هەواڵ
26, ئاب 2018
مۆبایلی Honor 8X Max هەڵگری پڕۆسێسەری Snapdragon 660 دەبێت

کۆمپانیای Honor بە فەرمی ڕاگەیاند کە مۆبایلی Honor 8X لە بەرواری 5/9/2018ـدا ڕادەگەیەندرێت بە دوو جۆرەوە، جۆرێکیان ئاسایی دەبێت و ئەوی دیکەشیان خاوەن قەبارەیەکی گەورە و بە 8X Max ناودەبرێت هەروەها هەواڵە دزەپێکراوەکان ئەوەیان پشت ڕاست کردۆتەوە کە Max قەبارەی 7.12 ئینچ دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا وێنەیەک دەرکەوت لەسەر ماڵپەڕی Weibo کە تایبەتە بە سەکۆی تاقیکردنەوەی مۆبایلەکان Master Lu Chinese تیایدا دڵنیایی دەدات لە بارەی کارکردنی مۆبایلەکە بە پڕۆسێسەری Snapdragon 660.

سەبارەت بە تایبەتمەندیەکانی دیکەی مۆبایلەکە ئەوا زانیاریە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە مۆبایلەکە هەڵگری ڕوونمایەک دەبێت بە ڕوونی 1080×2244 پێکسڵ و هەروەها هەڵگری نۆتچێک دەبێت لە بەشی سەرەوەی ڕوونماکەیدا لەسەر شێوەی پیتی V لەگەڵ بوونی ڕامێک بە قەبارەی 4 گێگابایت و باتریەک بە توانستی 4900 میللی ئەمپێر، سەبارەت بە کامێرا ئەوا خاوەنی دوو کامێرا دەبێت لە بەشی پشتەوەی بە ڕوونی 19+2 مێگاپێکسڵ و لە بەشی پێشەوەش خاوەنی کامێرایەک دەبێت بە ڕوونی 8 مێگاپێکسڵ.

هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.