بیروڕا 21, ئه‌یلول 2018

چەرخی ئایفۆن لێرەوە کۆتایی دێت

بیرمە یەکەمجار بەهۆی تامەزرۆییم بۆ فێربوون و شارەزایی لە سیستەمەکان، ئایپۆدێکی تاچی ٢ جیم کڕی و دەستم بە بەکارهێنانی سیستەمی ئای ئۆ ئێس کرد و ئەو کات دانم بەوە دانا، کە بەڵێ ئەمە شۆڕشە لە سیستەمی مۆبایلە زیرەکەکان. ئیتر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و ساڵ لە دوای ساڵ پەرەی سەند. دەرئەنجام ئایفۆن و ئایپۆد و ئایپادیش لەگەڵیدا بەرەو پێش چوون. بێگومان، زۆر دڵخۆشبووم چونکە من زۆر بێزاربووم لە سیستەمەکەی نۆکیا ناسراو بە سیمبیان، کە ئێستا نەماوە و کۆتایی بە گەشپێدانی هێندراوە. بە بەراورد بە سیمبیان شتێکی نوێ بوو و ئیتر لەو کاتەوە تا ئێستاش لە بەرهەمەکانی ئەپڵ و سیستەمەکانیشی دانەبڕاوم، چ ئای ئۆ ئێس یان ماک ئۆ ئێس بێت.

لەو کاتەوە ئەپڵ لە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی بازاڕبووە و ویستوویەتی پشکی شێر بۆ خۆی بێت، بەڵام لە ڕاستیدا و لەگەڵ دەرکەوتنی سیستەمی ئەندرۆید و گەشەسەندنە بەردەوامەکانی وردە وردە ئەپڵ دەست بەسەرداگرتنی بازاڕی لە دەست دا و ئامێری نایاب ساڵانە شان بە شانی ئایفۆن ڕادەگەیەندران. هەتا ئێستاش بەردەوام لەلایەن کۆمپانیا جیهانییە بەناوبانگەکانەوە مۆبایلی نایاب بەرهەمدەهێندرێن. لەوانە، سامسۆنگ، هواوەی، شاومی، ڤیڤۆ، ئێچ تی سی، گووگڵ، سۆنی… هتد. تەنانەت کۆمەڵە تەکنەلۆژیایەک لەو مۆبایلانە دەبینرێت کە هێشتا ئەپڵ دەستی بە بەکارهێنانی نەکردووە یان زۆر دوای ئەوان دەستی بە بەکارهێنانی کردووە.

من ئەو کاتەی دەستم بە بەکارهێنانی سیستەم ئای ئۆ ئێس کرد، ئەندرۆید هەبوو بەڵام لە سەرەتاکانیدا هەژاری پێوە دیاربوو لە زۆر ڕووەوە و ئەمەش شتێکی ئاساییە. بۆ نمونە لە ڕووی بەردەسبوونی ئەپ و بوونی ئەپی پێشکەوتوو بۆ ئەندرۆید، بەڵام نەوەستانی گووگڵ و پەرپێدانە بەردەوامەکانی بۆ ئەندرۆید وای کرد کە مۆبایلی نایابیش بێنە مەیدان و بەمەش جێ بە ئایفۆن لەق بکەن. پێم وایە، لە وەشانی شەشیەوە ئەندرۆید بوو بە ئەندرۆیدێکی تر و چێژێکی تری بەخشی بە مۆبایلە کارکردووەکانی ئەو سیستەمە.

لە ڕاستیدا، بەلای منەوە زۆری و بەردەستبوونی ئەپ هەمیشە گرنگ بووە بەڵام ئەم گرفتە لەم دوواییانە لە ئەندرۆیدیش کۆتایی پێهات و زۆرترین ئەپ لە ئێستادا بۆ ئەندرۆید لە گووگڵ پلەی بەردەستن. کەواتە لەمەودوا چیتر ناچارنین تەنها و تەنها بگەڕێینەوە بۆ ئایفۆن، چونکە چەندین ئامێری ناوازەی ئاست بەرز بە دیزاین و تایبەتمەندی بەرزەوە بە سیستەمی ئەندرۆید بەردەستن. نمونەی زیندوو: گالەکسی ئێس ٩ و هواوەی پی ٢٠ پڕۆ و شاومی می ٨ و می میکس ٢ ئێس و ئێڵجی جی ٧ و زنجیرەی ئێچ تیسی یو و هەروەها وەن پڵەس ٦ و چەندانیش تریش.

