وێبداڕشتن

مۆبایلی OnePlus 6t بە فەرمی بە تایبەتمەندی پەنجەمۆری ژێر ڕوونما و ڕامی 8 گێگابایت و زیاتریش نمایشکرا

دوای ژمارەیەک لە دەنگۆ و دزەپێکردن، ئەمڕۆ کۆمپانیای وەنپڵەس بە فەرمی پەردەی لەسەر مۆبایلی OnePlus 6t لادا. بێگومان ئێمە وەکو کەی ئای تی ئێن ڕووماڵی چرکە بە چرکەی کۆنگرەکەمان کرد لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانمان و لەم بابەتە پوختەی نمایشی مۆبایلەکە و گرنگترین ڕاگەیاندنەکان دەخەینە ڕوو.

لە کۆنگرەکە بە فەرمی وەنپڵەس ٦ تی و چەند بەرهەمێکی لاوەکی لەلایەن وەپڵسەوە نمایشکران. وەنپڵەس ٦ تی لە نێوەڕۆکدا زۆر لە وەنپڵەس ٦ دەچێت، بەڵام پەنجەمۆرەکەی لەسەر پشتەوە نەماوە و لە ژێڕ ڕوونما دایناوە و خێرایی کردنەوەی مۆبایلەکە ٠.٣٤ چرکەیە. بێگومان فراوانی داگیرکردنی نۆچەکەی کەمکردووەتەوە بۆ ڕێژەیەکی زۆر کەم. دەرچەی بیستۆکی 3.5mm نەماوە و پاتریەکەی بووەتە ٣٧٠٠ ملی ئەمپێر و توانستی کامێراکەی باشتر کراوە. نرخی لە ٥٤٩ دۆلارەوە دەست پێدەکات و لە ١ی مانگی داهاتوو لە ئەمریکا بەردەست دەبێت و لە ٦ی مانگ لە ئەوروپا بەردەست دەبێت.

لە ڕاستیدا، نرخەکە ٦ گێگابایت\١٢٨ بیرگەی ناوخۆیی کەمێک لە جۆری ٦٤ گێگابایتی وەنپڵەس ٦ زیاترە، بەڵام بۆ بیرگەکانی تر نرخەکە وەکو خۆی ماوەتەوە.

پوختەی تایبەتمەندییەکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

  • پڕۆسێسەر: سناپدراگۆن ٨٤٥ بە خێرایی ٢.٨ گێگاهێرتز
  • ڕوونما: ٦.٤١ ئینج لە جۆری ئەمۆلێد
  • پاتری: ٣٧٠٠ ملی ئەمپێر و پشتگیری لە خێرایی بارگاویکردنەوە دەکات
  • کامێرای پێشەوە: ١٦ مێگاپێکسڵ لە جۆری هەستەوەری سۆنی IMX 371
  • کامێرای پشتەوەی: ١٦ مێگاپێکسڵ بە بوونی f/1.7 Sony IMX 519 w/EIS + OIS + ٢٠ مێگاپێکسڵ بۆ کامێرای دووەم بە هەستەوەری Sony IMX 376K.
  • سیستەمی وەگەرخەر: ئەندرۆید ٩ پای
  • ڕەنگەکان: ڕەشی نیوەشەو Midnight Black، ڕەشی ڕەونەقدار Mirror Black
  • نرخ: ٦ گێگابایت ڕام\ ١٢٨ بیرگەی ناوخۆیی: ٥٤٩ دۆلار – ٨ گێگابایت ڕام\ ١٢٨ بیرگەی ناوخۆیی: ٥٧٩ دۆلار – ٨ گێگابایت ڕام\ ٢٥٦ بیرگەی ناوخۆیی: ٦٢٩ دۆلار
  • بەرگەی ئاو و تۆز دەگرێت.

هەروەها لە ڕووی نەرمەواڵەوە، وەنپڵەس گۆڕانکاری لە ئەزموونی بەکارهێنەر کردووە و Navigation Gestures V2.0ی ڕاگەیاند، هەروەک چاوەڕوان دەکرێت هەمان شتیش بۆ وەنپڵەس ٦ بەردەست بکرێت. گۆڕانکارییەکان بریتین لە دۆخی Nightscape بۆ وێنەگرتنی نایاب لە تاریکی کەمدا، هەروەها Smart Boost بۆ ئەزموونێکی باشتری فرەکاری لەسەر مۆبایلەکە.

شایەنی باسە، هەر لە کۆنگرەکەدا وەنپڵەس بە فەرمی ڕەنگێکی تازەی لە Bullet Wireless ڕاگەیاند کە نرخەکەی ٦٩ دۆلارە، هەروەها جانتایەکی پشتی بەناوی Oneplus Explorer Backpack بە نرخی ٩٩ دۆلار ڕاگەیاند، و بیستۆکێکی جۆری USB-C بە نرخی ١٩.٩٥ دۆلار ڕاگەیاند.

ئەمانەی خوارەوە کۆمەڵێک وێنەن لە کۆنگرەکەوە:

29 تشرینی یه‌كه‌م، 2018
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1170