بابەتی گرینگ 31, ئاب 2018

IFA 2018: لینۆڤۆ سێ لاپتۆپی نوێی لەجۆری Chromebook ڕاگەیاند

لەچوارچێوەی کۆنگرەی جیهانیی (IFA 2018) کە لەبەرلین بەڕێوەدەچێت و تا پێنج ڕۆژی تر بەردەوام دەبێت، کۆمپانیای لینۆڤۆ سێ لاپتۆپی نوێی لەجۆری Chromebook ڕاگەیاند.

لاپتۆپی یەکەمیان بەناوی (Yoga Chromebook) ـە کەتوانای کرانەوەی هەیە بەگۆشەی 360 پلە، لاپتۆپەکە پشت بەپڕۆسێسەری ئینتڵ دەبەستێت لەجۆری (Core i5-8250U) لەگەڵ بوونی 8 گێگابایتی ڕام و پڕۆسێسەری گرافیکیی (Intel HD Graphics 620)، ئەمە جگە لەوەی کەڕوونمای لاپتۆپەکە 15.6 ئینچە و بەشێوەی لەمسیش کاردەکات و ڕوونیەکەشی Ultra HD ـیە.

لاپتۆپەکە دوو شوێنی دەرچە لەخۆدەگرێت لەجۆرەکانی (USB Type-C و Type-A) لەگەڵ شوێنی بیستۆک و دەرچەی بیرگە (microSD) و پاترییەک کەبۆ ماوەی 10 کاتژمێر توانای کارکردنی هەیە، لەمانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە بەردەست دەبێت بۆ فرۆشتن بەنرخێک کە لە 600 دۆلارەوە دەستپێدەکات.

جگە لەم لاپتۆپەش کۆمپانیاکە دوو لاپتۆپی تری هەر لەجۆری Chromebook ڕاگەیاند، ئەوەی یەکەمیان ناوی (Chromebook C330) ـیە و بەهەمان شێوە بەگۆشەی 360 پلە دەکرێتەوە و ڕوونماکەی لەمسە لەجۆری IPS و 11.6 ئینچە، بەپڕۆسێسەری (MediaTek 8173C) کاردەکات و ڕامەکەی 4 گێگابایتە و بیرگەی ناوەکییەکەی 32\64 گێگابایتە، لاپتۆپەکە لەتشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەردەست دەبێت بەنرخێک کە لە 279 دۆلار دەستپێدەکات.

لاپتۆپی دووەمیشیان بەناوی (Chromebook S330) ـیە کەبەهەمان پڕۆسێسەری (c330) کاردەکات و بەڕامی 4 گێگابایت و بیرگەی ناوەکی 32\64 گێگابایت و ڕوونمای جۆری IPS و بەقەبارەی 14 ئینچ بەڵام بەلەمس کار ناکات، ئەمەشیان بەهەمان شێوە لەتشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەردەست دەبێت بەنرخێک کە لە 249 دۆلار دەستپێدەکات.

تاگەکان لینۆڤۆ هەواڵ
بۆچونی تۆ