مۆبایل و تابلێت 22, ئه‌یلول 2018

بەراوردێک لە نێوان Huawei P20 Pro و iPhone 7 Plus کە لە نرخدا هاوشانی یەکترن

لەوانەیە بەلاتانەوە سەیربێت بەڵام بەڵێ وایە، ئایفۆن ٧ پڵەسێکی ١٢٨گب کە ٢ ساڵ زیاترە ڕاگەیەندراوە نەک هەر هاوشانی پی ٢٠ پڕۆیەکی ١٢٨گبە لە نرخدا بەڵکو لە ڕاستیدا کەمێک گرانتریشە! نرخی هواوەیەکە نزیکەی ٦٣٠ دۆلار و هی ئایفۆنەکە نزیکەی ٧١٠ دۆلارە! بەهەرحاڵ با بێینە سەر بەراوردەکەمان.

  • ‌هێز و خێرایی: ئایفۆنەکە بە پڕۆسێسەری A10 Fusion کاردەکات و خاوەن ٣گب ڕامە و هواوەیەکە بە Kirin 970 کار دەکات و خاوەن ٦گب ڕامە، هەرچەندە ئایفۆنەکە بە گشتی مۆبایلێکی زۆر خێرا و بە توانایە و تەنانەت لە لایەنی GPU و گرافیک هیچی لە هواوەیەکە کەمتر نییە بەڵام لە لایەنی CPU و هێشتنەوەی ئەپەکان لەناو میمۆری(ڕام)دا بە کراوەیی هواوەیەکە باشترە.
  • کامێرا: پێویست ناکات زۆر لەسەر ئەمەیان قسە بکەین چونکە بە پێی زۆرینەی سەرچاوە جیهانییەکان پی ٢٠ پڕۆ خاوەن باشترین کامێرایە لەناو مۆبایلە زیرەکەکان نەوەک تەنها لە ٧ پڵەس باشتربێت، بەپێی ماڵپەڕی DXOmark کامێرای پی ٢٠ پڕۆ ١٠٩ خاڵ و هی ئایفۆنەکە ٨٨ خاڵیان پێدراوە، شایەنی باسیشە کامێرای iPhone X ٩٧ خاڵی پێدراوە!
  • کامێرای پێشەوە: هواوەیەکە خاوەن ڕوونییەکی بەرزترە و تیرەی چاوەکەی فراوانترە و بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای Leicaی ئەڵمانی پەرەی پێدراوە.
  • بەرگەگرتنی پاتری: بەپێی هەریەک لە ماڵپەڕەکانی GSMarena و Tom`s guide لەم ڕووەوە هواوەیەکە باشترە ئەمەش چاوەڕوانکراوە لە کاتێکدا فروانی پاترییەکەی زۆر زیاترە، شایەنی باسیشە ئەو بارگاویکەرەوەیەی لە پاکەتی ئایفۆنەکەدایە هێزی ٥ واتی هەیە و زۆر هێواشە لە کاتێکدا هی هواوەیەکە ٢٢.٥ واتە و زۆر خێرایە.
  • ڕوونما: هەرچەندە ڕوونمای هواوەیەکە بە شێوەیەکی بەرچاو گەورەترە بەڵام مۆبایلەکە بەهۆی کەمی لێوارەکانی لە ئایفۆنەکە بچوکترە لە درێژیش و پانیشدا، ٨٢٪ی ڕووی پێشەوەی هواوەیەکە بە ڕوونما داپۆشراوە و ئایفۆنەکە تەنها ٦٧.٧٪ی، ڕوونمای ئایفۆنەکە لە جوانترین و پێشکەوتووترین ڕوونماکانی LCDیە و خاوەن 3D Touchیشە بەڵام ڕوونمای هواوەیەکە لە جۆری Amoledە و لە نیشاندانی ڕەنگەکان و بەکارهێنانی بەر تیشکی خۆر باڵادەستە، هەردووکیان ڕوونییان فوول ئێچ دییە.

بەداخەوە هیچ کام لە مۆبایلەکان دەرچەی تایبەت بە بیستۆک و پشتگیری بیرگەی دەرەکییان نییە بەڵام هەردووکیان بڕوانامەی IP67یان هەیە بۆ بەرگری بەرامبەر ئاو و تۆز، ئایفۆنەکە تەنکترە بەڵام کێشی زیاترە، هواوەیەکە پشتگیری دوو سیم کارد دەکات و IR Blasterی هەیە بۆ بەکارهێنان وەک ڕیمۆت کۆنتڕۆل، پشتی ئایفۆنەکە کانزا و هی هواوەیەکە شووشەیە، ئایفۆنەکە بە iOS و هواوەیەکە بە ئەندرۆید و ڕووکاری EMUI کار دەکەن.

ئەگەر ٧٠٠ دۆلار بدەیت بە مۆبایل کامیان هەڵدەبژێریت؟

بۆچونی تۆ