شاومی 23, ئه‌یلول 2018

کۆمپانیای شاومی هەستاوە بە پیشاندانی ڕیکلام لە ڕێکخستنی مۆبایلەکانی و چەند ئەپێکی دیکەیدا

کۆمپانیای شاومی چینی لە ماوەی ڕابردوودا هەستاوە بە دانانی ڕیکلام لە ڕووکاری بەکارهێنەری MIUIـی تایبەت بە مۆبایلە کارکردووەکانی سیستمی ئەندرۆید، ئەم کارەی کۆمپانیاش ئاشکرا بوو کاتێک یەکێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی Reddit ناڕەزایەتی دەربڕی دەربارەی بوونی ڕیکلام لە سەرجەم ئەپەکانی ڕووکاری MIUI وەک ئەپی ڕێکخستنەکان و تەنانەت ئەپی تایبەت بە کارپێکەری مۆسیقاش، لەم بارەیەوە ماڵپەڕی The Verge هەستا بە پەیوەندی کردن بە کۆمپانیای شاومی و ئەم حاڵەتەی پێ ڕاگەیاند، لە وەڵامدا کۆمپانیای شاومی ڕوونیکردەوە کە دەرکەوتنی ئەم ڕیکلامانە تەنها لە مۆبایلە کارکردووەکانی ڕووکاری MIUIـن و ئەو مۆبایلانە ناگرێتەوە کە کار بە سیستمی وەگەڕخەری Android One دەکەن.

هەروەها کۆمپانیاکە وتیشی ڕیکلامەکان بەشێکی جیانەکراوەیە لەو خزمەتگوزاریانەی کۆمپانیای شاومی پێشکەشی بەکارهێنەرانی دەکات چونکە ئەمە پێکهاتەیەکی سەرەکیە لە نموونەی کارەکانی کۆمپانیاکە، لە هەمان کاتیشدا ژمارەیەک هەڵبژاردە پێشکەشی بەکارهێنەر کراوە هەتاوەکو بتوانێت ڕیکلامەکان ڕابگرێت یان کات و شوێن و ژمارەی ڕیکلامەکان دیاریبکات، چونکە شێوازی ڕیکلامەکان نابێت بەشێوەیەک بێت بەکارهێنەر بێزار بکات و هەمیشە مافی ئەوەی هەیە کە کەمترین ڕێژە لە ڕیکلامەکان ببینێت.

سەرەڕای ئەوەش کۆمپانیاکە بەوە ناسراوە کە نرخی مۆبایلەکانی زۆر کەمە بە بەراورد بە زۆرێک لە کۆمپانیاکانی دیکە چونکە کۆمپانیاکە کەمترین ڕێژەی دەستکەوتی لەسەر مۆبایلەکانی داناوە باشترین نمونەش بۆ ئەمە مۆبایلە نوێیەکەتی Pocophone F1 کە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی بەهێزە و نرخێکی زۆر کەمی هەیە، هەر بۆیەش دانانی ڕیکلام لە ڕووکاری کارپێکەری مۆبایلەکانیدا کارێکی ئاساییە، سەبارەت بە ڕیکلامەکان بەکارهێنەرێک ڕەخنەی گرتووە و دەڵێت کە هەستاوە بە ناچالاک کردنی هەڵبژاردەی پیشاندانی ڕیکلامەکان بەڵام ڕیکلامەکان بەردەوام پیشان دەدرێت و ئەمەش لە لای ئەم بەکارهێنەرە شێوازێکی بێزارکەرە.

شایەنی باسیشە کۆمپانیای شاومی تاکە کۆمپانیا نییە کە بەم کارە هەستابێت بەڵکو هەندێک لە کۆمپانیاکانی دیکەی وەک سامسۆنگ لە ماوەی ڕابردوودا تۆمەتبار کرابوو بە بێزارکردنی بەکارهێنەران لە ڕێگەی ئەپەکانی Bloatware هەرچەندە لەوانەیە وەک ڕیکلام دەرنەکەوێت بەڵام بە هەمان شێوە لایەنی خراپی هەیە لەسەر مۆبایلەکە.

بۆچونی تۆ