمان شێوەی ئەپڵ تەکنیکی بووتلۆدەر بەکاردەهێنێت و لە کاتی بوونی هەر کێشەیەک پێویستە ببردرێتە ناوەندی چاککردنەوەی کۆمپانیاکە، هەروەها کۆمپانیای هواوەی و شاومی کڵاودی هەیە کە بەهەمان شێوەی ئایفۆن ئەگەر وشەی نهێنیت لە بیرکرد ئەوا کردنەوەی زۆر قورسە و و تێچوویەکی زۆری دەوێت بۆ کردنەوەی کە بەهەمان شێوەی iCloudـی کۆمپانیای ئەپڵە لەگەڵ چەندین نموونەی کۆمپانیا بەکاربەرەکانی دیکە کە خۆیان بڕیاریان داوە چۆن ئەو سیستەمە خامە ڕێک بخەن و بیخەنە بەردەست بەکارهێنەرانیان.

ڕاستکردنەوەی چەند بۆچوونێکی هەڵە:

هەندێک بۆچوونی هەڵە هەیە لە ناو خەڵکیدا کە پێیان وایە خاو بوونەوەی مۆبایلەکانیان یاخود نەپارێزراوی مۆبایلەکان هۆکارەکەی لە ئەندرۆیدەوەیە، و پێیان وایە iOS هەرگیز خاو نابێتەوە لە کاتێکدا هەرگیز مۆبایلێکی هاوشانی ئایفۆنیان بەکارنەهێناوە وەکو دەزانین مۆبایلەکانی کۆمپانیای ئەپڵ هەموویان ئاست بەرزن بە پێچەوانەی کۆمپانیاکانی ئەندرۆید کە خۆیان لە ٣ ئاستدا دەبیننەوە ئاست بەرز و ئاست مامناوەند و ئاست لاواز.

١. تا ئەو کاتەی کە کۆمپانیای بەکاربەری ئەندرۆید وەشانی تازە بنێرێت بۆ مۆبایلەکانی هەرگیز لە ڕووی پارێزراوییەوە لە iOS  کەمتر نییە، واتا ئەگەر هەمان وەشانی ئەندرۆید بەروارد بکەین بەهەمان وەشانی iOS ئەوا ئەگەر پارێزراوی لەو زیاتر نەبێ کەمتر نییە، لەم وەشانە تازانەیدا بە تایبەت زۆربەی بەرهەمەکانی ئەندرۆید کۆمپانیاکان ٣ ساڵ وەشانی نوێی بۆ دەنێرن و دواتر دەستبەرداری دەبن، بۆ نموونە ئەوکاتەی ئەندرۆید وەشانی ٧ـی دەرچوو کۆمپانیای گووگڵ خەڵاتی ١ ملیۆن دۆلاری دانا بۆ ئەو کەسەی کەلێنێکی ئاسایش لە سیستەمەکەیان بدۆزێتەوە، بەڵام کەس نەیتوانیی ئەو کارە بکات، وە هەروەها لەگەڵ دەرچوونی Google Pixel و Pixel XL، هەڵسەنگێنەرانی ئاسایش ڕایانگەیاند کە ئاستی پارێزراوی لە گووگڵ پیکسڵدا یەکسانە بە ئایفۆن ٧ پڵەس کە کۆتا بەرهەمی کۆمپانیاکە بوو لەو کاتەدا، بۆیە ئەگەر گومان لە پارێزراوی ئەندرۆید بکەیت ئەوا تۆ گومانت لە لینوکس هەیە کە پارێزراوترین سیستەمی وەگەڕخەرە و سەرچاوە کراوەشە.

ئەگەر پێشت وابێت سەرچاوە داخراو پارێزراوترە ئەوا تۆ زۆر هەڵەیت چونکە Windows سەرچاوە داخراوە و لاوازترین پارێزراوی هەیە لە بەرامبەر هەر ڤایرۆسێک، چونکە سەرچاوە کراوە یاخود داخراو مانای ئەوە نییە کە ئایا پارێزراوە یاخود نا، و هەردوو سیستەمەکە لە سەر هێڵی ئینتەرنێت هەمان مەترسیان لەسەرە بۆ توش بوون بە ڤایرۆس، بە گشتی هیچ سیستەمێک ناتوانین بڵێین تەواو تەواو پارێزراوە چونکە هەر کۆدێک هەبێت بۆ داخستن ئەوا لە بەرامبەریدا کۆدێک هەیە بۆ کردنەوەی لە جیهانی کۆد داڕێژیدا.

