ڕێنمایی
11, ئەیلوول 2018
چۆنیەتی داواکردنی Verification واتە سەحە شینەکە بۆ هەژمارەکەت لە ئینستەگرام

بێگومان هەبوونی هەژمارێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە سەلمێندراوبێت لەلایەن ئەو تۆڕەوە گرنگیەکی تایبەتی هەیە لەلای خاوەنەکەی، چونکە هۆکارە بۆ زیاتر سەلماندنی دروستی ناوەڕۆکەکەی. زۆربەی زۆری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەژماری کەسە بەناوبانگ و میدیا دیارەکان و ئەو هەژمار و پەڕانەش کە لایک و فۆڵەوەری زۆریان هەیە دەسلەمێنن واتە Verifiy دەکەن، بە شێوە باوەکەی خۆمان سەحە شینەکە وەردەگرێت.
بێگومان پڕۆسەی وەرگرتنی ئەم سەحە شینە لە تۆڕێکەوە بۆ تۆڕێکی تر دەگۆڕێت، بۆ نمونە لە تویتەر ئاسانترە وەکو لە فەیسبووک. بەم بۆنەیەوە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو ئینستەگرام سەلماندن واتە وەرگرتنی سەحە شینەکەی لەسەر تۆڕەکەی کردۆتەوە و بە ئاسانی دەتوانیت داوای سەلماندن بکەیت.
چۆنیەتی داواکردن:
دڵنیایی بکەوە لەوەی دوایین وەشانی ئینستەگرام لەسەر ئامێرەکەت دابەزێندراوە. دەتوانیت لەسەر ئای ئۆ ئێس یان ئەندرۆید داوای سەلماندن بکەیت. پێویستە وێنەیەکی دروستی پێناسێکی خۆت لەسەر مۆبایلەکەت هەبێت بۆ نمونە پاسپۆرت.
ئێستا ئەپی ئینستەگرام بکەوە و بچۆ بۆ پڕۆفایلەکەت. پەنجە بە سێ هێڵەکە واتە دوگمەی لیست دابگرە و بڕۆ بۆ Settings، پاشان بچۆ بۆ بەشی Request Verification واتە داواکردنی سەلماندن، بە واتایەکی تر سەحە شینەکە.
وەکو لە وێنەکەی خوارەوە دیارە لە خوار Username ناوی بەکارهێنەرەکەت هەیە، ئێستا پێویستە لەخوار Full Name ناوی خۆت وەکو چۆن لەسەر ئەو پێناسەی بەنیازی بەکاریبهێنێت بنوسە. ئینجا پەنجە بە Choose File دابگرە بۆ هاوپێچکردنی پێناسەکەت بۆ نمونە پاسپۆرتەکە.

دواتر پەنجە لە دوگمەی Send بکە بۆ ناردنی داواکاریەکەت. ئێستا پێویستە لەسەرت ئارام بگریت تا وەڵامت دەدەنەوە. لەڕاستیدا هیچ کاتێکی دیاریکراو نییە کە ئینستەگرام داینابێت بۆ وەڵامدانەوەی داواکاری سەلماندن. بیرمان نەچێت جگە لە پاسپۆرت، دەتوانیت مۆڵەتی شۆفێری و هەر پێناسێکی تری فەرمی بەکاربهێنێت.
شایەنی ئاماژەیە، لەبەرئەوەی هەمووان دەتوانن ئێستا داوای سەلماندنی هەژمارەکانیان بکەن و سەحە شینەکە وەرگرن، ئەوا هیچ دڵنیاییەک نییە کە سەت لە سەت هەمووان هەژمارەکانیان بسەلمێندرێت. چونکە لە ڕاستیدا پڕۆسەکە زۆر ئاسانە و ناچێتە ژیریەوە هەموو هەژمارێک بسەلمێندرێت.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
[…] لە ڕێگەی ئەم بەشەوە دەتوانیت داواکاری پێشکەش بە ئینستەگرام بکەیت بە مەبەستی بەدەست هێنانی باجی شین واتە سەحە شینەکە. لە ڕاستیدا لە دوای پێشکەش کردن مەرج نییە پێت ببەخشرێت چونکە بە هەموو کەسێک نابەخشن. بۆ ئەوەی داواکاری پێشکەش بکەیت پێویستە بچیتە Settings پاشان Request Verification، کە لەم بابەتە بە وردی باسکراوە، کرتە بکە بۆ کردنەوەی. […]