بابەتی گرینگ 7, ئه‌یلول 2018

گووگڵ ڕێکەوتی کۆنگرەی داهاتووی ئاشکرا کرد، بزانە ئەو شتانە چین کە لەکۆنگرەکەدا ڕایدەگەیەنێت

گووگڵ ئەمڕۆ بەفەرمی ڕێکەوتی ئەنجامدانی کۆنگرەی داهاتووی ئاشکرا کرد کەدەکەوێتە 9ی مانگی داهاتوو، بڕیاریشە کۆنگرەکە لەنیویۆرک لەئەمریکا ئەنجامبدرێت، داوەتنامەش بۆ بەشێکی ڕۆژنامەنووسان و میوانان نێردراوە بۆ ئەوەی لەکۆنگرەکەدا ئامادەبن، کۆنگرەکەش لەژێر ناونیشانی (Made By Google) دەبێت.

لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا گووگڵ هیچ زانیارییەکی دەربارەی ئەو بەرهەمانە نەخستۆتە ڕوو کەبڕیارە لەکۆنگرەکەدا ڕایبگەیەنێت، بەڵام بەپێی زانیاری زۆربەی پێگە تەکنەلۆژییەکان پێدەچێت گووگڵ لەکۆنگرەکەدا نوێترین دوو مۆبایلی خۆی بەناوەکانی (Pixel 3 و Pixel 3 XL) ڕابگەیەنێت.

کۆمپانیاکە ساڵی ڕابردوو لەهەمان مانگدا واتا تشرینی یەکەم کۆنگرەیەکی لەسان فرانسیسکۆ ئەنجامدا و چەند بەرهەمێکی ڕاگەیاند لەوانەش (Home Mini ،Home Max ،Pixel Buds Pixelbook و مۆبایلەکانی Pixel 2 و Pixel 2 XL)، ئەمەش وادەکات کەپێشبینی بکەین گووگڵ بەهەمان شێوەی ساڵی ڕابردوو ئەمساڵیش لەکۆنگرەکەیدا مۆبایلە نوێیەکانی ڕابگەیەنێت.

بێگومان لەماوەی ڕابردوودا چەندەها هەواڵی دزەپێکراو و پێشبینیکراو دەربارەی ئەو مۆبایلە نوێیانەی گووگڵ بڵاوبوونەوە بەتایبەتیش Pixel 3 XL، کەبەپێی زۆربەی زانیارییەکان مۆبایلەکە خاوەن ڕوونمایەک دەبێت کەنۆچی هەیە و قەبارەکەی 6.3 ئینچ دەبێت لەگەڵ ڕامێکی 4 گێگابایتی و بیرگەی ناوەکی 64 گێگابایت و یەک کامێرای پشتەوە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