ئەندرۆید 14, ئاب 2018

١٠ ئەپڵیکەیشنی نایاب بۆ چارەسەرکردنی کێشە باوەکان لە ئەندرۆیدا

زۆرینەی مۆبایلەکانی ئەمڕۆ پشت بەستوون بە سیستەمی ئەندرۆید، بەڵام بەهۆی جۆراوجۆری ڕووکارەکانی ئەندرۆید و بوونی بژاردەی زۆر بەکارهێنەران کێشە و گیروگرفتیان ڕووبەڕوو دەبێتەوە. لەبەرامبەردا، چەندان ئەپی نایاب هەن کە جێگرەوەی باشن و چارەسەری ئەو کێشانە دەکەن کە لە مۆبایلەکەماندا ڕووبەروومان دەبنەوە.

لە بابەتی ئەمڕۆماندا هەندێک لەو کێشانە دەخەینە ڕوو و کۆمەڵێک ئەپڵیکەیشن پێشنیار دەکەین بۆ چارەسەرکردنیان.

Nova Launcher (وەشانی خۆڕایی وە وەشانی بەپارە بە بڕی ٥ دۆلار)

لە دۆخێکدا کە ڕووبەڕووی کێشە بوویتەوە بەهۆی ڕووکاری سەرەکی جێگیرکراو لە لایەن کۆمپانیای بەرهەمهێنەری مۆبایلەکە، ئەوا تۆ دەتوانیت بیگۆڕیت و دانەیەکی تر لە جێگەی جێگیر بکەیت.

ئەپی نۆڤا لۆنچەر باشترینی ئەپەکانی جۆری خۆیەتی بەهۆی توانستێکی نایاب و تایبەتمەندی زۆر، بۆ نمونە:

  • دانانی Shortcutـی ئەپەکان لەسەر بەشی سەرەکی
  • ڕێکخستن و تایبەتکردنی ئاگاهییەکان واتە Notification
  • ئەمانە و چەندین تایبەتمەندی تریش…

GBoard (بەخۆڕاییە و کرتە بکە بۆ داگرتنی)

هەمان شت کە لەسەرەوە بۆ لۆنچەر باسمان کرد بەسەر تەختەکلیل واتە کیبۆردیش جێبەجێ دەبێت. لەبەرئەوە ئەگەر کیبۆردی سەرەکی مۆبایلەکەت بەدڵ نییە دەتوانیت جیبۆرد لە جێگەی دابگریت و بەکاری بهێنیت.

لە ئێستادا جیبۆرد بە یەکێک لە باشترین تەختەکلیلەکان دادەنرێت بۆ ئەندرۆید، بەهۆی بوونی تایبەتمەندی ناوازەی وەکو تێکهەڵکێشکردنی بزوێنەری گەڕانی گووگڵ لەگەڵ تەختەکلیلەکەدا کە بەهۆیەوە ڕاستەوخۆ دەتوانیت گەڕان ئەنجام بدەیت.

New Pipe (بەخۆڕاییە و کرتە بکە بۆ داگرتنی)

ئەم ئەپڵیکەیشنە هەندێک لەو تایبەتمەندیانەت بۆ بەردەست دەکات کە لە ئەپی یوتیوب خۆیدا بەخۆڕایی نین.

هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی New Pipe:

  • گوێگرتن لە ڤیدیۆکانی یوتیوب تەنانەت کاتێک لە ئەپەکەش هاتویتە دەرەوە.
  • سەیرکردنی ڤیدیۆ لە دۆخی Picture-in-Picture واتە بچوککردنەوەی و هاتنەدرەوە لە ئەپەکە و ڤیدیۆکە هێشتا لەسەر ڕوونمای مۆبایلەکە مابێت.
  • داگرتنی ڤیدیۆ بە فۆڕماتی ڤیدیۆ یان بە دەنگ.

تێبینی: ئەم ئەپە لەسەر گووگڵ پلەی بەردەست نییە بەڵکو بەستەرەکەی سەرەوە لە کۆگای F-Droid وەرگیراوە.

Textpand ( وەشانی خۆڕایی و وەشانی بەپارە بە نرخی ٣ دۆلار)

بێگومان جیبۆرد بژاردەیەکی نایابە بۆ هەریەکێکمان لەکاتی نوسین لەسەر مۆبایلەکانمان، بەتایبەت ئەگەر ئێمە مۆبایلەکانمان زۆر بەکاربهێنین بۆ نوسین و گوزارشتە جیاوازەکان.

