بابەتی گرینگ

گووگڵ کێشەی شوێنە بێناونیشانەکان چارەسەر دەکات

یەکێک لەو کێشانەی ڕۆژانە زۆرمان تووشی دەبین، کێشەی نەزانین و نەدۆزینەوەی ناونیشانی شوێنەکانە، بەتایبەت گەر لە شار و ناوچەیەکی غەریب بین.
لەگەڵ دەرکەوتنی مۆبایلە زیرەکەکان زۆر بەرنامەی تایبەت بە نەخشەی شار و وڵاتان بۆ مۆبایلەکان دروستکران، یەکێک لەوانە نەخشەی گووگڵ بوو، کە ئێستا یەکێکە لە پڕبەکارهێنەرترینەکان.
سەرەڕای پێشکەوتوویی نەخشەکەی گووگڵ، بەڵام لە چەند وڵاتێک، لەوانەش عێراق و باشووری کوردستان، نەخشەکە کەموکوڕی زۆرە و بەشێکی زۆری شوێنەکان لە نەخشەکە دانەنراون یان ناویان نییە.
لەم دوایییانە گووگڵ تایبەتمەندییەکی نوێی بۆ نەخشەی گووگڵ زیاد کرد، بە ناوی “پڵەس کۆد” ئەم کۆدە لە دوو بەش پێکدێت؛ بەشی یەکەم لە شەش یان حەوت ژمارە و پیت پێکهاتووە لەگەڵ نیشانەی + و بەشی دووەم ناوی شار یان ناوچەکەیە. (وەک لە وێنەکان دیارە)
هەر خاڵێکی سەر نەخشەی گووگڵ، ناونیشانێکی جیاوازی بۆ دانراوە. بە داگرتنی پەنجەمان بۆ ماوەیەک لەسەر هەر شوێنێکی نەخشەکە، پەنجەرەیەکمان بۆ دەکرێتەوە، کە یەکێک لە نووسینەکانی ناوی ئەو پڵەس کۆدەیە. بە پەنجەدان لە کۆدەکە، ڕاستەوخۆ مۆبایلەکەمان کۆدەکە کۆپی دەکات.
دەتوانیت ئەو کۆدە بۆ ئەو کەسانە بنێریت کە ناونیشانی شوێنەکەت نازانن، ئەوانیش بە گەڕان بۆ کۆدەکە لە بەرنامەی گووگڵ ماپس، دەتوانن یەکسەر ناونیشانەکە ببیننەوە.

11 ئاب، 2018