کۆمپیوتەر 31, ئاب 2018

کۆمپانیای ئەیسوس بە فەرمی لاپتۆپی ZenBook 2018ـی بە سێ قەبارەی جیاواز ڕاگەیاند

لاپتۆپەکان هەمیشە بە قەبارە و مۆدێلی جیاواز بڵاودەکرێنەوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی زۆرینەی بەکارهێنەران لاپتۆپ لەکاتی سەفەر و گەڕان بەکاردەهێنن، ئەوا قەبارە و کێش لە گرینگترین شتەکانن بەلایانەوە لە کاتی کڕیندا. ئێستاش ئەگەر دەتەوێت لاپتۆپێک بکڕیت لەوانەیە لاپتۆپە نوێکانی ئەیسوس جێگەی سەرەنجی تۆ بن.

لە ڕاستیدا، لە پێشانگای IFA 2018، کە لە ئێستادا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، ئەیسوس پەردەی لەسەر سێ لاپتۆپی نوێ بە قەبارەی جیاجیا لادا. ئەوانیش:  Asus ZenBook 13 و Asus ZenBook 14 و Asus ZenBook 15ـن. بە گوێرەی ئەیسوس، ئەم لاپتۆپانە دەبنە یەکەم لاپتۆپ لە زنجیرەی زێنبووک کە ڕوونمای NanoEdgeـیان تێدا بەکارهاتبێت، کە لێواریان کەمە و لە ٩٠%ی پێشەوەی لاپتۆپەکە داگیردەکات. بە پشت بەستن بەم ڕوونما تەنکانە و کەمی لێوار، ئەیسوس توانیویەتی دووریەکانی ئەم لاپتۆپانە کەم بکاتەوە و کێشیان بچوک بکات.

هەروەکو لە ناوەکانیان دیارە، لاپتۆپی Asus ZenBook 13 ڕوونمایەکی ١٣.٣ ئینجی و لاپتۆپی Asus ZenBook 14 ڕوونمایەکی ١٤ ئینجی و لاپتۆپی Asus ZenBook 15 ڕوونمایەکی ١٥.٦ ئینجی لە خۆ دەگرن. جێگای ئاماژەیە، هەریەک لە لاپتۆپەکان ڕوونی ڕوونماکانیان FullHDـین، جگە لە Asus ZenBook 15 کە جۆری 4Kـیشی بەردەستە.

ئەم لاپتۆپانە نەوەی هەشتەمی پڕۆسێسەرەکانی ئینتێڵ Core i5 و Core i7 لەسەرە. هەروەک ڕامیان تا ١٦ گێگابایت وەکو بژاردە بۆ کڕیاران بەردەست کردووە. دەربارەی گرافیک کاردیان، هەریەک لە Asus ZenBook 13 و Asus ZenBook 14 گرافیک کاردی Nvidia GeForce MX150ـیان لەسەر دەبێت. لەکاتێکدا Asus ZenBook 15 گرافیک کاردی Nvidia GeForce GTX 1050 لەسەر دەبێت.

سەرباری ئەم تایبەتمەندیانە، هەریەک لەم لاپتۆپانە کامێرای ٣ دووریان لەسەرە کە پشتگیری لە Windows Hello دەکەن تا بتوانن سود لە ڕووخسار وەرگرن بۆ کردنەوەی قوفڵی لاپتۆپەکانیان. هەروەک تەختەکلیلەکانیان ڕووناکی هەیە و دیزاینی هەریەکەیان ستاندەردی سەربارزی MIL-STD-810G تێدا فەراهەمکراوە، ئەمەش واتای وایە ئەم لاپتۆپانە گونجاون بۆ بەکارهێنان لەکاتی سەخت و گواستنەوە و سەفەردا.

شایەنی باسە، ئەم لاپتۆپانە لە مانگی داهاتووەوە بە نرخێک، کە لە 899 دۆلارەوە دەست پێدەکات، لە بازارەکان بەردەست دەبن بۆ فرۆشتن.

لە زە ڤێرجەوە بینەری هەر سێ لاپتۆپەکە بن:

[su_youtube_advanced url=”https://youtu.be/bSVD_PecFYQ”]
سەرچاوە :
بۆچونی تۆ