گووگڵ
5, ئهیلول 2018
بۆچوون
گووگڵ کڕۆم 69 بە دیزاینی مەتێریاڵ و چەند تایبەتمەندیەکی نوێوە بەردەستە بۆ داگرتن

لەم هەفتەیە و ١٠ ساڵ لەمەوبەر، بە دیاریکراوی ٢\٩\٢٠٠٨، گووگڵ یەکەم وەشانی بەیتا واتە تاقیکاری لە وێبگەڕی کڕۆم وەشاند. بەم بۆنەیەوە، وەشانی ٦٩ لە کڕۆم بەردەستە بۆ داگرتن و دیزاینی مەتێریاڵ و چەند تایبەتمەندیەک لەم وەشانە دەبینرێت.
پێدەچێت گووگڵ ساڵیادی گووگڵ کڕۆمی بە هەل زانیبێت و لەگەڵیدا وەشانێکی نوێی لەم وێبگەڕە ڕاگەیاندووە کە ڕووکارێکی تازە و جوانی بە دیزاینی مەتێریاڵ بەخشیوە بە وێبگەڕەکە و بۆ هەریەکە لە ویندۆز و ماک و لینوکس بەردەستە.

ڕووکارە نوێکەی کڕۆم ٦٩ بە ئاسانی هەستی پێ دەکرێت، ئەویش بە بوونی ئەو ڕەنگە سپیەی کە سەرتاپای وێبگەڕەکەی داپۆشیوە و بوونی تابە بازنەییەکان. هەروەک شریتی ناونیشانەکەی زیرەک کراوە و ڕاستەوخۆ وەڵامی پرسیارەکانت دەداتەوە پێویست ناکات Enter بکەیت بۆ کردنەوەی پەڕەکە و زانینی زانیاریەکان لەسەر پەڕەکە.
یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکان ئەم وەشانە نوێیە بریتیە لە Random Password Generator بۆ دروستکردنی وشەی نهێنی بەهێز لەکاتی پێویست دا. بۆ نمونە، لەکاتی دروستکردنی هەژمارێک لەسەر پێگەیەک دەتوانیت سودی لێ وەرگریت. هەروەها گووگڵ لەم وەشانە فلاش لە وێبگەڕەکەی دەسڕێتەوە و بەمەش کۆتایی بە پشتگیری کردنی فلاش دێت لەلایەن کڕۆمەوە.

لەڕاستیدا، وا بڕیارە لە کڕۆمی ٧٦ لە ساڵی ٢٠١٩ بە تەواوی فلاش ناچالاک بکات و لە وەشانی ٨٧ بە یەکجاری بیسڕێتەوە کە دەکەوێتە ٢٠٢٠ و هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری ئەدۆبی بۆ کۆتایی هێنان بە فلاش بە یەکجاری.
بە جیاواز لە وەشانەکانی پێشتری کڕۆم، ئەم وەشانە ڕێگەت پێدەدات کورتکراوەکان یان قەدبڕەکان واتە Shortcutsی تابی نوێ دەستکاری بکەیت. هەروەک ئەم وەشانە پشتگیری لە تایبەتمەندی Picture-in-picture دەکات، واتە دەتوانیت سەیری ڤیدیۆش بکەیت بەردەوامیش بیت لە کارکردن لەسەر وێبگەڕەکە.

زانیاری زیاتر لەم ڤیدیۆیەی خوارەوە:
[su_youtube url=”https://youtu.be/WF2IjH35w8o”]
سەردار عبدالله
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!