باسەکەی من لەسەر دوایین ڕاگەیاندنی ئەپڵە، کە ٣ ئایفۆنی ڕاگەیاندن و ئەوانیش iPHone Xr و iPhone Xs وiPhone Xs Max بوون. ئەوەی جێگای تێرامانی من بوو بریتبوو لە هەمان ستراتیژی ئەپڵ کە ساڵانێکە پەیڕەوی دەکات. ئەو ستراتیژیەتەی کە هەمیشە لە ڕاگەیاندنی ئەو مۆبایلانەی پیتی Sـیان پێوە بووە تەنها لەناو خۆدا گۆڕانکاریان تێداکراوە و بەس! ئەوەتا ساڵی پار ئەپڵ گیان ئایفۆنی ١٠ی لەسەر بەکارهێنەران تاقیکردەوە و بۆی دووپات بۆیەوە کە ئەم جۆرە دیزایینە خەڵک دەیەوێت ئینجا هەنگاوی تری نا. ئەوەتا ئەمساڵ جگە لەوەی ئایفۆن ١٠ ئێس کە هەرهەمان ئایفۆن ١٠یە، ئایفۆنێکی گەورەتری بە ڕوونمای ٦.٥ ئینج بەناوی iPhone Xs Max ڕاگەیاند، ئەویش تەنها گەورەترە بە پێچەوانەوە هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ برا بچوکەکەی نییە.

ئایفۆنێکی تریشی ڕاگەیاند، گوتم ئۆخەیش ئەوە چۆن بوو ئەپڵ بیری لە نرخی کەم کردەوە! کەچی هەر لەگەڵ ئەو کاتەی ڕایگەیاند بێ هیوای کردین، چونکە ڕوونماکەی LCDـیە و ڕوونیەکەی هێندە نزمە توانای لێدانی نێوەڕۆکی Full HD نییە، بەداخەوە! ئەمە جگە لەوەی هەمان ئەو ڕوونمایەیە کە کاتی خۆی لە ئایفۆنی ٤ لە ساڵی ٢٠١٠ بەکاری هێناوە لە ڕووی چڕیەوە، چونکە ڕوونماکەی ئایفۆنی ٤ـیش ٣٣٠ پێکسڵ بوو لە ئینجێکدا! ئەمە داهێنانەکەی ئەپڵە کە شانازی پێوە دەکات! ئەمە جگە لەوەی ئەم مۆبایلە ڕووکەی هەمووی بە پێی ئەپڵ بێت ڕوونمایە، بەڵام کە سەرەنجی بدەن لێوارەکانی هێندە زۆرن بێزاردەبیت لێی! کەواتە هەژار خۆمان ئەوە بەرهەمە هەرزانەکەی ئەپڵە کە نرخەکەی لەسەرووی ٧٥٠ دۆلارەوەیە! کە من دەتوانم لەگەڵ بڕێکی تر دوو Mi 8ی شاومی پێ بکڕم و بۆ خۆم لێی پاڵدەمەوە ، چونکە بەڕاستی ناچارنیم مۆبایلێک بکڕم کە ڕوونماکەی ڕوونی نەگاتە Full HD و بەو نرخە زۆرەش.

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە نرخە زۆرەکانیەتی لەکاتێکدا ئەپڵ باش دەزانێت ڕکابەری زۆر زۆری لە بازاڕدا هەن و هێشتاش هەر هەمان قسە دووبارە دەکاتەوە ئەگەر مۆبایلێکی چاکت بوێت دەبێت پارەی باشیش بدەیت. بەڵام ئێمەی بەکارهێنەر مۆبایلی چاکیشمان دەوێت و پارەی زۆریش نادەین چونکە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لە نرخی ٤٠٠ دۆلار بۆ ٧٠٠ دۆلار مۆبایلێکی ئاست بەرزی نایاب دەکڕیت کە بە سیستەمی ئەندرۆید کاردەکات و ئەندرۆیدش ئەو ئەندرۆیدەی جاران نییە چیتر.

