هەواڵ 9, ئه‌یلول 2018

هواوەی دەربارەی فێڵکردن لە ژمارەی توانای مۆبایلەکەی ڕوونکردنەوە دەدات

لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک هەواڵ بڵاوبووەوە سەبارەت بە کۆمپانیای هواوەی کە وادیارە هەڵدەستێت بە یاریکردن بە ئەنجامی پێوەری ئاستی مۆبایلەکانی لەو ئەپانەی هاوشێوەی benchmarkـن و بە دیاریکراویش ئەپی تایبەت بە هەڵسەنگێنەری پڕۆسێسەری گرافیکی 3D Mark، کۆمپانیای ULـی گەشەپێدەری ئەپەکە لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە ئەپەکانی هەڵسەنگێنەری توانستی مۆبایل هەستان بە سڕینەوەی هەریەک لە مۆبایلەکانی P20 و P20 Pro و Nova 3 و Honor Play لە لیستی ئەپەکانیاندا بە هۆکاری ئەوەی لە کاتی کارپێکردنی ئەپەکە ڕاستەوخۆ پڕۆسێسەری گرافیکی دەچێتە بارێکی تایبەتەوە و خێراییەکەی دەگاتە بەرزترین ئاست.

لەم بارەیەشەوە کۆمپانیای هواوەی لە هەمان ڕۆژدا و لە ڕوونکردنەوەیەکیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان تەکنیکی ژیری دەستکرد بەکاردەهێنن بۆ چالاککردنی ئەو بارە تایبەتە کە ناودەبرێت بە Performance Mode ئەم بارەش کاتێک چالاک دەبێت کە مۆبایلەکە پێویستی بە توانایەکی زیاتر هەبێت، لە وەڵامیشدا کۆمپانیای UL وتی کە ئەوان لە پڕۆسەکە تێگەیشتوون بەڵام مەرج و ڕێساکانمان ڕێگە نادات کە ئەم بارە بەشێوەی خۆکارانە و بێ ڕەزامەندی بەکارهێنەر چالاک بکرێت بەڵکو دەبێت مۆبایلەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و وەک هەر ئەپێکی دیکە مامەڵە بکات لەگەڵ ئەپی هەڵسەنگێنەرەکە، سەبارەت بەمەش کۆمپانیای هواوەی بەڵێنیدا کە لە نوێکاری EMUI 9.0ـدا باری Performance Mode بە خواستی بەکارهێنەر بێت و لە هەر کاتێکدا بەکارهێنەر ئارەزووی کرد بەکاریبهێنێت.

بۆچوونت چییە سەبارەت بە ڕوونکردنەوەکەی کۆمپانیای هواوەی؟ ئایا بە کارێکی ئاسایی دەزانیت بە هۆی ئەپێکی دیاریکراوەوە خێرایی پڕۆسێسەر بگاتە کۆتا ئاست؟ لە لێدوان ڕای خۆت لەم بارەیەوە بڵێ.

بۆچونی تۆ