مایکرۆسۆفت 6, ئه‌یلول 2018

سکایپ تایبەتمەندی تۆمارکردنی پەیوەندی بۆ زیادکرا

لە مانگی ٧ی ئەمساڵ مایکڕۆسۆفت ڕایگەیاند کە تایبەتمەندی تۆمارکردنی پەیوەندی بۆ سکایپ بەردەست دەکات بۆ هەریەک لە ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس، بەڵام وا دیاربوو زیاتر لە مانگێکی خایەند تا بەڵێنەکەی جێ بەجێ بکات.

خۆشبەختانە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر مایکڕۆسۆفت بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئەم تایبەتمەندییە وردە وردە بە بەکارهێنەران دەگات بۆ هەریەکە لەو ئامێرانەی کە ئەم تایبەتمەندییە پشتگیریان لێ دەکات، بێگومان مەبەست لێرە ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆیدە. بەگوێرەی مایکڕۆسۆفت، ئەم تایبەتمەندیە بە تەواوی پشتبەستووە بە ڕاژەی هەوری واتە بە Cloud و دەبێت لە دوایین وەشانی سکایپ بۆ ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس بەردەست بێت. ئەمە لەکاتێکدا، هێشتا بۆ ویندۆز بەردەست نەبووە و مایکڕۆسۆفت دەڵێت لە چەند مانگی داهاتوو بە ویندۆزیش دەگات.

لە لایەنی ئاسایشەوە، مایکڕۆسۆفت دوپاتی کردەوە کە لەکاتی تۆمارکردنی پەیوەندیەکە هەموو بەشداربووانی ناو پەیوەندیەکە ئاگاداردەکرێنەوە کە پەیوەندیەکە تۆماردەکرێت. هەروەها لە پەیوەندی ڤیدیۆیشدا بە هەمان شێوە ڤیدیۆی هەموو بەشداربووان دەگرێت لەگەڵ ڕوونمای کۆمپیوتەری هاوبەشپێکراو لە نێوان هەمان بەشداربوواندا. هەروەک، بەشداربووان توانای هەڵگرتن و هاوبەشی پێکردنی پەیوەندیە تۆمارکردووەکەیان هەیە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ.

بۆ ئەوەی بتوانیت پەیوەندیەک تۆماربکەیت لەسەر سکایپ، ئەوا پێویستە کە پەنجە لە نیشانەی + بدەیت و پاشان Start Recording بکەیت. کە هەر ئەو کردارەت کرد، بانەرێک لەسەر سکایپ دەردەکەوێت کە ئاماژەیە بۆ هەر یەکێک لە بەشداربووانی ناو پەیوەندیەکە کە پەیوەندیەکە لە تۆمارکردن دایە.

ئەوەی ماوەتەوە، ئەوەیە کە پەنجە لە پەیوەندیە تۆماربووەکە بدەیت و پاشان پاشەکەوت واتە Saveی بکەیت. هەر کە ئەم کردارەت کرد ئەوا پەیوەندیە تەلەفۆنیەکە وەکو MP4 دادەگیرێتە ناو مۆبایلەکەت.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، هەمان تایبەتمەندی لە ئێستادا بۆ بەکارهێنەرانی سیستەمی ماکی کۆمپیوتەرەکانی ئەپڵ بەردەستە و دەتوانن سودی لێ وەرگرن.

سەرچاوە :
تاگەکان Skype
بۆچونی تۆ