ئەپ و نەرمەکاڵا 15, ئه‌یلول 2018

ئەپی Youtube Kids ئامرازی نوێی بۆ هاوکاریکردنی دایک و باوکان بۆ زیادکرا

لە مانگی ٤ی ئەمساڵ، گووگڵ ڕایگەیاند کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی گرنگ بۆ ئەپی یوتیوبی منداڵان واتە Youtube Kids بەردەست دەکەن، بە مەبەستی زیاتر پێدانی کۆنتڕۆڵ بە دایک و باوکان تا بتوانن دەست بەسەر ئەو ناوەڕۆکە دابگرن کە منداڵەکانیان لە یوتیوبی منداڵان دەستیان پێ دەگات. بوونی بژاردەی دیاریکردنی هەر کەناڵێک یان ڤیدیۆیەک لەسەر هەژمارەکەت ئێستا بەردەستە، هەروەک ئەزموونێکی نوێش بۆ منداڵانی تەمەن بەرز.

لە ئێستادا سێ ئاستی پێشاندانی ناوەڕۆک هەیە، یەکەم “Younger” کە ئاستی بنچینەییە و لە بنچینەدا گووگڵ ئەوەی دیاریکردووە، دووەم “Older” کە ئاستێکی نوێیە و بۆ ئەو منداڵانەیە کە تەمەنیان لە نێوان ٨ بۆ ١٢ ساڵانە. ئاستێکی تر بریتییە لە “Approved Content” کە دەست بەسەردارگرتنی تەواو دەداتە دایک و باوکان لە دیاریکردنی ناوەڕۆک بۆ منداڵەکانیان.

ئەم ئاستانەش لە پڕۆپایلی منداڵەکە لەناو ئەپی Youtube Kids دەردەکەون. شایەنی باسە ئاستی “Approved Content” خۆکارانە بزوێنەری گەڕان واتە Search ناچالاک دەکات. ئەمەش بۆ ئەوەی کە دایک و باوکان بەگوێرەی گونجاوی ناوەڕۆک بۆ منداڵەکانیان دیاری بکەن.

لە ئێستادا، ئەم ئامرازانە بۆ ئەپی Youtube Kids لە ئەمەریکا بۆ ئەندرۆید بەردەستن و بە پێی تێپەڕبوونی کات بە وڵاتانی تریش دەگات و لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ ئای ئۆ ئێسیش بەردەست دەبن.

لەم لینکەوە Youtube Kids دابگرە.

بۆچونی تۆ