ئەپڵ 2, ئه‌یلول 2018

پارچەکانی ئایفۆن لە کوێ دروست دەکرێن و لە کوێ تێکدەبەسترێن؟ بێگومان کالیفۆرنیا نییە!

هەر کەسێک کە ئایفۆن یان بەرهەمێکی ئەپڵ دەکرێت، ئەوا لەسەر پشتەوەی ئامێرەکە نوسراوە دیزاین کراوە لەلایەن ئەپڵ لە کالیفۆرنیا، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە لەوێ دروستکراوبێت، بەڵکو بەداخ و پەژارەوە، وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە وەکو چاوەڕوانی دەکەیت.

ڕوونکردنەوەی هەردوو گوزارشتی دروستکردن و تێکبەستن؟

بۆ وەڵامی پرسیاری “لە کوێ ئایفۆن دروست دەکرێت؟” ئەوا دەبێت جیاوازی نێوان دوو گوزارشتی زۆر لێک نزیک بکەین ئەوانیش دورستکردن و تێکبەستنن.

دروستکردن بریتییە لە دروستکردنی پێکهاتە و ئەو بەشانەی کە دەخرێنە ناوەوەی مۆبایلەکە. ئەمە لەکاتێکدا ئەپڵ تەنها دیزاینی ئایفۆن دەکات و دەیفرۆشێت، بەڵام پێکهاتەکانی دروست ناکات.

بۆ ئەمە ئەپڵ پشت بە کۆمەڵێک کۆمپانیا لەسەرتاسەری جیهان دەبەستێت کە پارچەی جیاجیا بە تایبەتمەندی گونجاو دروست دەکەن، کە لەگەڵ دیزاینی بەرهەمەکانی ئەپڵ دێنەوە.

پاش ئەوە، ئەپڵ هەڵدەستێت بە تێکبەستن و پێکەوانانی ئەو پارچانە بە پشت بەستن بە دیزاینەکەی خۆی. واتە گشت ئەو پارچە و پێکهاتانەی کە لەلایەن کۆمپانیاکانی تر بەرهەمهاتوون و دروستکراون تێکدەبەسترێن و ئەو ئایفۆنەی لێ دروست دەکرێت کە بەکاریدێنین.

شوێنی ئەو کۆمپانیایانەی پێکهاتەکانی ئایفۆن دروست دەکەن:

لە ڕاستیدا سەختە شوێنی تەواوی ئەو کۆمپانیایانە دیاری بکەیت کە پێکهاتەکانی ئایفۆن دروست دەکەن، هەمان کۆمپانیا هەمان پێکهاتە لە چەندین وڵات دروست دەکات. بەم بۆنەیەوە ئەمانەی خوارەوە شوێنی بەرهەمهێنانی چەند پارچەیەکی سەرەکی ئایفۆنن:

Accelerometer: ئامێری پێوانی خێرایی ئایفۆن لەلایەن کۆمپانیای Bosch Sensortech بەرهەمدێت، کە بارەگای سەرەکی لە ئەڵمانیایە و لقی لە ئەمەریکا و چین و کۆریای باشور و یابان و تایوان هەیە.

Sound Chip: چیپی دەنگی ئایفۆن لەلایەن کۆمپانیای Cirrus Logicـەوە دروست دەکرێت. بارەگای سەرەکی لە ئەمەریکایە و چەند لقێکیشی لە بەڕیتانیا و چین و کۆریای باشور و تایوان و یابان و سەنگاپورە هەیە.

پاتری: پشت بە دوو کۆمپانیا دەبەستێت، سامسۆنگ کە بارەگای سەرەکی لە کۆریای باشورە و لقی لە ٨٠ وڵات هەیە، وە پشت بە Sunwoda Electronic دەبەستێت کە بارەگای سەرەکی لە چینە.

کامێرا: یان لە کۆمپانیای کوالکۆم، کە بارەگای سەرەکی دەکەوێتە ئەمریکا و لقی لە ئوسترالیا و چین و بەرازیل و هیندستان و ئیندۆنزیا و یابان و کۆریا هەیە، وە زیاد لە ١٢ شوێن لە ئەوروپا و ئەمریکای لاتینیش. یان کۆمپانیای سۆنی بۆی دروست دەکات، کە بارەگاکەی لە یابانە و لقیشی لە دەیان وڵات هەیە.

چیپەکانی ڕایەڵەی 3G/4G/LTE: هەر وەکو کامێرا کۆمپانیای کوالکۆم بۆی دروست دەکات!

قیبلەنما: لە لایەن کۆمپانیا AKM Semiconductorـەوە، کە بارەگای لە یابانە و لقی لە ئەمەریکا و فەرەنسا و ئینگلتەڕا و چین و کۆریای باشور و تایوان هەیە.

ڕووپۆشی شووشەی ڕوونما: لە لایەن کۆمپانیای Corningـەوە بەرهەمدێت، کە بارەگای سەرەکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە و لقی لە ئوسترالیا، بەلجیکا، بەرازیل، چین، دانیمارک، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆنگ کۆنگ، هندستان، ئیتاڵیا، یابان، مالیزیا، مەکسیک، فلیپین، پۆلەندا، ڕوسیا، سەنگاپورە، جنوب ئەفریقا، ئیسپانیا، تایوان، هۆڵەندا، تورکیا، شانشینی یەکگرتوو، ئیماڕات.

