سامسۆنگ 11, ئه‌یلول 2018

بە پێی DxOMark مۆبایلی گالەکسی Note 9 دووەم باشترین کامێرای هەیە – بۆچی؟

پێش ئەوەی مۆبایلی گالەکسی Note 9 ڕابگەیەنرێت، هەمووان بڕوایان وا بوو ئەم مۆبایلە بەرامبەر مۆبایلەکانی تر باشترین کامێرای دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەمیشە کامێرای مۆبایلەئاستبەرزەکانی سامسۆنگ لە باشترین جۆرەکان بوون. بەڵام ئێستا بە پێی ماڵپەڕی Dxo بێت، ئەو ماڵپەڕەی کامێرای مۆبایلەکان هەڵدەسەنگێنێت، گالەکسی Note 9 لە دوای مۆبایلی هواوەی P20 Pro بە جیاوازی ٦ خاڵ دووەم باشترین کامێرای هەیە لە جیهان.

پێش هەموو شتێک ئەوەت بیر بێت دەکرێت ئەم ماڵپەڕەهەڵسەنگێنەرە بکەوێتە ژێر کاریگەری کۆمپانیاکانەوە و ناکرێت وەک سەرچاوەیەکی تەواو سەیر بکرێت بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی کامێرای کۆمپانیاکان. ماڵپەڕی بەناوبانگ Android Authority ئاشکرای دەکات و دەڵێت دەکرێت لە ڕابردوودا کۆمپانیای سامسۆنگ پارەی بە ماڵپەڕی DxoMark دابێت تا دەستکاری پێداچوونەوەکانی گالەکسییەکان بکات و خاڵێکی زۆرتریان بداتێ، بەڵام هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەمە نییە. ئەمەش بەسەر هەموو کۆمپانیاکانی دیکە دەشکێتەوە نەوەک تەنیا سامسۆنگ.

دەربارەی بەهێزی و توانای کامێراکانی هەردوو مۆبایلەکە، گالەکسی Note 9 ١٠٧ خاڵی بە دەستهێناوە و لەم بوارەدا HTC U12+ بەزاندووە بەڵام هێشتا بە جیاوازی چەند خاڵێک هێزی کامێرای هواوەی P20 Pro بەهێزترە. جگە لەوەی هەڵسەنگاندنەکە خۆی لە ڕەنگ و ڕووناکی و پێکهاتەی وێنەکان دەبینێتەوە. ئەمەش تاقیکردنەوەیەکی ڕووناکییە بۆ مۆبایلەکانی هواوەی P20 Pro و گالەکسی Note 9:

ماڵپەڕی DxoMark لە توانای گالەکسی Note 9 دەڵێت کامێرای مۆبایلەکە ڕێکخستنێکی بەرزی هەیە لەگەڵ زوومێکی پێشکەوتوو بە توانای ٤ ئەوەندە. هەروەها توانایەکی بەرزی هەیە بۆ وێنەگرتنی پۆرترەیت کە بە تەواوی ڕاستەقینە دەردەکەوێت. بەڵام ئەوەش دەڵێت کە کامێرای گالەکسی Note 9 هەمیشە بە تەواوی باشترین وێنە پێشان نادات و لە هەندێک شوێنی ڕووناکدا هەندێک پێکهاتەی دیمەنەکان لە دەست دەدات.

هەرچۆنێک بێت گالەکسی Note 9 خاوەن یەکێکە لە باشترین کامێراکانی ئێستا، بەڵام ڕیزبەندی دووەمی وەرگرتووە ئەویش تەنیا بە پێی تاقیکردنەوەکانی ماڵپەڕی DxoMark. بۆیە ئەم تاقیکردنەوەیە نابێتە هۆکارێک بۆ ساردکردنەوەی هەوادارانی سامسۆنگ بەڵکو کڕینی گالەکسی Note 9 و بەکارهێنانی دڵخۆشکەر دەبێت چونکە خاوەن کامێرایەکی ئاستبەرزە.

بۆچونی تۆ