10
فەیسبووک 12, تشرینی یه‌كه‌م 2018

هاکەرێک توانیویەتی زانیاری 29 ملیۆن هەژماری فەیسبووک هاک بکات

لە مانگی ڕابردوو، گروپێک لە هاکەران بە سوود وەرگرتن لە کەلێنێک لە بەشی View As لە فەیسبووک توانیان دەستیان بە زانیاری ڕێگەپێنەدراوی ملیۆنان هەژماری فەیسبووک بگات. ئەمڕۆ فەیسبووک ڕوونکردنەوەی تەواوی لەسەر ئەو هێرشە بڵاوکردەوە، کە بە ڕوونی چی ڕوویداوە.

بە گوێرەی ڕوونکردنەوەکەی ئەمڕۆ، هاکەرەکان توانیویانە دەستیان بە نیشانە Tokenـی ٣٠ ملیۆن هەژماری فەیسبووک بگات، کە ڕێگە خۆشکەربووە بۆ هاکەران تا دەستیان بە تەواوی پڕۆفایلی بەکارهێنەران بگات. لەم ٣٠ ملیۆنە، هاکەران توانیویانە دەستیان بە زانیاری وەکو ناو و ئیمەیڵ و ژمارە تەلەفۆنی ١٤ ملیۆن هەژمار بگات، وە بۆ ١٥ ملیۆنی تر دەستیان بە زانیاری وەکو ڕەگەز و ئاین و شوێن و زانیاری ئامێری بەکارهێنەران گەیشتووە. بەڵام بۆ ئەو ١ ملیۆنەی ماوەتەوە هیچ زانیاریەک دەستەبەر نەکراوە.

فەیسبووک بەڵێنی داوە کە هەر ٣٠ ملیۆن بەکارهێنەرەکە لە ڕێگەی ناوەندی یارمەتی Help Centerـی فەیسبووکەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئاگاداربکاتەوە. شایەنی ئاماژەیە، فەیسبووک دوپاتی کردەوە کە هیچ زانیاریەک لە ئەپەکانی لایەنی سێیەم Third Party Apps دزەی پێ نەکراوە، نمونە ئینستەگرام و وەستئەپ.

هەروەها لە ڕوونکردنەوەکەیاندا، فەیسبووکدا ئاماژە بە ڕێکەوتی ڕووداوەکە دەکات، کە یەکەم هێرش لە ١٤\٩ بووە، بەڵام تا ١١ ڕۆژ دواتر فەیسبووک وەکو هێرشێکی گوماناوی هەستی پێ نەکردووە و ڕاستەوخۆ دوو ڕۆژ دوای زانینی، فەیسبووک ئەو بەشە ناچالاک دەکات کە هاکەران لە ڕێگەیەوە هێرشەکەیان ئەنجام دابوو. هەروەک فەیسبووک ئەو حاڵەتەی بە بەکارهێنەران و لایەنی فەرمی ڕاگەیاندبوو.

بە گوێرەی پێگەی زە ڤێرج، فەیسبووک دووپاتی کردەوەتەوە، کە لە ئێستادا FBI بە وردی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەو هێرشە، بەڵام  ڕەتیان کردەوەتەوە هیچ زانیاریەکی تر لەو بارەیەوە بدەن بە پێگەی ناوبراو.

چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا زانیاری زیاتر لە بارەی ئەم هێرشەوە بڵاوبکرێتەوە و ئێمەش وەکو کەی ئای تی ئێن بە پێی پێویست هەواڵ و زانیاری بڵاودەکەینەوە.

سەرچاوە :
تاگەکان Facebook
بۆچونی تۆ