بابەتی گرینگ 24, ئاب 2018

ژیريی دەست کرد لەمۆبایلە زیرەکەکاندا، ئەو زاراوە باوەی کۆمپانیاکان شانازی پێوە دەکەن

لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا لەنێوان مۆبایلە زیرەکەکاندا گوێبیستی دەستەواژەیەک دەبین ئەویش ژیریی دەستکردە (Artificial Intelligence- AI) کەمێژووی دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1955 و بەدواوە بەشێوەیەکی گشتی، بەڵام ئێمە لێرەدا تیشک دەخەینە سەر مۆبایلە زیرەکەکان. کەوایە با بزانین ئەم دەستەواژەیە چییە کە کۆمپانیاکان شانازی پێوە دەکەن و بەکارهێنان و سودەکانی چین لە ناو مۆبایلە زیرەکەکاندا. ژیری دەستکرد ئامانجی ئەوەیە کە بزانێت و فێر بێت (تۆ کێیت، چیت دەوێت و کەی دەتەوێت).

ئێمە لێرەدا باسی سێ جۆر دەکەین لە شێوازی بەکارهێنانەکانی ژیری دەستکرد:

1- ژیری دەستکرد بە شێوەیی نەرمەکاڵا – Cloud-Based AI

یەکەم نەرمەکاڵاش کەدەرچوو بە شێوازێک کە ناسراو بێت لەسەر ئەم بنەمایە ئەویش Siri بوو کە لەسەر iPhone 4S جێگیرکرابوو لە ڕێکەوتی 4\10\2010ـوە، لە دوای ئەویش چەندین کۆمپانیا بە شێوەی جیاواز پەرەیان پێدا کە ئەرکی سەرەکی ئەم نەرمەکاڵایانە تێگەیشتنە لە دەنگی مرۆڤ و وەڵام دانەوەی هەر پرسیارێک کە بەکارهێنەر دەیکات لێی بەڵام بەبێ بوونی هێڵی ئینتەرنێت کار ناکەن و ئەم بوارە زۆر پەرەی پێدراوە لە لایەن گووگڵ و سامسۆنگ و زۆربەی کۆمپانیا دیارەکانی دیکە.

2- بەکارهێنانی لە نێو کامێراکاندا

کە لە هەستەوەری کامێراکەدا جێگیر دەکرێت و ئەرکی ناسینەوەی دیمەنە جیاوازەکانە و پێدانی جوانترین ڕەنگ و ڕێکخستنە بە دیمەنی شوێنەکە، کە دەکرێت بیناسێتەوە لە نێوان زیاتر لە 500 دیمەندا یەکەم مۆبایلیش کە ئەم تایبەتمەندییەی لەسەر جێگیر کرا ئەویش iPhone 7 بوو، ئەمەش لە ئێستادا شتێکی باوە لە زۆربەی مۆبایلە زیرەکەکان.

3-On Hardware Based AI – بە شێوەی ڕەقەکاڵا و گۆڕینی بونیادی بۆردی دایک Chip Architecture
ئەمەش شۆڕشێکی نوێی تەکنەلۆژییە و جێگیر کردنی هەستە دەمارە ڕاستەوخۆ لە نێو مۆبایلە زیرەکەکاندا کە پێی دەوترێت (NPU-  Neural Processing Unit) کە کار دەکات هاوشێوەی مێشکی مرۆڤ و جیاوازە لە بەشەکانی دیکە.

ئەرکی سەرەکی ئەم بەشەش بریتییە لە یارمەتی دانی هەر یەک لە چارەسەری گرافیکی و چارەسەری سەرەکیی (CPU-  GPU) کە وا دەکات خێراتر کار بکەن و وزەی کەمتر بە فیڕۆ بدەن ئەویش لە ڕێگەی تێگەشتنی خێراتر و زیاتر لە خودی بەکارهێنەر کە چی دەوێت واتە پاش ماوەیەک لە بەکارهێنانی مۆبایلەکە ئەوا ڕێکخستنی مۆبایلەکە بە شێوەیەک دەگۆڕێت کە گونجاوە لەگەڵ بەکارهێنەر، واتە دەزانێت کە کەی و چ کاتێک ئیش بە چ شتێکی مۆبایلەکە دەکەیت ئەمەش یارمەتی دەرێکی باش دەبێت.

هەروەها کارەکانی ناسینەوەی دەنگ و وێنە لێکدانەوەیان بە بێ بوونی هێڵی ئینتەرنێت بە ئەنجام دەگەیەنێت کە ئەمەش خاڵێکی بەهێزە بەسەر ژیری دەستکرد بە شێوەی نەرمەکاڵا Cloud-Based، هەروەها هەمان کرداری ژیریی دەستکرد لە کامێراکانیشدا بە ئەنجام دەگەیەنێت.

یەکەمین موبایلی زیرەکیش کە ڕا گەینرا بە بوونی NPU ئەویش هواوەی Mate 10 و Mate 10 Pro بوو کە بە چیپی Kirin 970 کاری دەکرد. لە لە ئێستادا زۆربەی کۆمپانیاکان هەوڵ دەدەن ئەم بەشە بۆ چیپەکانیان زیاد بکەن چونکە داهاتووی AI لە مۆبایلدا بریتیە لە ژیریی دەستکرد کە ڕاستەوخۆ جێگیر کرابێت On hardware Based AI.

شارەزایانی بوارەکە دەڵێن تا ساڵی 2022 مۆبایلە زیرەکەکان زیاتر لە هەستەکانت تێ دەگەن وەک لە کەسانی دەوروبەرت و پێیان وایە تا ئەو کاتە 80 لە 100 ی مۆبایلە زیرەکەکان ڕاستەوخۆ تێدا جێگیر دەکرێت بە شێوازی ڕەقە کاڵا On the device AI.

لایەنە باشەکانی ڕاستەوخۆ جێگیرکردنی ژیری دەستکرد لە نێو موبایلەکاندا بەسەر بوونی ژیری دەسکرد بە شێوازی هەوریی Cloud AI:

 

1- خێراترە چونکە پێوست ناکات بڕوات بۆ هەورەکە و لەوێ زانیاری وەربگرێت و دووبارە بگەڕێتەوە بەڵکو راستەخۆ کار دەکات

2- ئەگەر هێڵی ئینتەرنێت خاو بێت ئەوا زەحمەتە بۆ بەکارهێنانی ئەو تایبەتمەندیە

3- ئەگەر لە ناو مۆبایلەکەدا جێگیر بکرێت ئەوا وزەیەکی کەمتری پاتری بە فیڕۆ دەبات بە پێچەوانەی بوونی بە شێوازی هەوریی کە وزەیەکی زۆری پاتری بە فیڕۆ دەبات

4- تایبەتمەندێتی زانیارییەکان پارێزراوترە لە شێوازی Cloud-AI و زووتر فێر دەبێت وەک لە AI-cloud based

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ژیریی دەستکرد بۆ زیاتر تێگەشتن لە مرۆڤ و کورت کردنەوەی ماوەیی کردارەکانە و پاراستنی وزەیە و زیاتر پارێزراوکردنی مۆبایلەکانە چونکە دەتوانێت خاوەنی خۆی بناسێتەوە. نموونە بە کارهێنانی (3D Face ID) واتا کردنەوە بە ڕوخسار کە ئەم تەکنیکە لە سەرەتادایە و خەریکە دەبێتە شتێکی باو.

 

بۆچونی تۆ