Gyroscope: ئامێری خۆ سەقامگیرکردن کە لەلایەن کۆمپانیای STMicroelectronics بۆ ئایفۆن بەرهەمدەهێندرێت. بارەگای سەرەکی ئەم کۆمپانیایە لە سویسڕایە و لقی زیاتر لە ٣٥ وڵات هەیە.

بیرگەی فلاش: یان لەلایەن توشیبا، کە بارەگای لە یابانە و لقی لە ٣٥ وڵات هەیە، یان لەلایەن سامسۆنگەوە بۆی دروست دەکرێت.

ڕوونمای LCD: یان کۆمپانیای Sharp، کە بارەگای لە یابانە و لقی لە ١٣ وڵات هەیە، یان LG، کە بارەگای لە کۆریای باشورە و لقی لە پۆڵەندا و چینە، ڕوونما بۆ ئایفۆن دروست دەکەن. شایەنی ئاماژەیە، ئەپڵ پشتی بە  سامسۆنگ بەستووە بۆ دروستکردنی ڕوونمای OLED بۆ ئایفۆن ١٠.

پڕۆسێسەرەکانی زنجیرەی A: پشت بە هەریەکە لە سامسۆنگ یان TSMC دەبەستێت. کۆمپانیای TSMC بارەگای لە تایوانە و لقی لە چین و سەنگاپورە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە.

Touch ID: کۆمپانیای TSMC یان Xintec دروستی دەکات، کە هەردووکیان بارەگایان لە تایوانە.

Touchscreen Controller: پشت بە کۆمپانیای Broadcom دەبەستێت و بارەگای سەرەکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە و لقی لە یۆنان و هۆڵەندا و بەلجیکا و فەڕەنسا و هیندستان و چین و تایوان و سەنگاپورە و کۆریای باشور هەیە.

چیپی وایفای: کۆمپانیای Murata دروستی دەکات، کە بارەگای لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکایە و لقی لە هەریەکە لە: یابان، مەکسیک، بەڕازیل، کەنەدا، چین، تایوان، کۆریای باشور، تایلەندا، مالیزیا، فلیپین، هیندستان، ڤێتنام، هۆڵەندا، ئیسپانیا، شانشینی یەکگرتوو، ئەڵمانیا، هەنگاریا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و فینلەندا.

ئەم پارچانەی سەرەوە لە کوێ تێکدەبەسترێن؟

گشت ئەم پارچانە دەنێردرێن بۆ یەکێک لەم کۆمپانیایانە، ئەوانیش بریتین لە Foxccon و Pegatron

لە ڕووی هونەریەوە، Foxccon ناوی بازرگانیە بۆ کۆمپانیای Hon Hai Precision Industry Co. Ltd، کە کاری تێکبەستنی ڕێژەیەکی زۆری ئایفۆنەکانی ئەپڵە لە Shenzen لە چین. جێگای باسە، Foxccon کارگەی تێکبەستن و پێکەوەنانی لە هەریەکە لە تایلەندا و مالیزیا و چیک و کۆریای باشور و سەنگاپورە و فلیپین هەیە.

کۆمپانیای Pegatron کە لەم دواییە دەستی کرد بە تێکبەستنی ئایفۆنەکانی ئەپڵ، کە بە گوێرەی خەمڵاندنەکان بێت لە ٣٠% ئایفۆنی ٦ لە کارگەکانی پێگاترۆن لە چین تێکدەبەستراون.

تێبینی:

هەروەکو لەسەرەوە بۆمان دەرکەوت کە وەڵامی پرسیاری “لە کوێ ئامێرەکانی ئایفۆن دروست دەکرێن؟” ئاسان نییە، بەڵکو کارێکی ئاڵۆزە لەسەر ئاستی جیهان بەڵام دەتوانین بڵێین “چین” سەرەکیترینە لە دروستکردنی زۆربەی پارچەکانی ئایفۆن.

سەرچاوە :
تاگەکان Apple iphone
بۆچوونەکان
  • بڵند محمد

    دەست خۆش بۆ زانیاریەکانت
    بەڵام کۆمپانیای ئەپڵ خۆی دیزاینەری iphone و پارچەکانی ناویەتی نەک تەنها ڕووکاری دەرەوەی بۆ نموونە پڕۆسێسەرەکانی زنجیرەی A بەڵام دروستکردنیان دراوەتە کۆمپانیای تری وەکو سامسۆنگ یان TSMC کە دەبێت بە هەمان شێوە دروستی بکەن کە apple دیزاینی کردووە یان کامێرا دەبێت sony ئاوا دروستی بکات کە apple داوای کردوە چۆن چۆنی دروستی بکات وە هیچ کۆمپانیایەک نابێت لە هەمان کامێرا بەکاربهێنێت
    هەر بەو شێوەیەیە بۆ تەوەوی پارچەکانی تریش

بۆچونی تۆ