ئەندرۆید
31, ئاب 2018
فیلیپس تەلەڤیزیۆنێکی OLED بە قەبارەی 65 ئینج لە پێشانگای IFA2018 ڕاگەیاند

بێگومان کە دێتە سەر باسی تەلەڤیزیۆن، تایبەتمەندیەکانی وەکو قەبارە و ڕوونی بەرزی ڕوونما لەبەرچاو دەگیرێن لەلایەن کڕیارانەوە. بەڵام ئەی جۆرایەتی دەنگ؟ بۆ ئەوانەی گرنگی بە دەنگ دەدەن فیلیپس تەلەڤزیۆنی نوێی هەیە و لەوانەیە ببێتە جێگەی سەرەنجیان.
ئەمەش تەلەڤیزیۆنی کۆمپانیای فیلیپسە و پێدەڵێن Philips OLED 903، کە کۆمپانیای ناوبراو لە پێشانگای IFA2018 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا نمایشی کرد. ئەم تەلەڤیزیۆنە قەبارەکەی ٦٥ ئینجە و بە یەکێک لە پێشکەوتووترین تەلەڤیزیۆنەکانی ئەم کۆمپانیایە دێتە هەژمار.
ئەم تەلەڤیزیۆنە بڵندگۆی ئاست بەرزی هەن کە بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای Bowers & Wilkins بەرهەمی هێناون. ئەم بڵندگۆیانە لە ئاستێکی ئاساییدا نین بەڵکو بە تایبەتمەندی بەرز و جۆرایەتی بەرز جیادەکرێنەوە. هەروەک دیزاینێکی وەهای بۆ کراوە کە ڕێگرە لە تێکچوونی دەنگ دەگرێت. ئەمەو بوونی بەرزکەرەی دەنگی نوێ بۆ باشترکردنی ئاستی دەنگ.
هەروەکو لە ناوەکەیەوە دیارە، تەلەڤیزیۆنەکە خاوەنی تەکنەلۆژیای OLED بە پڕۆسێسەری Philips P5، کە وا دیزاینکراوە جۆرایەتی وێنە لەسەر ڕوونمای تەلەڤیزیۆنەکە باشتر بکات. سەرباری ئەوەی، ئەم تەلەڤیزیۆنە بە سیستەمی Android TV کاردەکات و پشتگیری لە HDR دەکات، وەکو HDR10 و HLG و +HDR10. هەروەکو ڕووناکی لە پشتەوەی لەخۆدەگرێت بۆ پێدانی ئەزموونێکی سینەمایی لە تاریکیدا.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تایبەتمەندیانەی سەرەوە، جێگای سەرسوڕمان نییە کە فیلیپس ئەم تەلەڤیزیۆنە بە نرخی ٣٤٩٩ پاوەند کە دەکاتە نزیکەی ٤٥٣٥ دۆلاری ئەمریکی دەفرۆشێت.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!