گەرمترین 9, تشرینی یه‌كه‌م 2018

گووگڵ مۆبایلەکانی Pixel 3 و Pixel 3XLی ڕاگەیاند، ڕوونمای گەورەتر و تایبەتمەندی ناوازە

لە کۆتاییدا و دوای کۆمەڵێکی زۆر لە زانیاری دزەپێکراو گووگڵ بە فەرمی مۆبایلە نوێیەکانی ڕاگەیاند.

ڕوونمای هەردوو مۆبایلەکە لە جۆری Oledە و قەبارەی ڕوونمای Pixel 3XL ٦.٣ ئینجە بە ڕوونی QHD+ و مۆبایلەکە ڕاگر(Notch)ێکی زۆر گەورەی هەیە، بە پێچەوانەوە Pixel 3 هیچ ڕاگرێکی نییە و لە هەمان لاشەی Pixel 2ی پاردا ڕوونمایەکی ٥.٥ ئینج جێگا دەکاتەوە چونکە لێوارەکانی بچوکترە و ڕوونییەکەشی FHD+ە، ڕوونمای هەردوو مۆبایلەکە پشتگیری HDR و پێبوونی هەمیشەیی(Always on) و دۆخەکانی ڕەنگ(Color modes) دەکەن، ڕوونما و پشتی مۆبایلەکان پارێزراوە بە شووشەی Corning gorilla glass 5.

فراوانی پاتری 3XL ٣٤٣٠ میللی ئەمپێر/کاتژمێر و هی برا بچوکەکەی ٢٩١٥ میللی ئەمپێر/کاتژمێرە و دەتوانرێت بە توانای ١٠ وات لە لایەن بارگاویکەرەوی بێ وایەر یان بە توانای ١٨ وات لە لایەن کەیبڵی مۆبایلەکانەوە بارگاوی بکرێنەوە.

ڕەقەکاڵای کامێرای دواوەی مۆبایلەکان نەگۆڕڕاوە، لە یەک هاوێنە پێکهاتووە بە ڕوونی ١٢.٢ مێگاپیکسڵ و قەبارەی پیکسڵی ١.٤ مایکرۆمەتر و تیرەی چاوی f/1.8، تایبەتمەندییە نوێیەکان لە لایەنی نەرمەکاڵادان وەک تایبەتمەندی Top shot کە سیستەمێکی زیرەکی دەستکردە بەردەوام کۆمەڵێک وێنەی زۆر دەگرێت و باشترینیان هەڵدەبژێرێت کە تیایدا هەمووان زەردەخەنەیان کردبێت و چاویان کراوەبێت، دۆخی Photoboothیش زیادکراوە کە خودکارانە وێنەت دەگرێت کاتێک زەردەخەنە دەکەیت یان دەموچاوێکی گاڵتەئامێز نیشان دەدەیت، Super res zoomیش تایبەتمەندییەکی دیکەیە کە قەرەبووی نەبوونی دوانە کامێرا دەکاتەوە و وردەکاری زوومی دیجیتاڵ باشتر دەکات، کامێراکە هێشتا توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی نییە بە ڕوونی 4K بە شێوەی ٦٠ وێنە لە چرکەیەکدا و تەنها توانای [email protected]ی هەیە، تایبەتمەندی fused video stabilizationیشی هەیە بۆ تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی لە کاتی جووڵە و ڕؤیشتنیشدا.

مۆبایلەکان لە دواوە یەک کامێرایان هەیە بەڵام لە پێشەوە دوو کامێرای ٨ مێگاپیکسڵیان هەیە، یەکێکیان ٧٥ پلە فراوانە و تیرەی چاوەکەی f/1.8ە، ئەوەی دیکەش ٩٧ پلە فراوانە تاوەکوو بێ کێشە سێڵفی لەگەڵ هاوڕێیانت بگریت.

مۆبایلەکان خاوەن بڵندگۆی دوانەیی ستێریۆن کە بە وتەی گووگڵ ٤٠٪ لە پیکسڵەکانی پێشوو دەنگیان بەرزترە و هەرچەندە مۆبایلەکە دەرچەی تایبەت بە بیستۆکی نییە بەڵام بیستۆکی Pixel earbudsی لەگەڵە کە لە دەرچەی Type-Cەوە پەیوەست دەکرێت و دەتوانێت فرمانی دەنگی وەربگرێت و نامەکانت بخوێنێتەوە و وەرگێڕانی ڕاستەوخۆش بکات، وایەرێکی بچوکیش لەناو پاکەتی مۆبایلەکان هەیە تاوەکوو بیستۆکەکانی خۆت لە جۆری ٣.٥مم بەکاربهێنیت ئەگەر ویستت.

هەردوو مۆبایلەکە بە پڕۆسێسەری Snapdragon 845 کاردەکەن بەڵام خێرایی ناوکەکان بە بڕی ٠.٢ گێگاهێرتز کەم کراونەتەوە بۆ کەمتر بەکاربردنی وزە، هەروەها خاوەن ٤گب ڕامن کە لەمڕۆدا لە مۆبایلە مام ناوەندەکان دەبینرێت نەوەک ئاست بەرز، بەڵام ئەم دوو مۆبایلە بە ئەندرۆیدی خام کاردەکەن کە خێرایە و ئاستێکی بێ وێنە پێشکەش دەکات لەچاو ڕەقەکاڵای بەکارهاتوو لەگەڵیدا، مۆبایلەکان بە بیرگەی ناوەکی ٦٤گب و ١٢٨گب بەردەستن و پشتگیری بیرگەی دەرەکی ناکەن.

مۆبایلەکان بڕوانامەی IP68یان هەیە و پارێزراون لە ئاو و تۆز و ١٩ی ئەم مانگە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ڕەنگەکانی ڕەش و سپی و Not pink(وا دیارە گووگڵ دەیەوێت خۆمان بڕیار بدەین چ ڕەنگێکە) بەردەست دەبن و لە ٨٠٠ دۆلار بۆ Pixel 3 و ٩٠٠ دۆلار بۆ 3XL دەست پێدەکەن.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