10
شاومی 25, تشرینی یه‌كه‌م 2018

مۆبایلی Mi Mix 3 بە فەرمی بە بوونی Screen Slider و 10 گێگابایت ڕام و زیاتریش نمایشکرا

لە دوای ماوەیەکی زۆر لە دەنگۆ و دزەپێکردن دەربارەی ئەم مۆبایلە، ئەمڕۆ شاومی بە فەرمی پەردەی لەسەر نەوەیەکی نوێی زنجیرەی می میکس بە ناوی Mi Mix 3 لادا، کە ئەم زنجیرەیە بە دەسپێکی شۆڕشی مۆبایلە بە نزیکی پڕ ڕوونماکان دادەنرێت.

کۆمپانیای شاومی بە شێوەیەک ئەم مۆبایلە نوێیەی دیزاینکردووە کە باشترین ئەزموونی ڕوونمای پڕ و هەروەها ئەزموونی وێنەگرتن بە بەکارهێنەر ببەخشێت، چونکە می میکس ٣، هەروەکو لە دەنگۆ و ڕیکلامە ناو بە ناوەکانی شاومی بینیمان، خاوەنی ڕوونمایەکی قەبارە ٦.٣٩ ئینجی AMOLED بە ڕوونی FHD+ واتە ٢٣٤٠x١٠٨٠ و بێ نۆچە و کامێرای پێشەوەی دووانە کامێرایە، و هەروەک لە هەمان کاتیشدا هی پشتەوەیشی دووانەیە.

بە دەستهێنانی ئەم ڕێژە زۆرەی ڕوونما کە ٩٣.٤%یە بە هۆی ئەوەیە ئەم مۆبایلە Screen Sliderـی هەیە، واتە بەشی پشتەوەی بۆ سەرەوە بەرز دەکرێت و دەجوڵێندرێت، کە بەهۆیەوە کامێرا و چەند بەشێکی تر لەسەرەوە مۆبایلەکە دەردەکەون. ئەم سلاید کردنە موگناتیسییە و ٣٠٠ هەزار جار تاقیکردنەوەی بۆ بەرگەگرتن بۆ کراوە، تا بسەلمێندرێت هیچ شتێک لە کاتی سلایدکردنەکە تێکناچێت و ناپچڕێت، ئەمە هەرچەندە من پێم وایە سلاید لە کۆندا زۆر سەرکەوتوو نەبوو، نازانم لە ئێستادا بۆ ئەم بیرۆکەیە دەگەڕێیننەوە و بە چ پێوەرێک لە بیرۆکە کۆنەکە جیاوازە و بەرگەی کاری ڕۆژانەی بەکارهێنەر دەگرێت. شایەنی باسە، دەتوانیت دەنگی جیاجیا بۆ کاتی سلایدکردنەکە و دەتوانێت کرداری جیاجیاشی بۆ دابنێیت، بۆ نمونە، وەڵامدانەوەی پەیوەندی تەلەفۆنی یان کردنەوەی ئەپێک.

چوارچێوەی ئەم مۆبایلە لە زنجیرە ئەلەمنیۆمی ٧٠٠٠ دروستکراوە لەگەڵ بوونی سیرامیک بۆ بەشی پشتەوەی. ئەم مۆبایلە بە سێ ڕەنگ بەردەست دەبێت، ئەوانیش: سەوزێکی شینباو، یاقوتی شین و ڕەش. هەروەها جۆرێکی تایبەتیش “Forbidden City Palace Museum” کە بە ڕامی ١٠ گێگابایت دەبێت و گرانترینی ئەم زنجیرەیە دەبێت.

تایبەتمەندییەکانی  Mi Mix 3:

هەروەکو چاوەڕوانکراوە لە مۆبایلە ئاستبەرزەکانی ئەم ماوەیە، می میکس ٣ـیش بە سناپدراگۆن ٨٤٥ بەهێزکراوە بە ڕامی ٦ و ٨ و ١٠ گێگابایت، و بیرگەی تا ٢٥٦ گێگابایت. هەروەها پاتریەکی گونجاویش بە توانستی ٣٢٠٠ ملی ئەمپێر بە بوونی تەکنەلۆژیای خێرا بارگاویکردنەوە. هەروەک مۆبایلەکە پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی وایەرلێس دەکات و لەناو پاکەتی مۆبایلەکەش خۆشبەختانە کەلەسەری بارگاوی کردنەوەی ١٠ واتی هەیە.

لەسەر بەشی پشتەوەی ئەم مۆبایلە، کامێرایەکی دوانە هاوێنەیی هەیە، کە سەرەکیەکەیان ١٢ مێگاپێکسڵە و دووەمیشیان لە جۆری تێلەفۆتۆیی ١٢ مێگاپێکسڵییە کە دووجار نزیککردنەوەی هەیە بۆ کاتی وێنەگرتن. هەروەکو زۆربەی مۆبایلە ئاست بەرزەکان، کامێراکانی خاوەنی دۆخی پۆرترەیت و AI و Studio Lighting و چەندان تایبەتمەندی ترە. کامێرای پێشەوەی ئەم مۆبایلە دوانەییە، کە سەرەکیەکە ٢٤ مێگاپێکسڵە و دانەکەی تر ٢ مێگاپێکسڵە بۆ مەبەستی پێدانی قوڵی Depth بۆ وێنەی Portrait.

شایەنی ئاماژەیە، کامێرای ئەم مۆبایلە لەگەڵ ڕاگەیاندنی لەلایەن دەستەی DxoMark هەڵسەنگێندراوە و ١٠٣ خاڵی پێدراوە، کە دەتوانن لەم بەستەرەوە بە وردی لەسەر هەڵسەنگاندنەکە بخوێننەوە.

سەرباری ١٠ گێگابایت ڕام، می میکس ٣ مۆدێلێکی تایبەتی دەبێت پشتگیری لە ڕایەڵەی 5G دەکات، کە ئەم جۆرەیان لە سەرەتای ٢٠١٩ بەردەست دەبێت.

نرخی ئەم مۆبایلە بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:

ئەم مۆبایلە هەر ڕاستەوخۆ لە دوای نمایشی بۆ داواکاری پێش وەختە بەردەستە و نرخەکان بە نزیکەیی بریتیین لە:

  • ڕامی ٦ گێگابایت\ بیرگەی ١٢٨ گێگابایت= ٤٧٥ دۆلار
  • ڕامی ٨ گێگابایت\ بیرگەی ٢٥٦ گێگابایت= ٥٧٥ دۆلار
  • ڕامی ١٠ گێگابایت\ بیرگەی ٢٥٦ گێگابایت= ٧٢٠ دۆلار بەڵام چاوەڕوان دەکرێت نرخی لە دەرەوەی چین زیاتر بێت.
سەرچاوە :
تاگەکان mi MiMix3
بۆچوونەکان
بۆچونی تۆ