ئەپڵ
27, ئهیلول 2018
مۆبایلی iPhone Xs Max نازناوی باشترین ڕوونمای لەلایەن DisplayMateـەوە پێ بەخشرا

لە دوای ئەوەی ڕوونمای گالەکسی نۆوت ٩ لە مانگی ڕابردوودا بووە خاوەنی باشترین ڕوونما لەلایەن DisplayMateـەوە، ئەمڕۆ ڕوونمای iPhone Xs Max ئەو نازناوەی لێ وەرگرتەوە و دەستەی DisplayMate نازناوی باشترینیان بە iPhone Xs Max بەخشی.
ڕوونمای iPhone Xs Max بە ڕوونمایەکی ناوازە و نایاب دێتە هەژمار، کە ڕوونمایەکی ئۆلێدە و قەبارەی ٦.٥ ئینجە. لە ڕاستیدا، گەورەترین ڕوونمایە تا ئێستا ئەپڵ لە مۆبایلەکانی بەکاریهێنابێت. شایەنی باسە، پێگەی DisplayMate ڕەنگەکانی ڕوونمای ئەم ئایفۆنەیان بە 0.8 JNCD پێوانەکردووە بە بەکارهێنانی کۆمەڵە ڕەنگی DCI-P3، کە لەو تەلەڤیزیۆنانە بەکارهاتووە کە کار بە ڕوونی UHD 4K دەکەن. هەروەکو ڕوونمای ١٠ ئێس ماکس ڕێژەی تیشکدانەوەی تەنها ٤.٧% بووە.
لە کاتی بەراوردکردنی ئەو ئەنجامانەی iPhone Xs Max لەگەڵ Galaxy Note 9، دەرکەوت کە نۆوت ٩ دروستی و ڕوونی ڕەنگەکانی تەنها 0.5 JNCDـە. هەروەها ئاستی ڕووناکیش لەسەر ئایفۆن ١٠ ئێس ماکس باشترە، کە توانیویەتی ٧٢٥ نیت* لەسەر ڕوونمای سەرەکی (Home Screen) بەدەست بهێنێت، لە کاتێکدا نۆوت ٩ تەنها ٧١٠ی بەدەست هێناوە لە ژێر هەندێک دۆخ و ڕێکخستندا.
ئەمە لە کاتێکدا، گالەکسی نۆوت ٩ توانیویەتی لە رێژەی تیشکدانەوە بەسەر ئایفۆن ١٠ ئێس ماکس سەربکەوێت، ئەویش بە ڕێژەی تەنها ٤.٤%، و نابێت بیرمان بچێت بۆ تیشکدانەوە هەتا ڕێژەکە کەمتربێت بە باشتر دێتە هەژمار.
*nit: یەکەیەکە بۆ پێوانی ڕووناکی.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!