10
بابەتی گرینگ 31, ئاب 2018 بۆچوون

گفتوگۆ: Pocophone F1، چۆن لێی دەڕوانیت؟

دوای بڵاوکردنەوەی مۆبایلی Pocophone F1 لەلایەن کۆمپانیای شاومی لەژێر ناوی بازرگانیی (Poco)، پێشوازییەکی گەرمی لێکرا لەلایەن بەکارهێنەران و پێگە تەکنەلۆژییەکان و تا ئەم کاتەش یەکێکە لەگەرمترین هەواڵەکانی ڕۆژ.

پێش هەموو شت دەمەوێت پوختەیەک باس بکەم لەسەر تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکە لەڕێگەی ئەم وێنەیەی خوارەوە:

بێگومان گرنگترین خاڵی مۆبایلەکە نرخەکەیەتی، بەجۆرێک مۆبایلەکە لەهەفتەی داهاتووەوە لەبریکاری فەرمی شاومی لەعێراق بەردەست دەبێت بەنرخی 310 دۆلار، ئەمەش نرخێکی زۆر گونجاوە بۆ مۆبایلێک کە ئەم تایبەتمەندییە بەرزانە لەخۆدەگرێت، گرنگترینیشیان پڕۆسێسەری Snapdragon 845 و پاتری 4000 میلی ئەمپێرە، کە ئەمانە لەهەر مۆبایلێکی تردا بەنرخێکی زیاتر دەفرۆشرێن لەوانەش (One Plus 6 ،Galaxy Note 9) و چەندانی تر.

لێرەدا بەگشتی چەند بۆچوونێک هەن تایبەت بەم مۆبایلە کەبەسەر پێگە تەکنەلۆژییەکانیش دابەش بوونە، بەشێکیان بەهەموو شێوەیەک پشتگیری دەکەن و بەشتێکی تایبەتی دەزانن و هیچ ڕەخنەیەکیان لێی نییە، بەشێکی تریشیان ڕەخنەیان لێی هەیە و بەگونجاوی نازانن، ئەوانەی کەڕەخنە دەگرن زیاتر باس لەکامێرا و ڕوونماکەی دەکەن گوایە بەپێی پێویست نییە.

گەر سەیرێکی پێگە تەکنەلۆژییەکانیش بکەین، دەبینین چەندین بۆچوون هەن، هەر بۆ نموونە بەپێی دوایین هەواڵەکان کەدوێنێ بڵاو بوونەوە دەبینرێت ئەم مۆبایلە توانای کارپێکردنی ڤیدیۆکانی تۆڕی Netflix ـی نییە بەڕوونی HD، بەمەش بەکاربەرانی مۆبایلەکە ناتوانن چێژ لەڕوونی HD ی ڤیدیۆکانی تۆڕی نێتفلکس، ئەمەزۆن و چەند پێگەیەکی تر ببینن.

لەلایەکی تریشەوە بێگومان چەندین هەواڵی سەرنجڕاکێشی تایبەت بەم مۆبایلە هەن، فرۆشتنی زیاتر لە ٦٨ هەزار دانە لەمۆبایلەکە لەماوەی کەمتر لەپێنج خولەکی کەوتنە بازاڕی خۆی بۆ خۆی سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ مۆبایلەکە و کۆمپانیای شاومی، ئەمە جگە لەوەی زۆرترین پێگە و یوتیوبەرەکان لەکاتی پێداچوونەوەیان بۆ ئەم مۆبایلە بەشتێکی نایابیان داناوە بەرامبەر بەنرخەکەی.

ئێوەش دەتوانن بۆچوونی خۆتان لەسەر ئەم بەرهەمە نوێیەی شاومی دەرببڕن لەڕێگەی بۆچوونەکانی فەیسبووکەوە، ئایا تا چەند لەئاستی چاوەڕوانی تۆدایە؟ چ شتێکی مۆبایلەکە لای تۆ تایبەتە؟ و گەر ڕەخنەت هەیە زیاتر لەکام بەشی مۆبایلەکەیە؟ هیوادارین ئێوەش بۆچوونی خۆتان دەرببڕن لەڕێگەی بۆچوونەکانی ئەم پۆستەی فەیسبووکەوە (کرتە بکە).

تاگەکان گفتوگۆ
بۆچونی تۆ