بەڵام TextPad یارمەتیت دەدات بە دانانی کورتکراوە بۆ ئەو نوسینە درێژانەی کە لەوانەیە تۆ بەردەوام بەکاریان بهێنیت و هەمیشە ئەم هەموو کاتەت نەبێت بۆ دووبارە نوسینەوەیان. کەواتە باشترین چارەسەر دانانی کورتکراوەیە بۆیان. بۆ نمونە بۆ ئیمەیڵەکەت دەتوانیت دوو هێمای @@ دابنێیت و ڕاستەوخۆ دوای نوسینی ئەوانە ئیمەیڵەکەت لەجێگەیان دابنرێت.

Timbre (بەخۆڕایی و کرتە بکە بۆ داگرتنی)

زۆرینەی بەکارهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکان ئارەزووی ئەوە دەکەن دەستکاری وێنە و ڤیدیۆکانیان بکەن و بەو شێوەیان لێ بکەن کە دڵخوازی خۆیانە. کەواتە ئەگەر تۆ یەکێکە لەوانە ئەپی Timbre بۆ تۆیە.

ئەم ئەپە توانای بڕین و تێکەڵکردن و گۆڕینی پارچە ڤیدیۆکانی هەیە بە شێوەیەکی ئاسان و بەخۆڕایی. بێگومان ڕووکاری ئەپەکەش زۆر سادەیە و ئاسانە بۆ بەکارهێنان.

Clip Stack (بە خۆڕاییە و کرتە بکە بۆ داگرتنی)

ئەم ئەپە کاری کۆکردنەوە و هەڵگرتنی ئەو نوسینانەیە کە تۆ لەبەریان دەگریتەوە واتە کۆپیان دەکەیت. هەرچی لەبەرتگرتەوە لەناو ئەپەکە هەڵی دەگرێت و پاشان دەتوانیت دووبارە سودی لێ وەرگریتەوە بۆ کاتی پێویست.

Datally (بەخۆڕاییە و کرتە بکە بۆ داگرتنی)

ئەپێکی نایابە بۆ ئاگاداربوون لە ڕێژەی بەکارهێنانی گێگابایتی ئینتەرنێتی 3G و 4G. ئەپەکە زۆر بە ڕێکوپێکی تۆمارەکان دەکات و ڕاپۆرتی پێویستت پێ دەدات. ئەمە جگە لەوەی دەتوانیت ڕێژەیەک دیاری بکەیت و لەکاتی گەیشتن بەو ڕێژەیە ئاگادارت بکاتەوە. پێم وایە ئەمە ئەپێکی پێویستە بۆ هەمووان چونکە زۆربەمان تۆڕی 4G بەکاردێنین و دەمانەوێت ڕۆژانە بزانین چەندمان بەکارهێناوە.

QuickPic (بەخۆڕاییە و کرتە بکە بۆ داگرتنی)

ئەگەر ئەپی گەلەری مۆبایلەکەت بەدڵ نییە یان ئەپی گووگڵ فۆتۆست بەدڵ نییە، ئەوا ئەم ئەپە تاقیبکەوە و ئەزموونێکی جیاوازت پێ دەبەخشێت. ئەپەکە ڕووکارێکی سادە و جوانی هەیە و بە ئاسانی دەتوانیت مامەڵە لەگەڵ وێنە و ڤیدیۆکانت بکەیت.

Files Go (بەخۆڕاییە و کرتە بکە بۆ داگرتنی)

ئەم ئەپە هەمان خزمەتگوزاری AirDropـە کە لەسەر iOS هەیە پێشکەش دەکات. لەڕێگەیەوە دەتوانیت پەڕگە و فایل و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ بەرامبەر ئاڵوگۆڕ پێ بکەیت.

Sesame (بەخۆڕاییە تا ماوەیەکی کاتی و دوای ئەم کاتە دەبێت بە نرخی ٣ دۆلار بیکڕیت)

تایبەتمەندی گەڕان لەسەر ئەندرۆید بۆ گەڕان لەسەر ئینتەرنێت زۆر نایابە بەڵام بۆ گەڕان لەناو مۆبایلەکە لە ئاستێکی باش نییە. باشترین چارەسەر بۆ ئەم دۆخە بەکارهێنانی ئەپی Sesame کە تایبەتە بە لۆنچەری نۆڤا و توانای گەڕانی هەیە بەدوای زۆرترین جۆر پەڕگە و فایل بە شێوەیەکی ئاسان. ئەوەی لەسەرتە ڕاستەوخۆ ناوی پەڕگەیەک بنوسیت و بە خێراترین شێوە ئەنجامەکانت پێشان دەدات.

 

 

 

 

 

تاگەکان ئەندرۆید
بۆچونی تۆ