سۆنی
10, تشرینی یهكهم 2018
سۆنی دادگایی ئەمریکیەک دەکات بە تۆمەتی شکاندنی بۆ پاراستنی ئامێرەکانی PS4

بێگومان ئامێرەکانی PS4 ناسراون و بەکارهێنەرێکی زۆری لە خۆیان کۆکردووەتەوە، هەر بۆیەش لە کاتی بڵاوبوونەوەی یاریەکی نوێ پێویستە لەسەرت یاریەکە بکڕیت هەتاوەکو بتوانیت یاری بکەیت و چێژی لێ ببینیت ئەمەش وەک داهاتێک دادەنرێت بۆ کۆمپانیای سۆنی، بەڵام کۆمەڵانێک هەڵدەستن بە شکاندن و هاککردنی پاراستنی ئەم ئامێرانە هەتاوەکو بتوانن یاریەکان بە خۆڕایی تاقیبکەنەوە، هەر بۆیەش کۆمپانیای ناوبراو لەم جارەدا هەستا بە دادگایی کردنی کەسێکی بە ڕەگەز ئەمریکی سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیا کە هەستاوە بە شکاندنی پاراستنی ئامێرەکان.
ئارێک سکێڵزی تاوانبار هەستاوە بە فرۆشتنی ئامێرەکان لە ماڵپەڕی e-Bay لەگەڵ ماڵپەڕێکی تایبەت بە خۆی و هەروەها لەگەڵیشدا ڕێبەڕێکی چاپکراو بە ئامێرەکانەوە هەیە کە فێرکاری چۆنیەتی داگرتنی یاریەکانت بە خۆڕایی بۆ ڕوون دەکاتەوە، کۆمپانیای سۆنیش لەوانەیە بڕە پارەیەکی زۆر لە تاوانبار داوا بکات لەگەڵ قەرەبوویەک لە ئەنجامی ئەم کردارەدا، شایەنی باسیشە بۆ یەکەم جارە کاری لەم شێوەیە تۆمار بکرێت لە ماوەی ڕاگەیاندنی ئامێری PS4 هەتاوەکو ئێستا کە 5 ساڵ دەکات.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.