مایکرۆسۆفت ئۆفیس
27, ئهیلول 2018
مایکرۆسۆفت بە فەرمی Office 2019ـی بۆ ماک و ویندۆز وەشاند

کاتێک دێتە سەر بواری نەرمەواڵە، ماکیرۆسۆفت هەمیشە یەکێک بووە لە پێشەنگەکان. مایکڕۆسۆفت خاوەنی کۆمەڵێک ئەپی ناوازەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا خزمەتیان بە ملیۆنان بەکارهێنەر کردووە لەسەرتاسەری جیهاندا. تەنانەت بەرهەمی بۆ سیستەمە وەگەرخەرەکانی تریش هەیە، لەوانە ماک و ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس. وەکو هەموو ساڵێک، ئەمجارەش مایکڕۆسۆفت بە رشتی کاری لەسەر کۆمەڵە ئەپەکانی ئۆفیس کردووە و بەم بۆنەیەوە ئەمڕۆ بە فەرمی نوێترین وەشانی ئەپەکانی Office 2019ـی بۆ ماک و ویندۆز بڵاوکردەوە.
بەشێوەیەکی بنچینەیی، ئۆفیسی ٢٠١٩ کۆمەڵێک لە تایبەتمەندی لاوەکی لەخۆی دەگرێت کە بۆ Office 365 زیادکراون، هەروەک لەم وەشانەدا تایبەتمەندی بۆ هەریەکە لە Word و Excel و PowerPoint و Outlook و Project و Visio و Access و Publisher زیادکراون.
بۆ نمونە لە پاوەرپۆینتدا، تایبەتمەندی Morph و Zoom زیادکراون، کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدەن پریزێنتەیشنی نایاب دروست بکەن. هەروەها لە ئیکسێڵدا چەندین کردار و هێڵکاری و چاکسازی بۆ PowerPivot زیادکراون. ئەمە سەرباری ئەوەی نوێکاریش بۆ تایبەتمەندی Data Analysis کراوە، کە هەواڵێکی خۆشە بۆ توێژەران.
دەربارەی وێرد و ئاوتلوک، کۆمپانیا تایبەتمەندی Text Spacing و Read Aloud زیادکردوون. ئەم تایبەتمەندییانە هاوکارن لە دروستکردنی ناوەڕۆکی ناوازە و سەرەنجڕاکێش. هەروەها دۆخی Focus کە هاوکارە لە یارمەتیدانی بەکارهێنەر لەوەی سەرەنجی نەڕوات بەلای شتی تردا.
شایەنی باسە نرخی ئۆفیسی ٢٠١٩ بریتیە لە ٢٤٩,٩٩ دۆلار بۆ هەریەکە لە بەکارهێنەرانی کار (Business) و ماڵەوە (Home).
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!