هەر لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەو سێ بەرهەمەی، بەکارهێنەران بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەوە بووین کە بەرهەمە تازەکانی ئەپڵ دوو سیمکاردبن. بەڵێ دوو سیم کاردن بەڵام یەکێکیان لە جۆری eSimـە کە لەم بابەتەم ڕوونم کردۆتەوە چییە (کرتە بۆ کردنەوەی بابەتەکە) و ئەوەی تریش سیمکاردی ئاسایی دەکەیتە ناویەوە. ئەمە هەرچەند ئاماژەیان بەوە کرد ئایفۆنێکی تایبەت بە چین دروست دەکەن کە جێگەی دوو سیمکاردی ئاسایی هەبێت بەڵام ئایا ئەمە بۆ وڵاتانی تر دەبێت؟ لە وەڵامدا دەڵێین جارێ ڕوون نییە. ئەوەی من دەمەوێت ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە ئەم دوو سیمکاردییە لەلای برادەرانی بەکارهێنەری ئەندرۆید کۆنبووە ئەپڵ گیان، ئێوە تازە بەخەبەردێن و مۆبایلی دوو سیمکاردمان بۆ دروست دەکەن! بەڕاستی سەرم سوڕما و داهێنان بەردەوامە.

لە ڕاستیدا، گومانم نیە کە ئەپڵ خاوەن داهێنانی خۆیەتی چ لە ڕووی هاردوەیر واتە ڕەقەواڵە یان سۆفتوەیر واتە نەرمەواڵەوە بێت، بەڵام بەداخەوە چەرخ و سەردەمەکەی جاران نەما بڵێن خۆ تەنها خۆمانین و بە ئارەزووی خۆتان هەنگاو بنێن. ئەپڵ وریابە تەنانەت براندە چینیەکانیش دەوریان لێداویت و هاتوونەتە ڕیزی براندە باوەڕپێکراوەکان و بوونەتە جێگەی متمانەی بەکارهێنەران. ئەوەتا هواوەی و شاومی و زی تی ئی و ڤیڤۆ لە زۆربەی داهێنانەکان لە پێشتەوەن. پێویست بە بەڵگەش ناکات بەڵکو بەرهەمەکانیان و بەرەوپێشچوونەکانیان گەواهیە بۆ قسەکانم.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم، کە لێرە لە کوردستان خەڵکی بە گشتی بەلایەنی زۆرەوە تا ٥٠٠ دۆلار دەتوانن بە مۆبایل بدەن لەوە زیاتر بێت نایکڕن، جا لەبەرئەوەی بژاردەیەکی زۆر لەو مۆبایلانەی پشتبەستوون بە ئەندرۆید لەو نرخە بەردەستن، ئەوا خەڵکی کوردستان ناچار نین بیر لە ئایفۆن بکەنەوە. بەداخەوە دەڵێم، ئەپڵ لە ئەمەریکا خزمەت بە بەکارهێنەران دەکات و توانیویەتی بۆ خۆی گلیانبداتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی چەندین بەرنامەی باشی پێشکەش بە بەکارهێنەران کردووە لەوانە Trade in your iPhone یان بە بەش بەش پارەکە بدەیت واتە مانگانە و چەندین شتی تریش، کە ئێمە لێی بێ بەشین و سودێکی ئەوتۆیان نییە بۆ ئێمە.

بە کورتی، کە گلەیی و گازندەکانم بنوسم بە وتارێک و دوو وتار تەواو نابن، بەڵام لێرەوە دەمەوێت بڵێم چەرخ و سەردەمی ئایفۆن کۆتایی دێت و پێویستە خەڵکی پێش ئەوەی ئەم هەموو پارەیە بدەن بە ئایفۆنێک بیر لەم هەموو بژاردەیە بکەنەوە لە براندەکانی تر کە لە بازاڕدا هەن و هەمان ئاست و تایبەتمەندی و بگرە باشتریش پێکەش دەکەن.

تاگەکان Opinion
بۆچونی تۆ