ڕێنمایی 7, ئه‌یلول 2018

چەند ئامۆژگاریەک بۆ کۆتایی هێنان بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی مۆبایلەکەت

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی مۆبایلە زیرەکەکان یەکێکە لە کێشە باوەکان کە ڕووبەڕووی مۆبایلە زیرەکەکان دەبێتەوە بە گشتی و دەبێتە هۆی بێزارکردنی بەکارهێنەران، بەتایبەت ئەوانەی ئاڵودەی یارییە ئاست بەرز و ڕوونیە بەرزەکانن، واتە یارییە سێ ڕەهەندییەکان.

گومان لەوەدا نییە کە پلەی گەرمی مۆبایلە زیرەکەکان لە هاویندا زۆر ڕوودەدات، وە لە بەرامبەریشدا بەکارهێنانی مۆبایل پێویستیەکی بەردەوامە لە کاتە جیاوازەکانی ڕۆژ و شەودا، بەڵام بەداخەوە بەهۆی زۆر بەرزی و زۆر نزمی پلەی گەرمی مۆبایلەکان زیانیان بەردەکەوێت.

سەرەتا پێویستە لەوە تێبگەین کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەشێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ڕوودەدات، بەڵام هیشتاش چەندین هۆکار هەن دەبنە هۆی گەرمبوونی مۆبایلەکانمان، بۆ نمونە، لەکاتی شەحنکردنەوە و ئەنجامدانی کاری سەخت، وە نابێت لە بیریشمان بچێت کە بەکارهێنانی هەندێک ئەپ کە داوای زۆری وزە دەکەن بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بە شێوەیەکی بەرچاو.

کۆتایی هێنان بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی مۆبایلە زیرەکەکان:

ئەمانەی خوارەوە چەند ڕێنماییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی مۆبایلەکان لە زۆربەی دۆخەکاندا:

  • خۆت بە دوور بگرە لە دانانی ڕاستەوخۆ یان ئیشکردنی مۆبایل لەبەر تیشکی خۆر یان جۆرە ژینگەیەک کە پلەی گەرمی زۆر بەرزە. بۆ نمونە، هەرگیز لە هاوینی کوردستان مۆبایل لەناو ئۆتۆمبێلەکەت بەجێ مەهێڵە چونکە مەترسی گڕگرتن و دواتر کارەساتی گەورەتری هەیە.
  • هەوڵبدە بە شێوەیەکی دروست و گونجاو یارییە ئاست بەرز و سێ دووریەکان بەکاربهێنە چونکە کاریگەریان لەسەر نزمبوونەوەی وزەی مۆبایلەکە و لە هەمان کاتیشدا بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی مۆبایلەکەت هەیە.
  • هەوڵبدە کەیبڵی ئەسڵی دروستکراوی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری مۆبایلەکە بەکاربهێنە، چونکە بەکارهێنانی کەیبڵێک کە کێشەی هەبێت و ئەسڵ نەبێت دەبێتە هۆی گەرمبوونی بەشی ژێرەوەی مۆبایلەکە لە کاتی شەحنکردنەوە بەو جۆرە کەیبڵانە.
  • لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە کاتی شەحنکردنەوەی مۆبایلەکەت، هەوڵبدە لە شەحن لایبەرە و هەرچی ئەپڵیکەیشنێک کە کراوەیە و دەزانی بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دایبخەوە و چاوەڕێ بکە تا وردە وردە مۆبایلەکە سارد دەبێتەوە، پاشان بیخەوە سەر شەحن و بارگاوی کردنەوە.
  • کاتێک ویستت سەیری ڤیدیۆ یان فیلمێکی ماوە درێژ بکەیت ئەوا باشترە ڕووناکی ڕوونمای مۆبایلەکە لەوپەڕیدا نەبێت واتە تەواو ڕووناک نەبێت بەڵکو پێویستە لە ئاستێکی مامناوەند بیهێڵەوە.
  • هەوڵبدە لەکاتی ناپێویستی هەندێک تایبەتمەندی ناچالاک بکەیت بۆ نمونە، وایفای و بلوتوز و GPS.
  • تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی بەرز، بۆ نمونە 4K، بۆ ماوەی درێژ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی مۆبایلەکەت، لەبەرئەوە هەوڵبدە لەو کاتەی ڤیدیۆ تۆماردەکەیت هیچ کردارێکی نوێکردنەوە واتە ئەپدەیت و کردنەوەی ئەپی تر لە پاشبەنەما واتە Background دا نەکەیتەوە.

بە هیوای سود بۆ گشت لایەک. تۆش کە ڕێنماییەکی بەسوود دەزانیت لە کۆمێنتەکان بینوسە.

بۆچونی تۆ