هەروەها ئەگەر لات وابێت سەرچاوەی خاو بوونەوەی مۆبایلە بەکاربەرەکانی ئەندرۆید خودی ئەندرۆید بێت ئەوا تۆ زۆر هەڵەیت و وەکو ئەوە وایە گومان لە خێرایی Linux بکەیت دووبارە، چونکە مۆبایلەکانی ئەندرۆید سێ ئاستیان هەیە، ئاستی لاواز کە زۆربەی کات خەڵکی ١٠٠ تا ١٥٠ دۆلاری پێ دەدات و دەیەوێت وەکو ئایفۆنێک خێرا بێت کە زیاتر لە ٥٠٠ دۆلاری پێ دراوە، وە خاو بوونەوە دەکەوێتەوە سەر ئەو ڕەقەکاڵایانەی کە کۆمپانیاکان بەکاری دەهێنن بۆ بەرهەمەکانیان، بە گشتی هەر کات مۆبایل گەرم بوو ئەوا خاو بوونەوە ڕوو دەدات لە پێناو پاراستنی پرۆسێسەری مۆبایلەکە و لە کارنەکەوتنی بە یەک جاری، ئەمەش بە تەکنیکی کەمکردنەوەی خێرایی پرۆسێسەر بۆ کەمترین ئاست لە پێناو سارد بوونەوەی مۆبایلەکە، ئەم تەکنیکە لە مۆبایلەکانی ئایفۆنیشدا هەیە واتە هەر کات ئامێرەکە گەرم ببێت ئەوا خاو دەبێتەوە چ ئایفۆن بێت چ مۆبایلێکی ئەندرۆید، بە گشتی ئەم گەرم بوونە لە ئاست نزمەکانی مۆبایلە ئەندرۆیدەکان باوە بە هۆی نزمی ئاستی ڕەقە کاڵای بەکاربراو.

٢. هۆکاری دووەم خودی ئەو سیستەمەیە کە کۆمپانیای بەکاربەری ئەندرۆید لەسەری بنچینە دەکات وەکو پێشتر ئاماژەمان پێ کرد هەر کۆمپانیا و ڕووکارێکی تایبەت بە خۆی هەیە بەڵام زۆربەی کورد تەنها ئاشنایە بە ڕووکارە تایبەتەکەی سامسۆنگ کە ڕووکارێکی بنچینەکراوە لەسەر ئەندرۆید و بە بەراورد بە ڕووکارەکانی دیکە خاوترە و قورستر لەسەر سیستەمە سەرەکیەکە کە ئەویش Androidـە. بە شێوەیەکی گشتی لە ئێستادا ئەندرۆیدی خام خێراترین سیستەمە لە جیهانی ئەندرۆید، پاش ئەو ڕووکاری MIUI و Oxygen OS و پاشان ئەوانی دیکە دێن.

٣. هۆکارێکی دیکە بۆ گەرم بوون پاشان خاوبونەوە خودی ئەو پاترییەیە کە کۆمپانیا بەکاری دەهێنێت. وەکو بینیمان خراپی جۆری پاتری بووە هۆی گڕگرتنی مۆبایلە ئاست بەرزەکەی سامسۆنگ ئەویش Galaxy Note 7 بوو کە جۆرێکی کۆنی لەپاتری بەکاردەهێنا تا ئێستا ئەویش جۆری Li-ionـە، کە لە ئێستادا پێویستە Li-Polymar بەکار بێنێت کە گەرم نابێت و نابێتە هۆکاری خاوبوونەوەی پرۆسێسەری مۆبایلەکە، ئەم کێشەیەش باوە لە مۆبایلەکانی سامسۆنگ بە هۆکاری خراپی جۆری پاترییەکانی و لە ئێستادا سامسۆنگ بیر لە گۆڕینی دەکات بە جۆرێکی نوێ ئەویش Li-mgـیە.

لە کۆتاییدا دەڵێین ئەوەی بە سیستەمی iOS دەکرێت کۆمپانیاکانی بەکاربەری ئەندرۆیدیش دەتوانن هەمان کار بکەن بۆ مۆبایلەکانیان، چونکە هەردوو سیستەمەکە لە کۆتایدا دەگەڕێنەوە سەر یەک بنچینە ئەویش unixـە. دەتوانین بڵێین ئەو کارەی iOS لە بەکارهێنەرانی قورس دەکات و بە چەند هەنگاوێک زیاتر دەکرێت هیچی جیاواز نییە لە ئەندرۆید چونکە هەمان شتن و هەمان ئاستن مەگەر جەیلبرێک بکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە هەمان کاری ئەندرۆید بەو خێراییە و هەنگاوە کورتانەی هەیە و هەر ئەگەرێک بۆ ئەندرۆید ڕێی تێ بچێت ئەوا بۆ ئای ئۆ ئێسیش هەمان شتە چونکە لە کۆتایدا یەک خێزانن و جیاوازییان نییە. هیوادارین پێشبڕکێی نێوان ئەم دوو کۆمپانیایە بەردەوام بێت لە پێناو خستنە بەردەستی باشترین سیستەمی وەگەڕخەر.

سەرچاوە:

unix.stackexchange.com

wikipedia.org

quora.com

Norton securty

9 ئاب، 2018