10
ئەپڵ 25, تشرینی یه‌كه‌م 2018

ئیتاڵیا سزا بەسەر سامسۆنگ و ئەپڵ بە هۆی هێواشکردنەوەی ئامێرەکانیان دەسەپێنێت

ئیتاڵیا هەریەک لە ئەپڵ و سامسۆنگ ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی لەم دواییانە لێکۆڵەرێکی ئیتاڵی بۆی دەرکەوتووە نوێکردنەوەی سیستەمە وەگەرخەرەکان کاریگەری لەسەر توانستی مۆبایلە زیرەکەکان دروست دەکەن بە شێوەیەکی بەرچاو، کە پێیان وایە ئەمە کاریگەری لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی فرۆشتنی مۆبایلە نوێکانی ئەو کۆمپانیایانە دەکات. بەم بۆنەیەوە، سزای ١٠ ملیۆن یۆرۆ (١١.٥ ملیۆن دۆلار) بەسەر ئەپڵ و  ٥ ملیۆن یۆرۆ (٥.٧ ملیۆن دۆلار) بەسەر سامسۆنگ سەپێندراوە بەهۆی پلانی ئەو کۆمپانیایانە لە هەمبەر کەمکردنەوەی توانای ئەو مۆبایلە زیرەکانە.

دۆخەکەی سامسۆنگ، زیاتر بە هۆی گالەکسی نۆوت ٤ بووە کە بەکارهێنەران لە ٢٠١٦ لە کاتی داگرتنی نوێکردنەوەی ئەندرۆید ٦ مارشماڵۆو، ڕووبەڕووی کێشەیەکی زۆر دەبنەوە و لێکۆڵەری ئیتاڵیش پێی وایە ئەمە هەمووی بە هۆی ئەوەوە بووە سامسۆنگ ویستوویەتی ڕەقەواڵەیەکی کۆن بە نەرمەواڵەیەکی نوێ بەگەڕبخات و بەمەش بەکارهێنەرانی نۆوت ٤ ناچارکراون بە بەکارهێنانی مۆبایلەکانیان بە بوونی کێشە و هێواشی کارکردن.

هەر بە گوێرەی هەمان لێکۆڵەر، تەنانەت سامسۆنگ هەستاوە بە چاککردنەوەی ئەو مۆبایلانەشی لە دەرەوەی گەرەنتی بوون، کە بەهۆی مارشماڵۆو توشی کێشە بووبوون. ئەوەتا ئەمڕۆ بەهۆی ئەم کێشەوە سامسۆنگ دەبێت ئەو بڕە پارەیەی ئاماژەی پێدرا وەکو سزا بدات.

ئەمە لە کاتێکدا، ئەپڵ پێویستە دوو هێندەی ئەو بڕە بە سزا بدات کە سامسۆنگ بەسەریدا سەپێندراوە، چونکە لە لێکۆڵینەوەکە دەرکەوتووە ئەپڵ دوو جار بەکارهێنەرانی خەڵەتاندووە.

یەکەم حاڵەت، حاڵەتی کوژانەوەی ڕاستەوخۆی ئایفۆن ٦ بوو لە دوای بەرزکردنەوەی بۆ ئای ئۆ ئێس ١٠، کە ئەپڵ لە سەرەتای ئەم وەشانەدا سنوردارکردنی ئامێرەکانی بەبێ ئاگادارکردنەوەی بەکارهێنەران بەکارهێنابوو.

ئەمە سەرباری ئەوەی، کە ئەپڵ بەهۆی نەتوانینی لە پێدانی زانیاری دروست و ڕاست بە بەکارهێنەران سەبارەت بە تایبەتمەندییە سەرەتاییەکانی پاتری مۆبایلەکانیان، بۆ نمونە تێکڕای تەمەنی پاتری، یان تێکچوون و لە کارکەوتنی. هەروەها ناڕێکی گۆڕینی پاتری زنجیرە مۆبایلی ئایفۆن ٦ و ٦ ئێس بە مەبەستی هێشتنەوەی توانستی ئەم ئامێرانە و تەواو گونجاویان بۆ کارکردن، بەهۆیەوە ئەپڵ ڕووبەڕووی سزایەکی ١١.٤ ملیۆن دۆلاری لەلایەن حکومەتی ئیتاڵیەوە بۆتەوە.

لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە سزایانە نابنە هۆی مایەپووچی ئەو کۆمپانیا گەورە و پێشەنگانە لە بواری خۆیاندا، بەڵام لەوانەیە لە ڕووی شکۆی براندەوە کاریگەری زۆریان لێ بکات.

تۆ وەکو بەکارهێنەران لە هەمبەر ئەم حاڵەتانە ڕات چییە؟ لە کاتی بیستنی ئەم جۆرە هەواڵانە کاریگەریت لێ دەکات بە گۆڕین بۆ براندێکی تر؟

سەرچاوە :
تاگەکان Apple Samsung
بۆچونی تۆ