10
ماک 6, ئه‌یلول 2018 1 بۆچوون

7 تایبەتمەندی ویندۆز کە بەکارهێنەرانی ماک بەدوایدا وێڵن

بێگومان سیستەمی ویندۆز و سیستەمی ماک ڕکابەری سەرسەختی یەکترن، لەبەرئەوە هەندێک تایبەتمەندی هەیە لە یەکێکیان هەیە لە ئەوەی تریان بەدی ناکرێت. بۆ نمونە وەکو خۆم لە یەک کاتدا هەردوو سیستەمەکە بەکاردەهێنم و زۆر جار هەڵە دەکەم لەکاتی بەکارهێنان. بۆ نمونە، گۆڕینی زمان لە ویندۆز جیاوازە لە ماک و هەندێک کات لەسەر ماک کورتکراوەکانی ویندۆز لێدەدەم و بەمەش هەڵە دروست دەبێت. بەم بۆنەیەوە، لەم بابەتە ٧ تایبەتمەندی باس دەکەم کە لە ویندۆز بوونیان هەیە و بەکارهێنەرانی ماک بە سەختی بەدوایاندا وێڵن.

Windows Snapping

کاتێک پەنجەرە کراوەکانی سەر ڕووپەڕی ویندۆز دەجوڵێنیت و دەیدەیت بە یەکێک لە لایەکانی ڕوومێز واتە شاشەی کۆمپیوتەرەکە، ئەوا پەنجەرەکە خۆکارانە خۆی دەگونجێنێت بۆ ئەو لایە. بۆ نمونە ئەگەر بیدەیت بەلای چەپ ئەوا لایەکی ڕووپەڕی ویندۆز بەو پەنجەرەیە پڕ دەبێت. وە کە بیدەیت لەلای ڕاست ئەوا لای ڕاست پڕ دەبێت، وە ئەگەر بیدەیت لە بەشی سەرەوەی ئەوا خۆکارانە پەنجەرەکە هەموو ڕووپەڕەکە داگیر دەکات. ئەم تایبەتمەندیە لە ویندۆز هەیە و لە ماکدا بوونی نییە. ئەمە هەرچەندە هەندێک ئەپی دەرەکی هەن دەتوانن ئەم تایبەتمەندیە بۆ ماک زیاد بکەن، بۆ نمونە دەتوانیت Better Touch Tool تاقی بکەیتەوە. کرتە بکە.

گەورەکردنی پەنجەرەکان Maximize Windows

لە ویندۆزدا کاتێک پەنجەرەیەک دەکەیتەوە لە سوچی ئەو پەنجەرەیە سێ دوگمە هەیە کە یەکێکیان Maximizeـە و وێنۆچکەیەکی چوارگۆشەییە. کاری ئەم دوگمەیە گەورەکردنی پەنجەرەکانە بۆ ئەوەی پڕی ڕووپەڕی ویندۆز بن. بەداخەوە، ئەم کردارە لەسەر ماک بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەست نییە بەڵکو لە هەندێک لە ئەپەکان هەیە و لە هەندێکیان نییە. لەجیاتی ئەوە دوگمەی Fullscreen لە وەشانەکانی کۆتایی ماک زیادکراوە کە ئەویش لە تەنها ئەپە نوێیەکانی ماک هەیە، کە بەهۆی ئەم دوگمەوە ئەپەکە پڕی ڕوونمای ماک دەکەیت و بۆ ئیشکردن چێژبەخشتر دەبێت.

بەڕێوەبردنی وێنۆچکە واتە ئایکۆنەکان

بێگومان ئەو وێنۆچکانەی کە لەسەر ناوچەی ئاگاداری واتە ئەو بەشەی خوارەوەی ویندۆز کە کاتژمێر و چەند شتێکی تری لێیە لەگەڵ زیادبوونیان ئەوا تیرێک دروست دەبێت و وێنۆچکە زیادەکان دەبنە گروپ و لەڕێگەی کرتە کردن لەو تیرەوە دەتوانیت بیان بینیت. وەکو لە وێنەکە دیارە.  ئەمە لە کاتێکدا، لەسەر ماک ئەم گروپ بوونە نییە و لەگەڵ زیادبوونی هەر وێنۆچکەیەک بۆ لای کاتژمێرەکە ئەوا هیچ گروپ بوون ڕوونادات و بەڵکو زیاتر و زیاتر ئاڵۆزی و سەرقاڵی بەو ناوچەیەوە دیاردەبێت. ئەمە هەرچەندە ئەپێک هەیە بۆ ماک کە نرخی ١٥ دۆلارە و چارەسەری ئەم کێشەیە دەکات بەڵام ئێمە دەمانەوێت لە بنچینەدا لە ماک دا هەبێت. ئەپەکە ناوی Bartender و لەم بەستەرەوە دەتوانیت تاقی بکەیتەوە.

