10
چۆنییەتی 20, ئاب 2018

چۆنیەتی داگرتنی فایل لە فایەرفۆکس لە ئای ئۆ ئێس

لە کۆنەوە سیستەمی ئای ئۆ ئێس ڕێگەی بە گشت ئەپێک داوە کە لەناو خۆی فایل دروست بکات و بتوانیت دەستکاری بکەیت. بۆ نمونە ئەگەر فایلێکت لەناو ئەپی Excelی مایکرۆسۆفت دروست بکردایە توانای ئەوەت نەبوو کە ئەو فایلە لە ڕێگەی Google Sheets بکەیتەوە. بەڵام لەگەڵ iOS11 و هاتنی ئەپی Files لەمەودوا ئەپەکان بۆیان هەیە ڕاستەوخۆ فایل بخەنە ناو ئەپی Files و لەوێوە بتوانیت بە ئەپەکانی تریش هەمان فایل بکەیتەوە. هەر لەبەرئەوەیە لە ئێستادا دەتوانیت لەڕێگەی وێبگەڕی فایەرفۆکس بە ئارەزووی خۆت پەڕگە و فایل دابگریت و ڕاستەوخۆ دەچێتە ئەپی Filesـەوە و لەوێوە تۆ سەرپشکیت لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو فایلانەی داتگرتوون.

چۆنیەتی داگرتنی فایل لە فایەرفۆکس:

بێگومان ئەمە تایبەتمەندیەکی نوێیە لە فایەرفۆکس، لەبەرئەوە پێویستە فایەرفۆکست نوێکردبێتەوە بۆ دوایین وەشان. بۆ نمونە، کاتێک دەتەوێت فایلێک دابگریت ئەوا ڕاستەوخۆ پەیامێکی وەکو ئەم وێنەیەی خوارەوە دەردەکەوێت و تۆش پەنجە بنێ بە Download Now دوای ئەوە دەچێتە بەشی Downloads کە لەناو لیستی سەرەکی فایەرفۆکس هەیە. لەوێ دەبینیت فایلەکە لە داگرتن دایە.

دوای تەواو بوونی دەتوانیت بچیتە ئەپی Files کە لەبنچینەدا لە iOS11 هەیە و بیکەوە. دەبینیت لە بەشی تایبەتی فایەرفۆکس فۆڵدەری Download هەیە. لەم فۆڵدەرەدا گشت فایل و پەڕگە دایگراوەکانت بوونیان هەیە. ئێستا تۆ دەتوانیت بە ئارەزووی خۆت مامەڵە لەگەڵ ئەو پەڕگانە بکەیت. بۆ نمونە، ئەگەر فایلێکی Excel بێت دەتوانیت بە Google Sheet و هەر ئەپێکی تری هاوشێوەش بیکەیتەوە.

بێگومان ئەمە فێرکاریەکی سەرەتاییە و تەنها بۆ ئەوەیە بێ بەش نەبن لە تایبەتمەندی لەم شێوەیە، چونکە ئەپی Files سودێکی زۆری هەیە و دەتوانن ئەم سودە و چەندان سودی تریش لێ وەرگرن. بۆ نمونە، ئەو فایلەی دامانگرت ڕاستەوخۆ لەوێ لە ئەپی Files بیخەیتە ناو iCloud. لە ئەنجامدا بە ئاسانی لەسەر هەر ئامێرێکی تر کە iCloudـی لەسەر چالاک دەبێت، دەتوانیت ئەو فایلە دابگریت و مامەڵەی لەگەڵ بکەیت.

تاگەکان ئای ئۆ ئێس
بۆچونی تۆ