جۆراوجۆر 7, تشرینی یه‌كه‌م 2018

کێبڕکێی نێوان کواڵکۆم و هواوەی لە مەیدانی پڕۆسێسەرە ئاست مام ناوەندەکان

پێم خۆشە لەم بابەتە باس لە کێبڕکێی نێوان کواڵکۆم و هواوەی بکەم لەسەر ئاستی پڕۆسێسەرە مام ناوەندەکان لە چارەکی دووەمی ٢٠١٧ەوە تاوەکوو ئێستا، لەو چارەکەدا هواوەی پڕۆسێسەری Kirin 658ی ڕاگەیاند بە ٨ ناوکی Cortex-A53 و GPUی Mali-T830 MP2 بە تەکنەلۆژیای ١٦ نانۆمەتر، هەر لە هەمان چارەکدا کواڵکۆم پڕۆسێسەریSnapdragon 630ی ڕاگەیاند کە بە هەمان شێوە خاوەن ٨ ناوکی Cortex-A53بوو بەڵام بەهۆی لەرەلەری بەرزتری ناوکەکان CPUەکەی توانایەکی کەمێک لە CPUی Kirin 658 باشتربوو، بەڵام ئەوەی بە تەواوی شایەنی باسە ئەوەیە GPUەکەی کە Adreno 508ە نزیکەی دوو هێندەی GPUی Kirin 658 بەهێزبوو!

هەر لە هەمان چارەکدا Snapdragon 660 ڕاگەیەندرا بەڵام لە ڕووی نرخی ئەو مۆبایلانەی لەسەریان بەردەستە لە ئاستێکی جیاوازدایە لە Kirin 658 و 659 و نایهێنینە ئەم بەراوردە، هەر لە هەمان چارەکدا و دوای ئەوەی Kirin 658 تەنها لە یەک مۆبایلدا بەکارهات Kirin 659ش ڕاگەیەندرا بە وەشانی بلوتوث ٤.٢ لەبری ٤.١ بەڵام هێشتا لە پاش Snapdragon 630بوو کە پشتگیری بلوتوث ٥ی دەکرد، و لەسەر ئاستی CPUش کەمێک باشتربوو لە Kirin 658 و هاوشانی SD630بوو و هەرچەندە لەسەر ئاستی GPUش کەمێک لە Kirin 658 بەهێزتربوو بەڵام هێشتا زۆر لەپاش SD630بوو.

لە کاتێکدا کواڵکۆم خۆی باڵادەستی بوارەکەبوو چارەکی دواتر هێندەی تر تواناکانی خۆی نیشاندا و SD636ی ڕاگەیاند بە ٤ ناوکی Kryo 260 Gold کە لەسەر Cortex-A73 بنیاد نراوە و ٤ ناوکی Kryo 260 Silver کە لەسەر Cortex-A53 بنیاد نراوە، بەمەش توانی جارێکی دیکە لەسەر ئاستی CPU پێش هواوەی بکەوێتەوە، هەروەها پڕۆسێسەرەکە خاوەن GPUی Adreno 509بوو کە بە بڕێکی ئێجگار کەم لە Adreno 508ی SD630 باشتربوو.

دواتر و لە چارەکی چوارەمی ٢٠١٧ هواوەی هیچ پڕۆسێسەرێکی نوێی نەبوو تاوەکوو وەڵامی کواڵکۆمی پێ بداتەوە و ڕێگایەکی تری گرتە بەر ئەویش جێگیرکردنی Kirin 659بوو لەسەر کۆمەڵێک مۆبایلی نرخ هەرزانی وەک Honor 9 Lite و P Smart، بە شێوەیەک هەرزان کە دەتوانین بڵێین کێبڕکێیان لەگەڵ چینەکانی سەرەوەی زنجیرەی Snapdragon 400 دەکرد! بەمەش هواوەی توانی ڕێژەیەکی باش لە بازاڕی مۆبایلە ئاست نزم بۆ مام ناوەندەکان لای خۆی بهێڵێتەوە و تەنانەت گەشەش بکات.