تایبەتمەندی Peek لەسەر TaskBar

کاتێک لە ویندۆز ئەپێک کراوە بێت، ئەوا کە لەسەر تاسکباڕ کە جێنیشاندەری ماوسەکەت بخەیتە سەری پەنجەرەیەک بە بچوکی دەردەکەوێت و نمایشی ئەو ئەپە دەکات بە خێرایی کە چی لەسەر کراوەتەوە. وێنەکەی خوارەوە زیاتر ڕوونی دەکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدا ئەم تایبەتمەندییە لەسەر ماک بوونی نییە و کە ئەپێک لەسەر Dock کراوە بێت و جێنیشاندەری ماوسەکەتی بخەیتە سەر هیچ نیشان نادات، جگە لە ناوی ئەپەکە.

لە ڕاستیدا، ئەم تایبەتمەندیەش وەکو تایبەتمەندیەکانی تر دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەپی دەرەکیەوە بۆ ماک زیادبکرێت و ئەپەکەش ناوی Ubarـە. لەم بەستەرەوە تاقی بکەوە.

لیستی Start

بێگومان بەکارهێنەرانی ویندۆز دەتوانن لە ڕێگەی لیستی Start بە ئاسانی دەستیان بە ئەپەکانی ناو سیستەم و ئەپە دابەزێندراوەکانیش بگات. بەڵام بەکارهێنەرانی ماک پشت بە دۆک دەبەستن و دۆکیش هەموو ئەپەکانی لەسەر نییە، هەر بۆیە دەبێت بچنە Launchpad بۆ بینینی تەواوی ئەپەکان و لەوێوە دەتوانن ئەپەکان بکەنەوە.

داخستنی ئەپەکان بە تەواوی

کاتێک لەسەر ماک کرتە لە دوگمە سورەکەی داخستن دەکەیت ئەپەکە بە تەواوی داناخرێت بەڵکو بە کراوەیی لەسەر دۆک دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بە تەواوی دایبخەیت ئەوا دەبێت بچیتە سەر دۆک و کرتەی ڕاست لەسەر وێنۆچکە واتە ئایکۆنی ئەپەکە بکەیت و کرتە لە Quit واتە داخستن بکەیت بۆ ئەوەی ئەپەکە بە تەواوی دابخرێت. چارەسەرێکی خێراتر بۆ داخستنەوەی ئەپەکان بە تەواوی لەسەر ماک بریتییە لە کورتکراوەی تەختەکلیل ئەویش CMD+Qـە.

لەبەرامبەردا ئەم کردارە لەسەر ویندۆز راستەوخۆ بە کرتەکردن لە دوگمەی داخستن واتە X دەبێت و هیچ هەنگاوێکی تری ناوێت.

پشتگیریکردن لە ڕوونمای لەمس واتە Touch

بێگومان ڕێژەیەکی زۆر لە کۆمپیوتەری پشت بەستوو بە ویندۆز هەن کە ڕوونماکەیان لەمسە واتە Touchـە و ئەمەش زیاتر لەگەڵ گەشەسەندنی ویندۆز ١٠ دا ڕوویدا. ئەمە لە کاتێکدا، سیستەمی ماک پشتگیری لە ڕوونمای لەمس ناکات و بەکارهێنەرانیش ئاواتە خوازن ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم تایبەتمەندییە لە ماکیش ڕووبدات، بەڵام وا پێناچێت ئەپڵ بەمزووانە شتێکی لەم شێوەیە بکات.

ئەمە بریتیبوون لە ٧ تایبەتمەندی کە لە بنچینەدا لە سیستەمی ماک بوونیان نییە. تۆ چ تایبەتمەندیەکی ترت بەدیکردووە لە ماک نەبێت و لە ویندۆز هەبێت. لە کۆمێنتەکان بینوسە.

تاگەکان Mac Windows
بۆچوونەکان
  • shkarBritin

    کەواتە لەو بەینەدا لینۆکس هەڵبژێرە چارەسەرە
    چوونکە هەموو تایبەتیەکانی ماک و ویندۆزی تێدایە

بۆچونی تۆ