10
هەواڵ 30, تشرینی یه‌كه‌م 2012

|لیکدانەوەی هەواڵ| ڕۆیشتنی سکۆت فرۆستاڵی سەرۆکی بەشی iOS لە کۆمپانیای ئەپڵ و کاریگەرییەکانی.

ئەم کەسایەتییە سەرەتا لە کۆمپانیای نێکست کاریکردووە و دواتر لەلایەن ئەپڵ لە ساڵی ١٩٩٧ بانگهێشتکرا و بووبە ئەندازیاری بەشی سیستەمی ماک و دوا بەدوای کارکردنێکی زۆر لە کۆمپانیا لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە دەبێتە ئەندامی دەستەی بەڕێزەبردنی بەشی سیستەمی ئایفۆن و لەچەندین کۆنگرە دەردەکەوێت و بەشداری لە کۆنگرەی جیهانی گەشەپێدەرانیشدا کردووە و ئەمە سەرەڕای تەواوی کارییگەری لەسەر بەرەوپێشبردنی کۆمپانیا وەکو هەموو ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی لە کۆمپانیادا.

بەڵی زۆر بەداخەوە دوێنی دووشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەم لە ڕاگەیاندراوی ڕەسمی کۆمپانیای ئەپڵدا بەجێهێشتنی ئەم کەسایەتییە ڕاگەیاندرا کە لە بەهاری ساڵی داهاتوو کۆمپانیای ئەپڵ بەجێ دەهێلێت و دەست لەکاردەکێشێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە پێشبینی ئەوەم دەکرد خۆی کاندید بکات بۆ بوونە بەڕێوەبەری سەرەکی کۆمپانیای ئەپڵ لەساڵانی داهاتوو بەڵام وا دیارە ئەم خەونە خەیاڵ بوو و لەناو کۆمپانیا بێ هاوتاکەی وەکو ئەپڵیش شتی وەها ڕوودەدات کە خەڵکانێکی بەتوانای وەکو سکۆت لەدەست خۆیان بدەن. ئەمە لەکاتێکدایە نە تەمەنێکی وەهای هەیە بڵێی ناتوانێت کاربکات یان بڵێیین هەڵەیەکی ئەنجام دابێت. ئەگەر بڵێشین هەڵەیەکی ئەنجامداوە کە لەماوەی ڕابدروودا ئەو کێشەیە ئەپڵیکەیشنی نەخشە لە ئای ئۆ ئێس نایەوە و ڕەخنەیەکی گشتی لێکەوتەوە خۆ بەتەنها گوناهی ئەو نییە بەڵکو تەواوی کۆمپانیا بەشدارە لەبەرەو پێشبردنی ئەم سیستەمە و ئەو تەنها بەڕێەبەرێک بوو هیچی تر.

ئەم شێوازە کاریگەرییەی ئەم کەسایەتیە لە کۆنگرەکاندا نیشانی دەدا بەڕاستی سەرەنج ڕاکێش بووئەوەتا لەکاتی ڕاگەیاندنی وەشانی ئای ئۆ ئێس ٥ و ئای ئۆ ئێس ٦ و لە کۆنگرەی جیهانی گەشەپێدەرانی ئەپڵ سەری زۆربەی خەڵکی سوڕماند لەو شێوە ناوازەی ئەم کەسایەتییە پێشکەشی دەکرد، پاشان گەر سەرەنج بدەین لەسەرەتاکاندا پێش ئەوەی ئەو بەتەواوی دەست بەکاربێت لە سیستەمی ئای ئۆ ئێس ، ئەم سیستەمە زۆر هەژار بوو توانرا لەماوەیەکی کەمدا و لە ماوەی بەڕێوەبەرایەتی ئەودا بگەینرێتە ئەو ئاستەی کە ئەپڵ خۆی دەڵێت “پێشکەوتووترین سیستەمی مۆبایل لە جیهاندا” کەواتە ئەم سەرکەوتنانە لەسەر دەستی کێبوون بە دڵنیاییەوە سکۆت فرۆستاڵی دەم بەخەندەی پێشخەری سیستەمی ئای ئۆ ئێس.

دەنگۆکان ئەوە دەسەلمینن کە سکۆت زۆری لێکراوە کۆمپانیا بەجێ بهێڵێت بە هۆی ئەوەی داوای لێبوردنی نەکردووە لەسەر سەرنەکەوتنەکەی لە ئەپڵیکەیشنە تازەکەی Apple Maps کە ڕەخنەیەکی زۆری بەدوای خۆی داهێنا ، هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە زۆربەی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ئاهەنگیانە بەهۆی ڕۆیشتنی سکۆتەوە لەوانە جۆنەیثان ئیڤ و بۆب مانسفێلد و ئێدی کیو و زۆربەی ئەندازیارانیش لەو گروپە.

هەر ئەم سەرچاوانە ئەوەش دەڵێن کە فەرمانبەران زۆر دڵخۆشن کە جۆنەیثان ئیڤ و ئێدی کیو ئەم پلە تازانەیان دراوەتێ و سکۆت کۆمپانیا بەجێ دەهێلیت. ئەگەر ئەمانە ڕاست بن ئەوا بەڕاستی سپڵەیی کۆمپانیای ئەپڵ دەردەکەوێت بەرامبەر کەسایەتییەک کە ساڵانێکە شان بەشانی ئەوان خزمەت دەکات خزمەتانێک کە ناوازە و سەرەنجڕاکێش بوون.

ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین ئەگەر ڕۆیشتنی سکۆت تەنها لەبەر ئیمزانەکردنی نامەی داوایلێبووردن لە خەراپی ئەدائی ئەپی نەخشە ئەوا بەڕاستی ئەپڵ هەڵەیەکی گەورە دەکات چونکە شتەکان لسەرەتادا سادەن بەڵام کۆڵنەدان لەگەشەپێدانیان گەورەیان دەکەن. کەواتە ئەگەر ئەپڵ کەسێکی لەو باشتر و بەئەزموونتر لە جێگای سکۆت دانەنێت ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو خۆشەویستییەی ئای ئۆ ئێس لەلای بەکارهێنەران کەم دەبێتەوە و بەرەو شلۆقی دەچێت.

بۆ لێکدانەوەی ئەم هەواڵە پشتم بەم سەرچاوانە بەست:
BGR
The New York Times
GigaOM

بۆچونی تۆ