دواتر و لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ هواوەی هەر بەردەوامبوو لەسەر جێگیرکردنی Kirin 659 لەسەر مۆبایلەکانی بە شێوەیەک کە لە کوردستان بۆ نمونە Nova 3e و P Smart کە تا ماوەیەک لەمەوبەر جیاوازی نرخیان نزیکەی ١٠٠ دۆلاربوو بە هەمان پڕۆسێسەر کاریان دەکرد! بێگومان Nova 3e لە زۆر ڕووەوە لە P Smart باشترە بەڵام کێشەکە ئەوەیە نەیدەتوانی بەو پڕۆسێسەرەوە کێبڕکێی پڕۆسێسەری زۆرێک لە مۆبایلە هاونرخەکانی بکات و کار گەیشتبووە ڕاددەیەک کە هەموو هەوادارانی هواوەی و میدیا تەکنەلۆژییەکان بێزاربووبوون لە نەبوونی پڕۆسێسەرێکی نوێ لە لایەن کۆمپانیاکە و دووبارە و سێبارە و چواربارە بەکارهێنانەوەی Kirin 659! هەرچەندە لەسەر ئاستی مۆبایلە هەرزانەکانی وەک P Smart و Honor 9 Lite زۆر گونجاوبوو و خاڵێکی لاواز نەبوو بۆیان بەڵام بۆ مۆبایلێکی وەک Nova 3e و بەو نرخەوە کە هەیبوو و نزیکی ٣٠٠ دۆلاربوو خاڵێکی لاوازبوو!

لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ Snapdragon 632 ڕاگەیەندرا بەڵام تا ئێستا لەسەر هیچ مۆبایلێک جێگیر نەکراوە، هەروەها Snapdragon 710 ڕاگەیەندرا کە یەکەم پڕۆسێسەری زنجیرەی Snapdragon 700ە و ئامانجی ئەوەیە زۆرترین تایبەتمەندی ئاست بەرز بە نرخێکی ئاست مام ناوەند پێشکەش بکات، کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەم پڕۆسێسەرە ئەوەیە کە تاوەکوو ئێستا لەسەر ٨ مۆبایل جێگیر کراوە بەڵام هیچیان لێرە بەردەست نین!

دواتر و لە چارەکی پێشوو هەر زوو هواوەی وەڵامی کواڵکۆمی دایەوە و Kirin 710ی ڕاگەیاند بە تەکنەلۆژیای ١٢ نانۆمەتر و CPUیەک کە پێکهاتووە لە ٤ ناوکی Cortex-A53 و ٤ی A73، هەروەها خاوەن GPUی Mali-G51 MP4ە، هەرچەندە Kirin 710 هێندەی Snapdragon 710 بەهێز و پێشکەوتوو نییە بەڵام خاڵی بەهێزی هواوەی لەوەدایە کە هەر زوو مۆبایلەکانی بە جیهاندا بڵاودەکاتەوە و ئێستا لە کوردستان هەریەک لە Nova 3i و Honor 8X بەردەستن و خاڵێکی بەهێزی دیکەی هواوەی هەرزانی نرخە! Honor 8X نرخی تەنها ٢٤٩ دۆلارە و بەم زووانە (Y9(2019ش بە هەمان پڕۆسێسەر و نرخێکی هەرزانتر بەردەست دەبێت!

لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین کواڵکۆم Snapdragon 670شی ڕاگەیاند تاوەکوو بە نرخێکی هەرزانتر لە SD710 کێبڕکێی Kirin 710 بکات بەڵام کێشەی ئەو پڕۆسێسەرەش ئەوەیە تەنها لەسەر دوو مۆبایل جێگیرکراوە تاوەکوو ئێستا و هیچیان لە کوردستان بەردەست نین!

هواوەی کە چەند مانگێک لەمەوبەر بەدەست لاوازی پڕۆسێسەری مۆبایلە ئاست مام ناوەندەکانی دەیناڵاند ئیستا بەهۆی Kirin 710ەوە زۆر بە بەهێزی گەڕاوەتەوە! بۆچوونی ئیوە چییە لەسەر ئەم کێبڕکێیە؟

تێبینی: بابەتەکە بە پشت بەستن بە Wikipedia و GSMarena نوسراوە.

بۆچونی تۆ